ڕوکەن نەغەدە: تەنها یەکگرتنی ژنان دەتوانێت ببێتە هۆکاری گۆڕانکاری گەورە

ڕوکەن نەغەدە، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کژار دەڵێت: پلاتفۆڕمی ژینا لەسەر بنەمای جیاوازیی ئازاد دروست بووە و دەستی هاوکاری بۆ هەموو ژنان درێژ دەکات، ئەم پلاتفۆرمە دەبێتە بەرهەمی خەباتی هاوبەش تا ژن تەنها وەک قوربانی نیشان نەدرێت، بەڵکو ژن خاوەنی سیاسەتە.

هێڤی سەڵاح

 

سلێمانی-گەر لە مێژووی خەبات و بەرخۆدانی ژنان بکۆڵینەوە، دەبینین ژنی کورد بە ئاستێکی بەرزی هۆشیاری گەیشتووە و دەزانێت بۆ چی خەبات دەکات. ئەم ئەزموونەی لە کوردستاندا بەدەستهاتووە، تەنها بۆ ژنی کورد نییە، بەڵکو وەک نموونەیەک بۆ ژنانی جیهان و هەموو ئێران پێشکەش دەکرێت. لەم چوارچێوەیەدا، کار دەکرێت بۆ ئەوەی ژنان لەژێر چەترێکی هاوبەشدا خزمەت بکەن و کۆنفیدراڵیزمی ژنان بەرەو پێش ببەن، تاوەکو فیکر و هێزیان ببێتە وەڵامێک بۆ پرسە هەنووکەییەکان.

 

خەباتی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە، لە ئێستادا لە ڕێگەی پلاتفۆرمێکی تایبەتەوە دەبێتە دەنگ و ڕەنگی ڕاستەقینەی تێکۆشان، پلاتفۆڕمی ژینا کە ئەنجامی هۆشیاریی چەندین ساڵەی ژنانە، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ژن نەک تەنها وەک کەسایەتییەکی جیاواز لە ڕیزی پێشەوەی تێکۆشاندایە، بەڵکو پێویستە لە هەموو کایەکانی چەکداری، دیپلۆماسی، نووسین و هونەریدا پێگەی بڕیاردەری هەبێت.

 

"دەبێت ژنان بە شێوازی جیاواز خەبات بکەن"

ڕوکەن نەغەدە،ئ ەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "کژار" بۆ ئاژانسەکەمان هەڵسەنگاندی کردو وتی: خەباتی ژنان دەبێت بە شێوازی جیاواز بەردەوام بێت و تا ژن ناسنامە و هێزی خۆی دیاری نەکات، ئەنجامی کۆتایی بەدەست ناهێنێت. هۆشیاریی ژنان گەیشتووەتە ئاستێک کە هەنگاو بە هەنگاو خزمەت بە ژنانی جیهان بکەن و وەک جەترێک بۆ هەمووان کار بکەن. ژنان دەستیان کردووەتە نێو دەستی یەک و فیکری یەکتریان ئاوێتە کردووە و گروپێکی بەهێزیان دروست کردووەم بەپێی ئەو ئەزموونەی ژنانی کوردستان هەیانە، پێویستە ئەمە بکرێتە نموونەیەک بۆ ژنانی جیهان. کار و خەباتەکە لەسەر بیری یەکگرتنی ژنان دروست بووە؛ چونکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەباتی ژنان زۆرە و ڕێکخراوی زۆر هەن کە لەسەر هەوڵی تاک و کۆمەڵ کار دەکەن، بەڵام تەنها یەکگرتنی ژنان دەتوانێت ببێتە هۆکاری گۆڕانکاری گەورە.

 

"ئەم پلاتفۆرمە لەسەر بنەمای جیاوازی فیکر و نەتەوە دروست بووە"

ڕوکەن نەغەدە دەربارەی دامەزراندنی پلاتفۆڕمی ژینا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران وتی: بۆیە پێویستە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پلاتفۆرمێکی لەو شێوەیە هەبێت، کە تێیدا هەر ژنێک خاوەن پرەنسیپ و بیری تایبەت و ئازادی خۆی بێت. ئەم پلاتفۆرمە لەسەر بنەمای جیاوازیی ئازاد دروست بووە و دەستی هاوکاری بۆ هەموو ژنان درێژ دەکات، بەڵام دەبێت یەکڕەنگییەک هەبێت کە لە ڕێگەی کۆبوونەوەی هەموو ڕێکخراوەکان و گۆڕینی جیاوازییەکان بۆ پردی پەیوەندی و لێکتێگەیشتن دروست دەبێت. لە ئەنجامدا، ئەم پلاتفۆرمە دەبێتە بەرهەمی خەباتی هاوبەش تا ژن تەنها وەک قوربانی نیشان نەدرێت، بەڵکو وەک ژنێک کە خاوەنی سیاسەت، زمان و کۆمەڵگەی تایبەت بە خۆیەتی.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، هەرچەندە فیکری جیاواز زۆرە و گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت، بەڵام ئەمە یەکێکە لە سیما جوانەکان. پلاتفۆرمی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕاستە لەسەر خاکی کوردستانە بەڵام بۆ تەواوی ژنانی ئێرانە بێ جیاوازی بۆ فارس، عەرەب و بەلوچ. ژنانی کورد پێشەنگن و دەستپێشخەرییان کردووە. لە ئێستادا پێنج ڕێکخستنی تایبەت بە کورد هەن و لە داهاتوودا ئەگەری زیادبوونیان هەیە. ئەم پلاتفۆرمە زەمینەیەکی گونجاوە بۆ سیاسەتکردن؛ چونکە سیاسەت تەنها دەسەڵات و حکومەت نییە، بەڵکو دیاریکردنی قەدەر و چارەنووس خۆی سیاسەتە.

