٣١ی ئاب... خیانەتێک لە گەل و نەتەوەی کورد

کاتێک شەڕی ناوخۆ لە نێوان یەنەکە و پەدەکە گەشتە لوتکە و یەنەکە دەستی بەسەر هەولێردا گرت، پەدەکە بۆ گرتنەوەی ئەو شارە پەنای بردە بەر سەرۆکی ڕژێمی پێشوی عێراق و بە یارمەتی دوژمنانی کورد ئەو شارەی گرتەوە، کە تیایدا چەندین پێشمەرگە شەهید و هاوڵاتی برینداربوون

ناوەندی هەواڵ

 

کاتێک شەڕی ناوخۆ لە نێوان یەنەکە و پەدەکە گەشتە لوتکە و یەنەکە دەستی بەسەر هەولێردا گرت، پەدەکە بۆ گرتنەوەی ئەو شارە پەنای بردە بەرهێنانی سەدام حوسەین سەرۆکی ڕژێمی پێشووی عێراق و بە یارمەتی دوژمنانی کورد ئەو شارەی گرتەوە کە تیایدا چەندین پێشمەرگە شەهید و برینداربوون وە دەیان هەزار کەس ئاوارەبوون.

 

٢٦ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر خیانەتی ٣١ ئابی ساڵی ١٩٩٦دا، تا ئێستاش لەلایەن زۆربەی خەڵکی کوردستانەوە وەک ڕووداوێکی ڕەشی پڕ شەرمەزاری لێی دەڕوانرێت و بە خیانەت لە گەل و نیشتیمان ناوزەند دەکرێت، پارتە سیاسیە کوردییەکان بە دەستی دوژمنانی کورد ڕۆڵەی نیشتیمانەکەی خۆیانیان بە کوشتندا، چونکە ڕژێمی بەعس دەستی بە خوێنی هەزارەها ڕۆڵەی کورد سوور بووبوو.

 

سەرەتای دروستبوونی حکومەتی کوردی، سەرەتای هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ

لە بەهاری ساڵی ١٩٩١ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەستیان بە ڕاپەڕین کرد دژی ڕژێمی بەعس، پاش ئەوەی ڕاپەڕین بە سەرکەوتووی ئەنجامدرا لە ساڵی ١٩٩٢ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا و سەرجەم پۆست و پێگە کارگێڕییەکان و هەروەها داهاتەکانیان لە نێوان یەنەکە و پەدەکە بە یەکسانی دابەشکرا.

 

لەسەر داهاتی باج و خاڵە سنورییەکان یەنەکە و پەدەکە گرژی و ئاڵۆزی کەوتە نێوانیان و لە ساڵی ١٩٩٤ شەڕی ناوخۆ سەریهەڵدا، کە لەو شەڕەدا یەنەکە دەستی بەسەر هەولێردا گرت و پەدەکەش دەستی بەسەر ناوچەکانی دەوروبەری سلێمانی گرت.

 

دەسەڵاتدارانی پارتە سیاسیەکان بە دەستی دوژمنان کورد دەدەن بە کوشت

ڕۆژى ٢٢ى ئابى ساڵی ١٩٩٦ واتە هەفتەیەک پێش هێرشکردنە سەر شاری هەولێر، مەسعود بارزانى، سەرۆکى پەدەکە، نامەیەک ئاڕاستەى سەرۆکی ڕژێمی بەعس دەکات و تێیدا داواى یارمەتى لێدەکات دژى هێزەکانى یەنەکە و گرتنەوەی هەولێر و نووسیبووى، "بەڕێز جەنابى سەرۆک، ئێوە بە زیرەکیی و ژیریی خۆتان بیر لە دەستتێوەردانى ئێرانییەکان لە کاروبارى ناوخۆى عێراق بکەنەوە".

