ژنانی سوەیدا پشتگیری لە داواکاری هەمووارکردنەوەی دەستوور دەکەن

ژمارەیەک لە چالاکوانان لە شاری سوەیدا جەختیان لەوە کردەوە کە ڕاگەیاندنی دەستوور پرۆژەیەکی گشتگیر نییە بۆ بونیادنان سووریای نوێ، بەڵکو سیستمی پەراوێزخستن بەرهەم دەهێنێت، بەتایبەتی دژی ئەو ژنانەی کە هەمیشە داوای ڕێژەیەکی دادپەروەرانەیان کردووە.

ڕوشێل جونیور


سوەیدا-ژنانی شاری سوەیدا پشتگیری لە داواکاری هەمووارکردنەوەی ڕاگەیاندنی دەستوور دەکەن، بە پەیامێک لەلایەن کەسایەتییەکان و دانیشتووانی شارەکەوە ئاراستەی حکومەتی کاتی کراوە، تێیدا پێویستی هەمووارکردنەوەی بەگوێرەی خواستەکانی گەلی سووریا و دەستەبەرکردنی دادپەروەری و هاووڵاتیبوون و بەشداریکردنی سەرجەم پێکهاتەکان لەبونیادنانی ئایندەی وڵاتدا پێشکەش کرا.

 

کیندا موهیثاوی، چالاکوانی مەدەنی و سیاسی وتی: لەدوای دەرچوونی ڕاگەیاندنی دەستوورەوە ڕۆژانە ڕەتکردنەوەی خۆمان دەردەبڕین، تەنانەت بەرپرسانی شاری سویدا نامەیەکیان ئاراستەی سەرۆکی حکومەتی کاتی کردووە، تێیدا جەختیان لەسەر پێویستی پێداچوونەوە بە ڕاگەیاندنەکە و دەرئەنجامەکانی کردووە، کە لەگەڵ خواستەکانی گەلی سووریادا ناگونجێت کە ٥٤ ساڵە لە دەستی ڕژێمی ئەسەدی پێشووەوە ئازاریان چەشتووە.

 

داوای دیالۆگێکی نیشتمانی گشتگیر کرد کە دەسەڵاتداران جیابکاتەوە و دادپەروەری و بەرپرسیارێتی بچەسپێنێت، پێویستە ڕۆڵی ژنان بە جدی وەربگیردرێت و بەشدارییان لە پۆستەکانی بڕیاردان لە ٤٪ بۆ ٥٠٪ بەرزبکرێتەوە.

 

سەماهر ئەنداری، لە بزووتنەوەی عەلمانی سووریا ڕایگەیاند کە ڕۆژانە هەڵوێستی خۆیان نوێ دەکەنەوە بۆ جەختکردنەوە لەسەر ڕەتکردنەوەی ڕاگەیاندنی دەستوور کە نوێنەرایەتی یەک ڕەنگ دەکات، هاوڵاتیان لە مافەکانیان بێبەش دەکات وتی: ئێمە لەگەڵ سووریایەکی یەکگرتووین لە خاک و هاووڵاتیان، ڕاگەیاندنەکە ڕۆڵ و بەشداری و ناسنامەی ژنان دوور دەخاتەوە و ئازادییە تاکەکەسییەکان سنووردار دەکات، ئێمە وەک ژنان بە یەک وشە ڕاگەیاندنی دەستوور ڕەت دەکەینەوە و دژی هەموو ئەو شتانەیەن کە پەیوەستە بە کەمکردنەوەی ڕۆڵی ژنان و دروستکردنی تایەفەگەری، هەموو جۆرە جیاکاریەک ڕەت دەکەینەوە کە دەسەڵاتدارانی نوێ هەوڵی سەپاندنی دەدەن، داوای سیستمێکی حوکمڕانی دەکەین کە ڕێزمان لێبگرێت وەک هاوڵاتییەکی یەکسان.

 

لینا ئەبو حەمدان، پارێزەر هەڵوێستی خۆی دەربڕی و وتی: من هاوڵاتییەکی سووریم و هاوڵاتی شاری سوەیدام، ناسنامەی سووریم هەڵگرتووە، ڕاگەیاندنی دەستوور کاتییە و هەمیشەیی نییە، هەرچەندە ئێمە لەسەری ڕێک ناکەوین، چونکە یەک ڕەنگە و نوێنەرایەتی ئێمە ناکات، دەسەڵاتەکانی جیا نەکردووەتەوە، بەڵکو بە دەستێک کۆیان کردووەتەوە، ئەو فرەیی مەزهەبی و ئایینیانەی لە سووریا لەبەرچاو نەگرتووە، ئێمە ڕێز لە هەموو ئایینەکان دەگرین،دەستوور دەبێت خزمەت بە هەموو هاوڵاتیانی سووریا بکات، ئەوەی لە ڕاگەیاندنی دەستووری ئێستادا هاتووە پەرلەمانێکی ڕاستەقینەی تێدا نییەو هاوڵاتیان هیچ ڕۆڵێکی تێدا نابینن، نوێنەرایەتی دەستوورێکی دیکتاتۆری دەکات کە شایستەی خواست و قوربانیدانی هاوڵاتیانی سووریا نییە، دوورخستنەوەی ژنان لە دەستوور و ڕادەستکردنیان بە پۆستە ئاساییەکان، ئەمەش دەرخەری تێڕوانینی نەریتی بیروباوەڕی پیاوانە.