ژنان: پێویستە پارتی ئەو شەڕەی دەهۆڵی بۆ دەکوتێت ڕایبگرێت

کاردانەوە و ناڕەزایەتییەکان بەرامبەر داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ باشوری کوردستان بەردەوامی هەیە، ژنانیش لە توێژە جیاوازەکان بەرامبەر بێدەنگی دەسەڵاتی کوردی ناڕەزایەتی دەردەبڕن، داوای بوونی هەڵوێستی جدی دەکەن.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- بەرامبە بەو داگیرکارییانەی دەوڵەتی تورکیا بەرامبەر خاکی کوردستان ئەنجامی دەدات، کوردانی سەرجەم پارچەکانی کوردستان ناڕازین، لە باشوری کوردستانیش ژنان وەک بەشێکی سەرەکی کۆمەڵگا داوای هەڵوێستی جدی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن.

سەمیرا محەمەدی، ڕۆژنامەنووس، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، لە باشوری کوردستان نیشتەجێییە، ناڕەزایەتی خۆی بەرامبەر داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا دەردەبڕێت، پێی وایە ئەو هێرشانە تەنها بۆ سەر گەریلاکان نییە، بەڵکو هێرشە بۆ سەر "تەواوی گەلی کورد".

هیواشدەخوازێت، کە پارتی دیموکراتی کوردستان ئەو شەڕەی دەهۆڵی بۆ دەکوتێت ڕایبگرێت، لەبەر ئەوەی ئەمە تەنیا پارتێک لەناو نابات، بگرە خۆی یەکەم کەسە کە لەناو دەچێت، وە ئەو دەستکەوتەی بەخوێنی شەهیدان بەدەستهاتووە لەناو دەچێت.

وەک ڕۆژنامەنووسێکیش، بە ئەرکی سەرەکی ڕاگەیاندنەکانی دەزانێت، ڕاگەیاندنەکان نەبنە ئامڕازی حزبەکان بۆ بەرژەوەندی تایبەت، دەبێت ڕاگەیاندنەکان کارێک نەکەن زیان بە گەلی کورد بگەیەنن، چونکە ڕاگەیاندن دەچنە هەموو ماڵێک و کاریگەری درووستدەکەن.

"هەرچەندە پارتێک گەورەبێت، بەڵام لە ئاستی نەتەوەدا بچوکە"

شەنگە کەرکوکی، هونەرمەندێکە دژایەتی خۆی بۆ داگیرکارییەکانی سەر باشوری کوردستان نیشاندەدات، دەشڵێت نابێت ڕێگە بە سوتانی باخ و ماڵی کورد بدرێت، "ئەی کوا ئێمە خاوەنی ئەم نیشتیمانە نین؟".

ئەو وەک هونەرمەندێک یەکڕیزی حزب و لایەنە سیاسییەکان بە گرنگ دەزانێت، دەڵێت: "هەرچەندە پارتێک گەورەبێت، بەڵام لە ئاستی نەتەوەدا بچوکە، ئێمە دەبێت هەموان بەتەکەوە دەستبخەینە دەستی یەک".

پێی وایە دەبووایە کاری زیاتر بۆ یەکڕیزی گەلی کورد بکرایە و دژی داگیرکارییەکان بوەستانایە، بەڵام ئەو هەڵوێستە جدییە لە لایەنە جیاوازەکان نەبینراوە.

"هەنگاوەکانی تورکیا بۆ داگیرکاری جێگای قبوڵ نییە"

سەما محەمەد، چالاکوان، هەنگاوەکانی تورکیا بۆ داگیرکاری بەجێی قبوڵ نازانێت، بە هەنگاوێکی دەوڵەتی تورکیا بۆ سڕینەوەی گەلی کوردستان و داگیرکردنی سەرجەم پارچەکانی کوردستان لێکدانەوەی بۆ دەکات، بەڵام پێی وایە کە تاکی کوردی لە بارەی ئەو داگیرکارییانەوە هۆشیارنین.

 

ئەو چالاکوانە بە ئەرکی هەموو تاکێکی کوردی دەزانێت، بەرامبەر داگیرکارییەکان هەڵوێستی هەبێت و بەرگری لە قەوارەی کورد لە باشور و ڕۆژئاوای کوردستان بکەن.

 

هاوکات بۆ پارتە جیاوازەکانیش، جەخت لەوەدەکاتەوە کە هەموویان دەبێت یەکڕیز و یەک هەڵوێستبن، دژی داگیرکارییەکان بوەستنەوە، دەڵێت: "ئەگەر لە ئێستادا پارتە سیاسییەکان دژی ئەو داگیرکارییانە بوەستنەوە ئەوا تورکیا ناتوانێت، بەهیچ جۆرێک ئەو داگیرکارییانە ئەنجام بدات".

ت.پ