ژنانی هەدەپە سەردانی ڕێکخراوەکانی ژنان دەکەن

نوێنەرایەتی ژنانی هەدەپە لە باشووری کوردستان بە مەبەستی کۆکردنەوەی پشتیوانییەکان بۆ زیندانیانی باکووری کوردستان لەگەڵ ڕێکخراوەکانی ژنان کۆدەبنەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

پێش نێوەڕۆی ئەمڕۆ لە بارەگای یەکێتی ژنانی کوردستان لە شاری سلێمانی، شاندێک لە نوێنەرایەتی ژنانی هەدەپە بە بەشداری نوێنەری هەدەپە لە باشوری کوردستان ناهیدە ئەرمیش، و ئەندامی نوێنەرایەتییەکە مزگین ئارین، لەگەڵ تۆڕی ڕێکخراوەکانی ژنان و یەکێتی ژنانی کوردستان کۆبوونەوە.

 

سەرەتا ژنانی هەدەپە لەگەڵ تۆڕی ڕێکخراوەکانی ژنان کۆبوونەوە و باسیان لە زیندانیانی باکوری کوردستان کرد کە ماوەی زیاتر لە دوو مانگە دەستیان بە چالاکی مانگرتن کردووە، دوا بە دوای ئەوە بۆ هەمان مەبەست لەگەڵ یەکێتی ژنانی کوردستان کۆبوونەوە کرا، پاشان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ناهیدە ئارمیش ئاماژەی بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەدا و وتی: "لە باکوری کوردستان چەندین ساڵە لە زیندانەوە چالاکی مانگرتن دەستیپێکردووە و بەردەوامی هەیە بۆ شکاندنی گۆشەگیری سەر ڕیبەری گەلی کورد بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان، ئەو کەسانەشی کە دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردووە هاوڕێ و ئەندامانی ئێمەن" هەروەها باسی لەوەش کرد کە وەک نوێنەرایەتی هەدەپە لە باشوری کوردستان دەستیان بە چاوپێکەوتنەکانیان کردووە لەگەڵ پارت و لایەنە سیاسییەکان، ژنان، ڕۆشنبیران و چالاکوان بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانی لە مانگرتووان و زیندانیانی باکوری کوردستان.

بەرپرسی ڕاگەیاندنی یەکێتی ژنانی کوردستان سەیوان ڕۆستەم لە کۆنگرەکەدا پشتیوانی ڕێکخراوەکەیانی بۆ ئامانجی سەردانەکەی ژنانی هەدەپە خستە ڕوو، هەروەها ئاماژەی بەوەدا پشتیوانی لە داوای زیندانیان دەکەین و پشتگیری خۆمان بۆ مانگرتووان دەردەبڕین کە دژی زوڵم و ستەمی دەوڵەتی تورکیا لە دژی  گەلی کورد و پارتە کوردییەکان دەستیان بە چالاکی کردووە.

 

ت.پ