 

"مێژوو سەلماندوویەتی ژنان دەتوانن گۆرانکاری دروست بکەن "

ڕوکەن نەغەدە وتیشی: ئەم جوڵانەوەیە دەبێتە هۆی دروستبوونی گۆڕانکاری لە ئێراندا کە لەسەر دەستی گەل دەبێت. مێژوو سەلماندوویەتی کە تەنها بە دەستی ژنان و گەل گۆڕانکاری دروست دەبێت. ئێستا شەڕێکی هەمەلایەنەی بەرژەوەندیخوازی، دەروونی، دیپلۆماسی و میدیایی هەیە کە لە چوارچێوەی سەروەربوونی هێزدایە. سیستمی باڵادەست چەندین ساڵە داگیرکاری دەکات و ڕووبەڕووی ئازادیخوازان، ژنان و گەنجان دەبێتەوە و زیندانی و لەسێدارەیان دەدات. لە کۆتا سەرهەڵداندا، زیاتر لە ٤٠ هەزار کەس کۆمەڵکوژ کران کە تەنها داوای ئازادییان دەکرد. شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" هەنگاو بە هەنگاو بەردەوامە بۆ بەدەستهێنانی مافەکان و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە.

 

هێزی ژن و یەکێتیی گەلان؛ کلیلە گۆڕانی بنەڕەتی لە ئێران

ئەوەشیخستەڕوو، ئەوەی گەل کردی، بووە هۆی هەژاندنی ڕژێم، نەک هێرشی وڵاتانی دەرەکی، چونکە ڕژێم داهاتی گەل دەبات و دەنگی ئازاد بێدەنگ دەکات. ئێران دەیەوێت وڵاتانی ناوچەکە لەژێر فەرمانی ئەودا بن و کێشەی لەگەڵ هێزە جیهانییەکانیش لەسەر ئەوەیە. لە ناوخۆدا سیستەمی "سیغە" و دەسەڵاتی مەلاکان کراوەتە بنەما. ئەوانەی وایان دەزانی ڕژێم بە مردنی کەسێک لەناو دەچێت، هەڵە بوون، چونکە ڕژێم تەنها بۆ بەرژەوەندی و هێزی خۆی کار دەکات. تەنها ژن دەتوانێت ڕژێم بگۆڕێت، بۆیە دەبێت ژنان هۆشیار بن و یەکێتیی نەتەوەیی گەلان دروست ببێت.

 

لە کۆتای قسەکانیدا  رووکەن نەغەدە، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کژار وتی: کێشەی ئابووری و سیاسی دەبێت چارەسەر بکرێت، بەتایبەت کە کۆمەڵگە لەژێر باری شەڕدا ناتوانێت پێداویستییەکانی دابین بکات. دەبێت ژنان بڕوا بە هێزی خۆیان بکەن کە دەتوانن ڕژێم بگۆڕن و دەوڵەت لاواز بکەن. ئێمە ناتوانین داوا لە ڕژێم بکەین ئازادیمان بداتێ، چونکە ئەو تەنها لە چوارچێوەی لەناوبردنی گەلاندا کار دەکات. پلاتفۆرمی ژنان دەبێت باسی داهاتووی ئێران و چۆنیەتی گەشەپێدانی جیاوازییەکان بکات. پێویستە ژنان لە سیاسەتدا ڕۆڵی سەرەکی بگێڕن و هەموو بوارەکانی سەربازی، سیاسی و ئابووری پێویستیان بە چاکسازییە. گەل هیوای بە پێشەنگایەتی خۆی هەیە، نەک وڵاتانی زلهێز، چونکە دەزانن شەڕی ئەوان تەنها بۆ دەسەڵاتە. ئێستا بارودۆخەکە هەستیارە و لە لێواری مان و نەماندایە، دەبێت ڕژێم بە شێوازێک بگۆڕدرێت کە ژن و گەنج ببنە پێشەنگ و بە فیکرێکی یەکگرتوو وڵات بەرەو پێش ببەن.