ژنانی سیاسەتمەدار: بەشداری ژنان لە پێگە باڵاکانی پارتەکان لە ئاستێکی خراپدایە

ژنە سیاسەتمەدارانی هەرێمی کوردستان دەڵێن بەشداری ژنان لە پارتە سیاسیەکانی باشوری کوردستان لە ئاستێکی خراپدایە و بە شێوەیەک نییە پێگەی ژن لە پرۆسەی سیاسیدا بکاتە پیگەیەکی کاریگەر، دەشڵێن ژنان بۆ جوانکردنی پارتەکان بەکاردەهێنرێن نەک باشترکردنی.

ناوەندی هەواڵ

 

تا دەچێت ڕەخنەی ژنانی سیاسەتمەدار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر دەبێت و ماوەی ٢٨ ساڵە لە هیچ شاندێکی سیاسی و دیبلۆماسیدا پێگەی ژنان بەرچاو نەگیراوە، پەرلەمانتار و سیاسەتمەدارانی ژن لە حیزبەکانی هەرێمدا پارتەکانیان وەک چەسپێنەری پیاوسالاری تاوانبار دەکەن و دەڵێن تەنها ٪١٠ ژنان لە هەرێمی کوردستاندا لە ئیرادەی سیاسی پارتەکاندا جێ دەگرن.

کوێستان محەمەد ئەندامی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان و وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی سەبارەت بە گرنگی بوونی ژن لە ناوەندەکانی بڕیاردانی پارتە سیاسیەکان دەڵێت گرنگە ژن لە سەرکردایەتی مەکتەب سیاسییەکانی پارتەکاندا لە ناوەندەکانی بڕیارداندا بێت، چونکە بڕیاری پارتەکان لە ناوەندی بڕیاڕی پارتە سیاسیەکاندا دەدرێن، بۆیە کاتێک ژن بە ڕێژەیەکی بەرچاو لەناو مەکتەب سیاسی پارتەکاندا بوونی هەبێت، کاریگەری دەبێت لەسەر بڕیارەکانی پارتەکەی، بەتایبەت بڕیارە نیشتیمانی و نەتەوەیەکان یان ئەو بڕیارانەی پەیوەندی بە پرسی ژنەوە هەیە، ئامادەی ژنیش لەناو سەرکردایەتی پارتەکان پەیوەستە بە بەشداریکردنی ڕێژەیەکی زۆر لە ژن لەناو لایەنە سیاسیەکان، لە کاتی هەڵبژاردنە ناوخۆیەکاندا ژنان دەتوان بگەنە پێگەکانی ناوەندی بڕیاردان، بۆیە پێویستە ژنان ڕۆڵی سیاسی خۆیان بگێڕن لەناو پارتە سیاسیەکاندا بۆ بە دەستهێنانی ئەو ئامانجەی کە خەباتی بۆ دەکەن.

پەیمان عیزەدین نوسەر و یاساناس ئاماژەی بۆ ڕێژەی بەشداری کردنی ژنان کرد لە پارتە سیاسیەکان و وتی لە جیهاندا بە پێی ئامارەکان دوو ڕیژەی جیاوازی بەشداریکردنی ژنان وەک ئەندامی پارت و بوونی بە سەرکردە و لە شوینی بڕیاری سیاسیدا هەیە، لە جیهاندا بە هەرێمی کوردستانیشەوە رێژەی بەشداری ژنان وەک لایەنگر و ئەندام ٪٤٠ بۆ ٪٥٠ یە، ئەمەش وەک ئەندام ڕێژەیەکی باشە، بەڵام بەشداری ژن لە ئۆرگانەکانی بڕیاری پارتەکان ٪١٠ بۆ ٪٢٠ ە. ئەم ڕێژەیەش زۆر کەمە، لە کوردستان ئەم ڕێژەیە ناگاتە ٪١٠، بۆیە ئەم بەشداری کردنە بە بەشداری کردنێکی ڕاستی دانانرێت، ئاستی بەشداری کردنی ژنان لەناو پارتەکاندا بە بڕوای من دەبێت بە پیێ ڕێژەی بەشداریکردنی ژن لە شوێنی بڕیار و دروستکردنی بڕیاری پارتەکەیدا لێکبدرێتەوە، ئاستی بەشداریکردنی ژنان لە پارتەکانی باشوری کوردستان بەشدارییەکی زۆر خراپە، لەو ئاستەدا نییە کە پێگەی ژن لە پرۆسەی سیاسیدا بکاتە پێگەیەکی کاریگەر.

