ژنانی سویسرا بە ڕیژەی ٪١٠٠ بەشداری دانیشتنی دووەم دەبن

لە دوای ساڵی ١٩٩١ەوە ئەنجومەنی فیدراڵی سویسرا دووەمین جارە بە بەشداری ٪١٠٠ی ژنان دانیشتنەکانی بەڕێوەدەچێت، بە پێشەنگایەتی ژنانی هاوپەیمانی ئێف لە دانیشتنی دووەمدا ئەو ڕێژەیە بەشدار دەبێت، ئامانجیشیان پیرۆزکردنی یادی ٥٠ ساڵەی بەدەستهێنانی مافی دەنگدانی ژنانە.

ناوەندی هەواڵ

 

دانیشتنی ژنان لە مانگی تشرینی یەکەم/١٠ی ئەمساڵدا لە کۆشکی فیدراڵی بەڕێوەدەچێت، کۆشکی فیدراڵی پێکدێت لە ٢٠٠ ئەندامی کۆنسەی نەتەوەیی و ٤٦ ئەندامی هەرێمەکان، هاوپەیمانی ژنانی ئێف ڕایگەیاند بەهۆی زۆری خۆکاندید کردنەوە لەو ژمارەیەی پێشبینی دەکرا، ماوەکەیان درێژ کردەوە، بە پێشەنگایەتی هاوپەیمانی ژنانی ئێف زیاتر لە ١٤٠٠ ژن خۆیان ئامادەکردووە کە بەشداری بکەن لە دانیشتنی بەرنامەی کاردا، ئاماژەش بەوەکرا لە سبەینێوە ماوەی دوو هەفتە هەڵبژاردنی ناوخۆیی کراوە دەکرێت بۆ دیاریکردنی ئەو کاندیدانەی هەڵدەبژێردرێن بەشداری دانیشتنەکە ببن، ئەوەش ڕاگەیەندرا کە هیچ پێوانەیەکی دیاری کراو بۆ هەڵبژاردنی کاندیدەکان بوونی نییە.

 

بۆچی دانیشتنی دووەم لە ساڵی ٢٠٢١دایە؟

دانیشتنی یەکەمی کۆشکی فیدڕالی لە ساڵی ١٩٩١دا بەڕێژەی ٪١٠٠ ژنان بەشداربوون تێیدا، ژنانی سویسرا ئامادەکاری بۆ ئەوە دەکەن کە دووبارە و لە ساڵی ٢٠٢١دا و لە ٥٠هەمین ساڵیادی مافی دەنگدانی ژناندا بە ڕێژەی ٪١٠٠ بەشداری دانیشتنی دووەم ببن، لە دانیشتنەکەشدا ٢٤٦ ژن لە هەموو ناوچەکانی سویسراوە گفتوگۆ لەسەر پرسی هەنگاوی خێرا بۆ بەدیهێنانی یەکسانی بکەن، کۆمسیۆنی تایبەتیش بۆ ئەو مەبەستە پێکهاتووە، ئەم بەشدارییە لە کاتێکدایە کە ژنان ڕێژەی ٪٤٢ی کۆنسەی نێونەتەوەیی پێدەهێنن.

 

دانیشتنی کۆشکی فیدراڵی لە ٢٩/٣٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا بەڕێوەدەچێت.

 

هاوپەیمانی ژنانی ئێف چییە؟

هاوپەیمانی ژنانی ئێف خۆیان وەک " دەنگی ژنان لە سیاسەتی سویسرا"دا بەناو دەکەن، هەنگاو بۆ بەدیهێنانی یەکسانی ژن و پیاو دەنێن، ئەم هاوپەیمانییە چەتری ڕێکخراوەکانی ژنانە لە سیاسییەوە تا کۆمەڵگەیی و بازرگانی، هاوپەیمانی ژنانی ئێف زیاتر لە ١٠٠ ڕێکخراوی ژنان پێکدێت کە ١٢٠ ساڵ پێش ئێستا هاوپەیمانییەتەکەیان پێکهێناوە، ژنان و پیاوانی ئەندامی حیزبە سیاسییەکانی تێدایە.

 

ت.پ