ژنانی پێنجوێن دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیان

ژنان لە پێنجوێن ئیدانەی هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتینا و زاپ دەکەن و کیمیابارانکردنی گەریلاکان لە چیاکانی ئاڤاشین، شەرمەزار دەکەن.

 

هەوار محەمەد

سەیدسادق- دەوڵەتی تورکیا وەک سیاسەتی هەمیشەیی خۆی بەردەوام پەلاماری خاکی کوردستان و کوردیان داوە، بەتایبەت لە دوای ساڵی ١٩٩٢ هێرش و داگیرکارییەکانی لە ڕووی کەلتوری و فەرهەنگی و سیاسی و مەدەنییەوە بەردەوامی پێداوە بە ئامانجی داگیرکردنی باشوری کوردستان، دواین هێرشی دەوڵەتی تورکیا لە ٢٣ی نیسانەوە دەستپێکردووە بۆ باشوری کوردستان و ناوچەکانی سنوری هەرێمی مەدیا، سەرەڕای سوتاندن و وێرانکردنی ژینگەی کوردستان، پاش شەڕێکی سەختی چەن ڕۆژی و سەرنەکەوتنی، دەوڵەتی تورکیا بەرامبەر حەوت گەریلای ئازادی، لە چیاکانی ئاڤاشین چەکی کیمیایی بەکارهێنا.

 

شەڕ بەردەوامە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەرلەمان و لایەنە سیاسییەکان بەرامبەر هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بێ هەڵوێستن، ژنانی قەزای پێنجوێن دڵنیایی دەدەن کە بە یەکگرتووی خەڵکی کوردستان و یەکگرتنی لایەنە سیاسیەکان و شکاندنی بێدەنگ حکومەتی هەرێمی کوردستان، خەڵکی  کوردستان دەتوانن ماف و خاکی خۆیان بپارێزن لە بێگانەکان.

نەسرەت ئەحمەد ژنێکی ڕەنجدەری دانیشتوی قەزای پێنجوێنە و دەربارەی داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا دەڵێت: ئیدانەی تورکیا دەکەم کە هەر ڕۆژە و لەلایەکەوە تۆپبارانی کورد دەکات، پێشی وایە دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی هەبێت بەرامبەر داگیرکاریەکانی دەوڵەتی تورکیا، هەروەها دەربارەی کیمیابارانکردنی ٧ گەریلای ئازادی لەلایەن دەوڵەتی تورکیا دەڵێت: هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ کیمیابارانکردنی خەڵکی هەڵەبجەدا چونکە هەر ڕۆڵەی کوردە کیمیاباران دەکرێت و دایکی کوردە جەرگ سوتاو دەبێت، هەروەها پەیامی بۆ ژنانیش ئەوەیە کە ژنان دەبێت بێدەنگ نەبن و ناڕەزایەتی خۆیان دەرببڕن.

حەلاو عەبدول دەڵێت: حکومەتی تورکیا مافی نییە وا لە کوردەکان بکات چونکە ئەو وڵاتێکی دراوسێیە و مافی بە کوردستانەوە نییە، هەروەها باس لەوەدەکات کوردەکان پشتگیری وڵاتانی دەرەوەیان نییە و دەبێت خۆیان یەکگرتوو بن.

 

دایە حەلاو باسی سەردەمی عوسمانییەکان دەکات و دەڵێت: دایک و باوکمان دەیانگێڕایەوە بۆمان کە لە ڕابردوودا تورکەکان لە سەردەمی عوسمانییەکاندا شەڕیان لەگەڵ کوردەکان کردووە و لە کۆنەوە تورکەکان ڕق و کینەیان بەرامبەر کوردەکان هەیە و دەیانەوێت خاکی کوردستان داگیربکەن، ئەو دایکە ئاماژەش بەوە دەکات: کوردستان ناوچەی خۆمانە ئەو "دەوڵەتی تورکیا" غەدر و زۆرمان لێ دەکات و دێتە سەر خاکمان، بۆیە پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگ بێت و داگیرکاری تورکیا  قبوڵ نەکات.

سەبارەت بە هەڵوێستی هاوڵاتیانی باشوری کوردستان دایە حەلاو پێی وایە دەبێت باشتر لە ڕابردوو هەستن بە خۆپیشاندان و چالاکی بەرامبەر داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا و ناڕەزایەتی دەرببڕن.

 

دایە حەلاو پەیامی هەیە بۆ ژنان و دەڵێت: ژنان ئازا بن و داوای ماف و حکومەتی خۆیان بکەن و ڕێگری بکەن بۆ ئەوەی کوردستان وێران نەکرێت، دەربارەی کیمیابارانکردنی گەریلاکانیش بە دەستی دەوڵەتی تورکیا دەڵێت: جیاوازی شەهیدانی هەڵەبجە و ئەوان نییە چونکە کورد هەر کوردە .

 

ت.پ