"یەکێک بووم لەو کەسانەی کە فەرمانی زیندەبەچاڵم بۆ دەرچوو"

ئەمڕۆ سی و چوار ساڵ بەسەر تەقاندنەوەی گەڕەکی کانی عاشقان و ڕاپەڕینی خەڵکی هەڵەبجەدا تێپەڕی، یەکێک لەو ژنانەی فەرمانی زیندەبەچاڵکردنی بۆ دەرچووە بۆ ئاژانسی ژنها دەدوێت.

 

میهرەبان سەلام کاکەیی

هەڵەبجە- پێش سی و چوار ساڵ و لە ١٣ی ئایار/٥ی ١٩٧٨دا خەڵکی هەڵەبجە بە سێ گروپی جیاواز خۆپیشاندانیان کرد لە دژی ڕژێمی بەعس، لە بەرامبەر ئەمەدا ڕژێمی بەعس هێرشی کردە سەر خۆپیشاندان و گەڕەکی کانی عاشقانی تەقاندەوە، ڕزگاربوویەکی خۆپیشاندانەکان چیرۆکی خۆیمان بۆ دەگێڕێتەوە لە دەست ڕژێمی پێشووی بەعس.

 

چنور مەحمود ناسراو بە چنور مەحمود سافا باس لە ساتی دروستبوونی خۆپیشاندانەکان بۆ ژنها دەکات و دەڵێت: سەرەتای ڕاپەڕین لەناو قوتابیانەوە بوو وایکرد ئەم خۆپیشاندانە لە قوتابیانەوە بۆ خەڵکی دەم بە دەم بگوازرێتەوە و خەڵکی لێ ئاگادار بکرێتەوە، تا هەمووان  بەشداری ڕاپەڕینەکە ببن، گروپی دووەم  ئەو کەسانە بوون کە هەواڵ و نامەیان بۆ  پێشمەرگە و هەڤاڵانمان دەگواستەوە، گروپی سێیەممان خواردن و پێداویستی بۆ پێشمەرگە دروستدەکرد و پێداویستی خۆپیشاندەرانیان پڕ دەکردەوە، هەمووان بە شەڕواڵ و کراسەوە و بە چاوی داپۆشراوەوە بەشداری ڕاپەڕین بووین.

 

 چنور دەڵێت لە کانی عاشقانەوە بە خۆپیشاندان ڕاستەوخۆ بەشداری ئاپۆڕای جەماوەر بووین، کۆمەڵێک ژنی گیانی بەگیانی بووین کە چووینە ناو خۆپیشاندەران بە دروشم وتنەوە و گڕ و تینەوە.

"ڕژێم دەیویست گوندەکان ڕابگوێزێت"

ئەو خۆپیشاندەرە لە گێڕانەوەی دڵسۆزی لایەنەکانی ئەوکاتەدا ئاماژە بەوەدەکات هەموو لایەنەکان بە دڵسۆزی و جدییەوە کاریان دەکرد، مێژووش شاهێدی ئەمە دەدات، ڕاپەڕینەکەمان لە دژی ڕژێمی بەعس بوو کە دەیویست گوندەکانی دەوروبەری هەڵەبجە چۆڵ بکات و ڕایانبگوێزێت، بۆ ئەمەش دانیشوانی کانی عاشقان هەمووان بەشداری ڕاپەڕینەکە بوون.

 

لە ڕاپەڕینەکەدا ڕژێمی بەعس هێرش دەکاتە سەر خۆپیشاندەران بریندار و شەهیدی زۆری لێدەکەوێتەوە، گەڕەکی کانی عاشقان تەختکرا و خەڵکی ناوچەکە ناڕازی بوون لە بەزۆر چۆڵکردنی گوندی کانی عاشقان، ڕژێمیش بۆ سەرکەوتکردنیان هێرشی بەرفراوانی کردە سەر خۆپیشاندەران، گەڕەکی عاشقانیش تەقێندرایەوە و لەگەڵ بریندار و شەهیدی زۆر، چەندین کەسیش بوون بە ژێر خانووەوە.

"فەرمانی زیندەبەچاڵمان بۆ دەرچوو، بەهۆی هاوڕێکەمەوە ڕزگارم بوو"

چنور باس لەو کاتە دەکات فەرمانی زیندەبەچاڵیان بۆ دەرچووە: ئێمە شانزە کەس بووین فەرمانی زیندەبەچاڵمان بۆ دەرچوو، بە فەرمانی عەلی حەسەن مجید و ئەمنی عامی ڕژێم، فەرمانی زیندەبەچاڵکردن بۆ شانزە کەس دەرچوو، یەکێک بووم لەوانەی کە دەبوو زیندەبەچاڵ بکرێین، بەڵام بەهۆی ئەوەی برایەکی غەزالی هاوڕێم بە برینداری گەیەندرابوویە نەخۆشخانە، ئێمە بڕیارماندا بچین ڕزگاری بکەین بۆیە جلوبەرگی پیاوانەمان لەبەر خۆمان داکەند و چووین بەرەو نەخۆشخانە، غەزال وبراکەی ڕزگاریان بوو، بەداخەوە لە ساڵی ١٩٨٨دا لە کیمیابارانەکە شەهید بوون.

 

چنور باسی لەوەکرد سەرجەم هاوڕێکانی زیندەبەچاڵ کراون، تەنها خۆی و هاوڕێیەکی بەناوی فریشتە ڕزگاریان بووە، پاش گەڕانەوەی لەوڵاتی بەریتانیا چنور سەردانی مۆنۆمێنتی شەهیدان دەکات و ئەو بەڵگانەی دەست دەکەوێت کە ناوی تیابووە بۆ زیندەبەچاڵ کردن.

چنور وەک هونەرمەندێک و ئەکتەرێک دەڵێت ئێمە ساڵانە یادی ئەم ڕۆژە دەکەینەوە، پێویستە هەموو ئەمانە دۆکومێنت بکرێت، چونکە ڕاپەڕینێک بوو دژی ڕژیمی لە ناوچووی بەعس، هەڵەبجە تا لەناوچوونی ڕژێمی بەعس دەستی لێنەپارێزرا و دوای ساڵێک کیمیابارانیش کرا و پێنج هەزار هاوڵاتی سیڤیل بوون بەقوربانی و زیاد لە دە هەزاریش بریندار بوون.

 

ت.پ