"پەدەکە بۆ بەرژەوەندی خۆی ڕێگە بۆ داگیرکاران خۆشدەکات"

دوای ئاشکرا کردنی پلانەکانی دەوڵەتی تورکیا و پەدەکە کە ١٥ی نیسان هێرشی سەر باشوری کوردستان دەستپێدەکەن، دواجار لە شەوی ١٧ی نیسان هێرشەکان بۆ سەر چیای کورەژارۆ و شیلادزێ و زاپ دەستیپێکرد، ژنانیش داوای هەڵوێست و ڕێگریکردن لە داگیرکاری دەکەن.

شنیار بایز

 

سلێمانی- ٢٦ی ئاداری ئەمساڵ کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و پلانێکی بەرفراوانی لەبارەی هێرشی هاوبەشی دەوڵەتی تورکیا و پەدەکە بۆ سەر باشوری کوردستان ئاشکرا کرد، بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، هێرشەکە لە ١٥ی مانگدا دەستپێدەکات، هاوکات ١٥ی مانگ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی کۆماری تورکیا و بە ئامادەبوونی هاکان فیدان، سەرۆکی دەزگای سیخوڕی میت کۆبوونەوە و دوابەدوای ئەو دانیشتنە هێرشەکان بۆ سەر باشوری کوردستان دەستیپێکرد، ئەوەی جێی سەرنجە بە پێی پلانە ئاشکرا کراوەکە و ئەوەی بە ڕوونی دەبینرێت لە ئۆپەراسیۆنی ئەمجارەدا پەدەکە ڕاستەوخۆ بەشداری جموجوڵە داگیرکارییەکانی تورکیا دەبێت و پێشمەرگە بەرامبەر گەریلا دەخەنە شەڕەوە.

 

میدیاكانی پەدەكە لە بارەی ناوەڕۆكی كۆوبونەوەكەوە پرسی گازی سروشتی هەرێمی كوردستانیان زەقكردەوە، لەكاتێكدا ناوەڕۆكی كۆبونەوەكە پرسی پەكەكە و هێرشكردنە سەر باشوری كوردستان بوو، گەورەكردنی پرسی غاز بۆ شاردنەوەی دۆسییە نهێنییەكانە بەتایبەت پرسی پەكەكە و ڕێككەوتنی توركیا و پەدەکە.

 

هێرشە هاوبەشەکەی دەوڵەتی تورکیا و پەدەکە لە شەوی ١٧ی نیسان لە ڕێگەی بۆردومانی فڕۆکە و تۆپخانەکانی  سوپای داگیرکەری تورک لە سنووری ئامێدی و شیلادزێ دەستیپێکرد، چیای کوڕەژارۆ لە شیلادزێ و زنجیرە چیای مەتینا لە ئامێدی و ناوچەی بەرواری باڵا کرانە ئامانج.

 

"تورکیا ناوەستێت لە هێرشە داگیرکارییەکانی"

شەهێن محەمەد، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی نوژنها ڕوونیکردەوە کە تورکیا بەردەوامە لە هێرشە یەک لەدوا یەکەکانی، کۆتا هێرشی لە ١٤ی مانگەوە دەستپێکرد و دوێنێ ڕاگەیندراوی فەرمی لەلایەن هەپەگەوە بڵاوبووەوە کە هێرشەکان بۆسەر خاکی کوردستان بە فەرمی دەستیپێکردووە.

 

"ئەو داگیرکارییانەی ئەنجامدەدرێت کۆمەڵێک هێز و دەسەڵاتی باشوری کوردستانی لەپشتە لەوانە، بنەماڵەی بارزانی کە لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بە ناڕاستەوخۆ هاوکاری تورکیای کردووە بەڵام لە کۆتا هێرش و پیلانی بە جۆرێکی دیکە بوو و ڕاستەوخۆ و بە ئاشکرا هاوکاری دەوڵەتی تورکیا دەکات، هەرچەندە بنەماڵەی بارزانی نکۆڵی دەکەن لە هاوکاریکردنی دەوڵەتی تورکیا، بەڵام نەک تەنها هاوکاریانن لە هێرشە داگیرکارییەکاندا، بەڵکو لە هەموو لایەنەکانی وەک بە تاڵانکردنی سامانی سروشت و وێرانکردنی باشوری کوردستاندا بەشدارن".

