شیلان ئەحمەد: هێرشەکانی ٩ی تشرینی یەکەم درێژەی پیلانگێڕی بوون
شیلان ئەحمەد، نوێنەری خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی هەرێمی جزیرە، سێهەمین ساڵیادی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری بۆ سەر سەرێکانی و گرێسپی هەڵسەنگاند و وتی: هێرشەکانی ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ درێژەی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی بوو".
ڕۆژ هۆزان
قامیشلۆ- دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩دا هێرشی کردەسەر سەرێکانی، لەم هێرشە نامرۆڤانەیەدا لە فڕۆکە جەنگییەکانەوە تا چەکی کیمیایی و هەموو جۆرە چەکێکی قەدەغەکراو لە دژی خەڵکی بەرخۆدێر بەکارهێنرا. سێ ساڵ بەسەر داگیرکردنی سەرێکانی و گرێسپیدا تێدەپەڕێت و لەو ماوەیەدا چەندین ڕووداوی نامرۆڤانە ڕوویانداوە.
"هەموو دەوڵەتەکان هاوکاری دەوڵەتی داگیرکەری تورک بوون"
شیلان ئەحمەد، نوێنەری خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی هەرێمی جزیرە، باسی لە داگیرکارییەکانی سەرێکانی و گرێسپی کرد و ئاماژەی بەوەدا، ئەم هێرشە داگیرکارییانەی لە ٩ی تشرینی یەکەمدا ئەنجامدران، بەشێکن لە سیاسەتەکانی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی، "هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ درێژەی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی بوو دژی ڕێبەر ئاپۆ، ناتوانین بە جیا مامەڵەی لەگەڵ بکەین. ئەو کردارانەی کە بە پێچەوانەی ویستی گەلەکەمانەوە ئەنجام دەدرا، دوور بوون لە هەموو پێوەرە ئەخلاقییەکانی مرۆڤایەتی. لەو هێرشە دڕندانەیەدا حکومەتی تورکیا ویستی لە ئیرادە و تێکۆشانی گەلەکەمان بدات و متمانەی نێوان گەل و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بشکێنێت. شاری سەرێکانی و گرێسپی شاری گەل بوون و سیستمێکی دیموکراتیکیان هەبوو، بەڵام دەوڵەتی تورکیا لە ماوەی ٣ ساڵدا داگیرکاری و کاری دڕندانەی دژ بە دانیشتوانەکەی ئەنجامدا، جگە لە گۆڕانکاری دیمۆگرافی.
"مەبەستی سەرەکی ئەم داگیرکارییە گۆڕینی ژێرخان و مێژووی ئەم هەرێمە بوو"
شیلان ئەحمەد سەرنجی بۆ ئەو ئامانجی کردەوە نامرۆڤانەکانی دەوڵەتی تورکیا ڕاکێشا و وتی: هێرشەکەی دەوڵەتی تورک بۆ سەر خەڵکی سڤیل زۆر خراپەکاریی بەرچاوی بەدوای خۆیدا هێنا، ئەو سیستمەی کە لەو شارانەدا جێبەجێ دەکرێت، سیستەمێکی کۆمەڵکوژ و فاشیزمە. مرۆڤەکان ناتوانن ماڵەکانیان بەجێبهێڵن یان مافی ژیانیان بەدەستبهێنن. ئێمە دەزانین شاری سەرێکانی شوێنێکی مێژووییە و بۆ شارستانیەتی گەلی کورد گرنگ و دەوڵەمەندە، دەوڵەتی تورک و چەتەکانی ئەمڕۆ ئەم شارستانیەتە وێران دەکەن یان شوێنەوارەکانی دەدزن و دەیانگوازنەوە بۆ تورکیا. کرۆکی ئەم داگیرکارییە گۆڕینی ژێرخان و مێژووی ئەم هەرێمەیە.
"هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورکیا بەردەوامە"
شیلان ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا كە هەڕەشەكانی دەوڵەتی توركیا بۆ سەر ناوچەكە بەردەوامن و لە درێژەی قسەكانیدا وتی: كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر هەموو ئەو كارە نامرۆڤانانە بێدەنگن، چونكە پلانی سەرەكی لەلایەن ئەوانەوە ئامادە كراوە و دەوڵەتی توركیا تەنها ئامرازێكە لە دەستی ئەواندا، ئەمساڵیش خواستیان بەهەمان شێواز ناوچەكانی تر داگیر بكات، بەڵام دەوڵەتی توركیا نەیتوانی هێرشێكی هەمەلایەنە بكات. خەونەکانی دەوڵەتی تورک و دوژمنایەتییەکەی لەسەر ناوچەکانمان کۆتایی نەهاتووە، ئێستا بە هەموو میتۆدێک دەستی کردووە بە ئامانجکردنی خەڵک، کە هەموو ڕۆژێک پێشەنگەکانی شۆڕشەکەمان دەکاتە ئامانج، وەک ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک، ئێمە لە سیستەمێکی دیموکراتیکدا دەژین، گرنگە لەم قۆناغە هەستیارەدا ئاگاداری گەلەکەمان و سیستەمەکەمان بین. هەموومان بەشێکین لەم کارە و دژی ئەوان دەجەنگین تا لە هەموو ڕوویەکەوە ئازاد بین.