ژنان پاڵپشتی خۆیان بۆ گەریلا و شەڕڤانەکان نیشاندەدەن
داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان بەردەوامە، ئەمەش ناڕەزایەتی ژنانی لێکەتووەتەوە و ئیدانەی داگیرکارییەکان دەکەن، ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش جەخت لەوە دەکاتەوە بەم ئەقڵیەتەی ئێستا حکومەڕانە ناتواندرێت ڕێگری لە داگیرکاری بکرێت، هاوکات هەڵوێستی عێراق لە بەیاننامەیەک دەرناچێت.
سلێمانی
داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باشوری کوردستان تا دێت زیاتر دەبێت، ماوەی هەفتەیەکە تورکیا دەستیکردووە بە بڕینەوەی دار و دارستانەکانی ناوچە سنورییەکانی باشوری کوردستان، هاوکات دوێنێ ٥ی حوزەیران، لە ئەنجامی هێرشی دەوڵەتی تورکیا چوار پێشمەرگە شەهید بوون و پێنجی دیکەش بریندار بوون.
هەر دوێنێ بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان دەوڵەتی تورکیا هێرشی کردە کامپی پەنابەرانی (شەهید ڕۆستەم جودی) لە مەخمور، بەهۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەستدا و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەرامبەر بەم داگیرکارییانە، هەریەک لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوی جیاوازدا، لەبری ئیدانەکردن و دانانی سنورێک بۆ داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا، بیانوییان بۆ داگیرکارییەکان دەهێناوەیەوە.
هاوڵاتیان و گەلی باشوری کوردستان بەرامبەر بەو داگیرکارییانە ناڕەزایەتی خۆیان لە ڕپێوانێکدا لە شاری سلێمانی ئەمجامدا، ژنانیش نیگەرانی خۆیان بەرامبەر بەو داگیرکارییانە دەربڕی.
هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا دەستدرێژییە بۆ سەر هەموو عێراق
بڵێسە جەبار فەرمان، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاماژە بۆ ئەوەدەکات دەبێت ئەو داگیرکارییانە لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە ئیدانە بکرێت، ئەمە دەستدرێژی کردنە بۆ سەر هەموو عێراق نەک تەنها هەرێمی کوردستان، دەبێت عێراقیش بەرامبەر بەو داگیرکارییانە بێدەنگ بێت.
دەشڵێت "عێراق کێشەی ئێجگار زۆرە، پێیان خۆش نییە هەرێمی کوردستان هەرێمێکی بەهێز بێت، لەبەرئەوە پشتگیری عێراق لە چوارچێوەی ئیدانەکردن دەرناچێت".
ڕەخنەش لە حزبەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێت، کە نەیانتوانیوە هەرێمی کوردستان بەڕێوە ببەن، دووچاری ئەو هەموو قەیرانەیان کردووەتەوە، جەختیش لەوە دەکاتەوە، کە بەم ئەقڵیەتەی ئێستا حکومڕانی هەرێمی کوردستان دەکرێت، ناتوانن ڕێگری لە داگیرکارییەکان بکەن.
پشتگیری شەڕڤان و گەریلاکان دەکەین
زوهرە کەریم، دایکی شەهید و ژنێکی بەشداربووی ڕێپێوانەکەیە پشتگیری خۆی بۆ گەریلا و شەڕڤانەکان دەردەبڕێت، ئیدانەی ئەو هێرش و داگیرکارییانە دەکات کە دەوڵەتی تورکیا بۆ خاکی هەرێمی کوردستان ئەنجامی دەدات، هەروەها لۆمەی دەسەڵاتی کوردی دەکات، کە دەستی داگیرکاران دەهێننە ناو خاکی باشوری کوردستانەوە.
زوهرە دەشڵێت "ئێمە پشتگیری شەڕڤان و گەریلاکان دەکەین، پشتگیری هەر چوار پارچەی کوردستان و داروبەردی ئەم خاکە دەکەین".
نەک تەنها خوێنی ڕۆڵەکانمان، دارستانەکانیش لەناودەبەن
چرۆ شوانی، وەک ژنێکی باشوری کوردستان باس لەوەدەکات، ئێستا دەوڵەتی تورکیا نەک تەنها خوێنی ڕۆڵەکانی کورد دەڕێژێت، بەڵکو دارستانی کوردستانیش لەناودەبات، ئەمەش لە سایەی حکومەتێکی خۆماڵیدا ئەنجام دەدات، نەک حکومەتێکی بێگانە.
چرۆ بە دەسەڵات دەڵێت "ئەگەر ئەو بێدەنگە، ئەو گەلەی ئەو دەسەڵاتەی دروستکرد بێدەنگ نابێت"، باس لەوەش دەکات کە هەر ناڕەزایەتییەک کاریگەری خۆی دەبێت، نابێت گەل بێدەنگ بێت، بێدەنگی هیچ کاریگەرییەک و سودێکی بۆ کورد نابێت.
ت.پ