کارگێڕی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەندام پەرلەمانی خولی پێشووی هەرێمی کوردستان شیلان جەعفەر پێیوایە کە بەشداری ژنان لە بوارە سیاسیەکاندا لە ئێستادا زۆر باشترە لە سەردەمانی پێشوتر، هەروەها ڕێکخراوی یەکێتی ئافرەتانی کوردستانی وەک هۆکارێک بۆ بە دەستهێنانی مافەکانی خۆی باسکرد، کە لەو ڕێکخراوەدا چەندین ژنی وەک ناهیدەی شیخ سەلام، بەهیە مەعروف، درەخشانی شێخ سەلام، سورەیا خان، ست شەفیقە کە کاریان کردووە، بۆ هۆشیار کردنەوەی ژنان لە بواری نەهێشتنی نەخوێندەواری، کارکردن لە پارتە سیاسییەکان بۆ ئەوەی لە بونیادنانی نیشتیمانەکەی دەستی هەبێت و کار بکات بۆ سەربەخۆ بوونی.

شیلان وتیشی ژمارەی ژنەکان لە ئەندامانی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان بریتییە لە ٥ ژن، ئێمە ئەم ڕێژەیە بە باش نازانین لە جێگەی تموح و کارکردنی ئێمەدا نییە.

ئەندامەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان جەختیکردەوە کە پارتەکەی لە ئێستادا هیچ بیرکردنەوەیەکیان نییە ژنێک کاندید بکەن بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم.

ژنە سیاسەتمەدارەکان هۆکاری نەبوونی ژنان لە پلە باڵاکاندا بە کەمتەرخەمی پارتەکەیان دەزانن

کوێستان محەمەد هۆکاری ئەوەی کە ژنان ناگەنە پلە باڵاکانی پارتە سیاسیەکان و دەسەڵات ڕوون دەکاتەوە و دەڵێت هۆکاری ئەوەی کە ژنان بە ڕێژەیەکی کەم لەناو سەرکردایەتی پارتەکاندان، پەیوەندی بە ئەقڵیەتی پیاوانی ناو پارتە سیاسیەکانەوە هەیە، پێیان وایە بابەتە سیاسیەکان و کێبڕکێی لایەنە سیاسیەکان تایبەتە بە پیاوان، نابێت ژن خۆی لەم بابەتە هەڵقورتێنێ، بۆیە زۆر کەم دەبینین ژنان بگەنە مەکتەب سیاسی پارتەکان و کاریگەریان نییە لەسە بڕیارە سیاسییەکانی پارتەکان.

ئەندامەکەی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ڕەخنە لە بزوتنەوەی گۆڕان دەگرێت و تیشک دەخاتە سەر ئەوەی لەناو ڕایەڵە و مەکۆکانی بزوتنەوەی گۆڕاندا ڕێژەیەکی زۆر ژن هەیە، بەڵام ڕێژەی ژنان لەناو جڤاتی نیشتیمانی و جڤاتی گشتی لە ئاستێکی کەمدایە و لە ئاستی داواکاری ئێمەی ژنانی بزوتنەوەکەدا نییە، بە هەمان شێوە خانەی ڕاپەڕاندنیش ژنی تێدا نییە و حاڵی بزوتنەوەی گۆڕانیش لەم ڕووەوە وەک حاڵی پارتەکانی ترە.

پەیمان عیزەدین باس لەوەش دەکات کە تێڕوانینی کۆمەڵگا بۆ ژن هۆکارێکی ترە بۆ نەگەشتن بە پلە باڵاکان، چونکە تێڕوانینێکی زاڵ هەیە پێی وایە ژن بۆ جوانکردن وخۆشکرنی پارتە نەک بۆ باشترکردنی، وێنای ئەوەی لێناکرێت کە توانا و ئیرادەی ئەوەی هەبێت پارتێک بەڕێوەبەرێت و بەرەو پێشی ببات، نەبوونی ژنیش لەناو لایەنە سیاسیەکان بۆشاییەکی گەورە دروست دەکات.

شیلان جەعفەر باسی لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت کرد و ناڕەزایەتی خۆی لە بەرامبەر کۆی لایەنە سیاسیەکان دەربڕی و ڕایگەیاند لە کاتی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا لە کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکاندا بۆ پێکهێنانی حکومەت هیچکام لە لایەنەکان ژنیان بەشداری پێنەکرد، ئێمەی ژنانیش گلەیمان هەیە، چونکە ناکرێت لە کۆمەڵگایەکدا کە زۆرینەی ژنە، ژن پشتگوێ بخرێت و پیاو سالاری بچەسپێنرێت.

 

ت.پ