ڕیهام حەسەن: داوا لە ژنان دەکەین پێکەوە چارەنووسی ژنانی ڕفێندراو دیاربکەین
نوێنەری تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی، بەشداربووی دووەمین کۆنفرانسی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا، باس لەوە دەکات بەستنی ئەم کۆنگرەیە لە کاتێکدا نزیک دەبینەوە لە ساڵیادی هێرشکردنە سەر شەنگال گرنگی خۆی هەیە، هەوڵماندا کە دۆخی ژنانی شەنگال بۆ ژنانی دیکە بخەینە بەرچاو.
تەوار پێنجوێنی
بەیروت- دووەمین کۆنفرانسی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا لە ٣٠-٣١ی تەمموز لە بەیروتی پایتەختی لوبنان بەسترا، تێیدا ژنانی ١٦ وڵات بەشداربوون، ڕیهان حەسەن، نوێنەری تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی لە شەنگالەوە بەشداری کۆنفرانسەکە بوو، تێیدا بەستنی کۆنفرانسەکە و یەکگرتنی ژنانی بە گرنگ پێناسە کرد.
ڕیهان حەسەن ئاماژەی بەوەدا: ئامادەبووین لە دووەمین کۆنفرانسی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا، ژنانی بەشداربوونی ئەزمونی خۆیان لە وڵاتەکەیاندا باسکرد، کۆنفرانسەکەش هاوکات لەگەڵ ساڵیادی فەرمانی سەر شەنگال بەسترا، پەیاممان وەک تاژێ بۆ کۆنفرانسەکە هەبوو، بانگەوازیمان لە ژنانی دیکە کرد تا دەستی یەکتر بگرن و بە یەکێتی ژنان شۆڕشی دیموکراتی بەرپا بکەن.
هەزاران ژن لە دەستی داعشدا ماون
ریهان باسی لەوەکرد ٧ ساڵ بەسەر جینۆسایدی شەنگالدا تێپەڕ دەبێت، بە هەزاران ژن و کچیان ڕفاندن و هەزاران پیر و گەنج کوژران، چەندەها ئەشکەنجە لە هاوڵاتی شەنگالی کرا، وتیشی: دوای فەرمانەکە، شەنگال بە بەرخۆدانی ڕزگاری بوو، خۆسەری ڕۆژئاوا و هێزەکانی سوریای دیموکرات-قەسەدە هاوکارییان کردین تا دیلەکان و ژنانی ڕفێندراو ڕزگار بکەنەوە و بگەڕێنەوە بۆ شەنگال، هەتا ئێستاش نزیکەی ٢٨٠٠ دیلی دەستی داعش هەیە کە دیارنین لە کوێن، ئێمەش وەکو تاژێ لە پەیامەکەماندا باسمان لەوانە کرد و داوامان کرد کە پێکەوە بتوانین چارەنووسی ئەو ژنانە دیار بکەین.
ئەو نوێنەرەی تاژێ باسی لەوەکرد کە ئێش و ڕەنجی ژنان لە هەر جێیەکی دنیادا و بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک یەکە، بەو توندوتیژیانەی بەرامبەر ژنان دەکرێت دەیانەوێت لە کەسایەتی ژندا، هێرش بکەنە سەر کۆمەڵگە و وڵات داگیربکەن، وتیشی: هەر وڵاتێک چاند و کلتوری جیاوازی خۆی هەیە، بەڵام ئەوەی هاوبەشیان دەکات و تێکۆشانی هاوبەشی دەوێت دۆزی ژنانە، کە ژنانی وڵاتە جیاوازەکان بتوانن یەکبگرن و لەبەرامبەر هێرش و گوشارەکانی سەر ژنان خەبات و تێکۆشانی هاوبەش بکەن.
ت.پ