 

سەدام حسێن دەستبەجێ داواکەى بارزانى قبوڵکرد، بەرەبەیانى ڕۆژى ٣١ ئاب هێرش بۆ سەر شارى هەولێر بە بەشداری هێزەکانی عێراق دەستیپێکرد و پاش گەمارۆدانی شارەکە لە ماوەى چەند کاتژمێرێکدا هەولێر لە ژێر دەستى هێزەکانى یەنەکە دەرهێنرا، کە ٤٠٠ تانك‌ و دەیان زرێپۆش‌ و چەندین كەتیبەی‌ تۆپخانە و كاتیۆشاو هاوەن‌ و هێلیكۆپتەری لە شەڕەکەدا بەکارهێندرابوو.

 

ڕۆژنامەى العراق لە ژمارەى ڕۆژى ٢ى ئەیلولى ١٩٩٦ بە مانشێتێکى گەورە نووسیبووى، "مەسعود بارزانى سوپاسى سەرکردایەتى شۆڕش دەکات لە بەدەمەوەهاتنى بۆ ڕزگارکردنى شارى هەولێر لە بەکرێگیراوانى ئێران"، دواتر تەلەڤزیۆنى فەرمى ئەوکاتى عێراقیش بە گرنگیی و بایەخى زۆرەوە هەواڵەکەى بڵاوکردەوە.

 

پاش دەرکردنی یەنەکە‌ لە هەولێر، لەژێر ناوى گەردەلولی‌ تۆڵە، لە ڕۆژی‌ ١٠ تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٩٦، واتە ٤٠ ڕۆژ پاش ٣١ی‌ ئاب یەنەکە بە هاوكاریی‌ هێزەكانی‌ ئێران، لە ماوەى سێ‌ ڕۆژدا زۆربەی‌ ناوچەكانی‌ ژێر دەستی‌ پەدەکەى‌ لە سنورى سلێمانی ‌‌و خستەوە ژێر دەسەڵاتى خۆى.

 

لە ئەنجامى هێرشەکەی ٣١ ئابدا ٤٥٠ کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ٢٠٠ کەسى تر برینداربوون زیاتر لە ١٠٠ کەسیش بێسەروشوێنبوون، کە بەشێکیان لە لایەنەکانى ئۆپۆزسیۆنى عێراق بوون، بە نزیکەی زیاتر لە ١٢ هەزار کەس لەو شەڕەدا گیانیان لەدەستدا.

 

نێوەندگیریی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان

عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد لە سەروبەندی ئاڵۆزییەکانی نێوان پەدەکە و یەنەکەدا ڕۆڵی نێوەندگیر دەبینێت و هەوڵ بۆ هێنانەدیی ئاشتەوایی و کۆتاییهێنان بە شەڕ لە نێوان ئەو دوو پارتە سیاسییە کوردییە دەدات.

 

لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان لەگەڵ ڕۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەتی عەرەبیی، جەخت لەسەر هەوڵی نێوەندگیرانەی خۆیان دەکاتەوە و دەڵێت: ئێمە وەک پەکەکە هەوڵی نێوەندگیریی و ئاشتەوایی نێوان هەردوولا دەدەین، یەکێتییەکی دیموکراتیی و نەتەوەیی بۆ کوردستان بەبنەما دەگرین، لە مێژووشدا شەڕی نێوان هۆزەکان زیانێکی زۆریان گەیاندووە بە گەلەکەمان، ئێمەش دەخوازین ئەمە بە یەکێتیی و هەماهەنگیی چارەسەر بکەین.

 

ڕێبەر ئۆجالان، بەبیری هێناوەتەوە، "شەڕ و ئاڵۆزیی لە مێژووی تێکۆشانی کورد-دا وەکو ڕێبازێک بەردەوامبووە، بەڵام ئەوە دەرکەوتووە کە ئەو ڕێبازە هیچ دەستکەوتێک بۆ کوردان بەدەستناهێنێت، ماوەیەکی زۆریشە ئێمە ئەم خاڵە وەکو بۆچوونێکی سیاسیی خۆمان دەردەبڕین".