 

"تورکیا هەرێمی کوردستان بە باکوری عێراق ناودەبات"

شەهێن محەمەد ئاماژەی بەوەشدا کاتێک مەسرور بەرزانی و ئەردۆغان کۆبوونەوەیان ئەنجامدا، بە باکوری عێراق شاندەکەی مەسرور بارزانی ناودەبات نەک هەرێمی کوردستان، کە ئەمە بچوککردنەوەی خەڵکی باشوری کوردستانە، بە جۆرێک لە سایەی کەسایەتی بنەماڵەی بەرزانییەوە سوکایەتی بە خەڵکی باشوری کوردستان دەکرێت کە جێگای قبوڵکردن نییە، "بێ هەڵوێستی بنەماڵەی بارزانی لە بەرامبەر شێوازی کۆبوونەوەکە و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا لاوازی دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان نیشاندەدات، چونکە بنەماڵەی بارزانی بە ناوی حکومەتی هەرێمەوە سەردانییەکەیان ئەنجامداوە"، باسی لەوەشکرد کە هەرچەندە کەجەکە داوای کردووە پەدەکە هاوکاری داگیرکەران نەکات، بەڵام پێویستە بیرمان بێت کە بنەماڵەی بارزانی مێژووی کۆنیان هەیە لە خیانەت و هاوکاریکردنی داگیرکەران، چونکە چەندین سەرکردەی خۆیان کوشتووە.

 

"نابێت خەڵکی باشور بێدەنگ بن لە ئاست هێرشەکاندا"

ئەو ئەندامەی تەڤگەری ئازادی بە پێویستی دەزانێت خەڵکی باشوری کوردستان لە ئاست هێرشەکاندا بێدەنگ نەبن و هۆشیاری تەواویان هەبێت دەربارەی ڕووداوەکان، چونکە ئەو شەڕەی ئێستا هەیە شەڕێک نییە دژی پارت و لایەنێک، بەڵکو یەخەی تەواوی خەڵکی باشوری کوردستانی گرتووە، "گرنگە کە بنەماڵەی بارزانیش چیتر بێدەنگ نەبن و هێرشەکانی باشور قبوڵ نەکەن، چیتر بە دیکتاتۆریانە لە تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد نزیک نەبنەوە، چونکە بە دەست تێکەڵکردنیان لەگەڵ دوژمنان خاکی کوردستان و سامانە سروشتییەکەی و دەستکەوتەکانی دەخەنە مەترسییەوە.".

 

هەروەها باسی لەوەکرد کە حکومەت و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بێهەڵوێست و بێدەنگن لە ئاست ئەو هێرشانەی دەکرێتە سەر باشوری کوردستان و مەیدانەکە بۆ بنەماڵەی بارزانی چۆڵکراوە، چۆنی بوێت و بەرژەوەندی خۆی چۆن بێت بەو شێوەیە ڕێگە خۆشدەکات بۆ داگیرکەران.

 

"هەڵوێستی هێزە سیاسییەکان لاوازە و دەبێت ژنان ڕۆڵ بگێڕن"

شەهێن محەمەد هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکان بە لاواز هەڵدەسەنگێنێت و وتیشی تەنانەت حکومەتی عێراقیش لە ژێر فشاری هێزە جیهانییەکان دایە و ناتوانێت سەقامگیری بۆ خاکی باشوری کوردستان بەدیبهێنێت، بۆیە پێویستە لایەنە سیاسییەکان هەڵوێستی جدیان هەبێت جیاواز لە جارەکانی دیکە، "خەڵکی باشور هەرچەندە هۆشیارییان هەیە بەڵام پێویستە زیاتر ڕووبەڕووی داگیرکارییەکان ببنەوە و چیتر ملکەچ نەکەن بۆ داگیرکاران".

 

شه‌هێن محه‌مه‌د له‌ كۆتایی قسه‌كانیدا‌ رۆڵی ژنانی به‌رز نرخاند و وتی: "لە مێژووەوە ژنان ڕۆڵیان بینیوە و پێشەنگایەتیان کردووە لە بەرامبەر داگیرکاراندا، بۆیە پێویستە دەنگ و هەڵوێستاین هەبێت، بە دەنگی ئەوان و وەستاندنەوەیان ئەو دۆخە ناسەقامگیرییە دەکرێت کۆتایی بێت و داگیرکاری لەناوبچێت، دەبێت ژنان چیتر سەرقاڵی کێشە دروستکراوەکان نەبن، چونکە هەموو ئەو کێشانە پلان بۆ داڕێژراوە و تەنها بۆ سەرقاڵکردنی خەڵکی باشوری کوردستانە، بەشێکی ئەو ژنانەی بێدەنگ و بێ هەڵوێستن لە ژێر کاریگەری ئەو حیزب لایەنانەدا ماونەتەوە و ناتوانن هەڵوێستیان هەبێت و سەربەخۆیی قسەکردنیان نییە و لە بازنەی سیستمی دەسەڵاتدا دەخولێنەوە".