"بەرخۆدانی گەلی ڕۆژئاوا بووەتە هیوا بۆ باشووری کوردستانیش"
چرۆ شوانی پارێزەر دەربارەی ئیرادە گەل لە ڕۆژئاوای کوردستان دژی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا وتی: گەل لەسەر بەنداوی تشرین بەرگری لە خاک دەکەن، بەرخۆدانی گەل بۆ هزر و ئایدیای ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان دەگەڕێتەوە.
هێلین ئەحمەد
سلێمانی- هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسی سووریا چڕ بووەتەوە و هێزەکانی سووریای دیموکراتیک-قەسەدە و یەکینەکانی پاراستنی ژن-یەپەژە و گەل بەرخۆدانی مێژووی بەڕێوە دەبەن.
گەل لە ڕۆژئاوای کوردستان لە ٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ەوە بە شێوەیەکی بەرفراوان لەسەر بەنداوی تشرین چالاکی ئێشکگری بۆ ڕێگری لە هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بەڕێوەدەبەن و ژنانیش پێشەنگایەتی ئەو بەرخۆدانە مێژووییە دەکەن.
جێی ئاماژەیە بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیاوە لە سەرەتای ئێشکگری گەل لە بەنداوی تشرین تا ئێستا ٢٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٢٠ کەس بریندارە.
"بەرخۆدانی گەل ترسی خستووەتە دڵی دوژمنانی کورد"
چرۆ شوانی، پارێزەر بۆ نوژنها دوا و باس لەوە دەکات، گەلی ڕۆژئاوا بەبێ بوونی جیاوازی ڕەگەزی لە منداڵەوە تا گەورە لەسەر بەنداوی تشرین بەرگری لە خاکی خۆیان دەکەن، بەڵام لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاوە دەکرێنە ئامانج، لەو بارەیەشەوە دەڵێت: گەلی ڕۆژئاوا بۆ پارێزگاری کردن و پشتیوانی ناوچەکە لەسەر بەنداوی تشرین درێژە بە بەرخۆدان دەدەن، هەموو دەزانن زیان گەیاندن بە بەنداوی تشرین هاوڵاتیانی مەدەنی زەرەرمەندی سەرەکی دەبن، بۆیە گەلان لەسەر بەنداوی تشرین بەردەوام بە بەهێزی مۆڕاڵیان خاوەنداری لە قەسەدە و ناوچەکە دەکەن، بەرخۆدانی گەل ترسی خستووەتە دڵی دوژمنانی کورد و شەڕڤانانی قەسەدەش ترسیان لە دڵی داگیرکەردا دروستکردووە، بەڵام بەرخۆدان و مۆڕاڵی گەل زیاتر ترس دەخاتە دڵی داگیرکەرانەوە، بۆیە بەردەوامی هێرشەکان لە ناوچەکەدا دەبیندرێت، دەوڵەتی داگیرکەر بە بەرچاوی مافی مرۆڤەوە هاوڵاتیانی مەدەنی دەکاتە ئامانج، هەروەها دەوڵەتانی زلهێز پشتیوانی لە بەرخۆدان دەکەن بەڵام بە بەرچاویانەوە هێرشەکان بەردەوامی دەبێت، هێرشە درۆنییەکان تەنها سەر بەنداوی تشرین ناگرێتەوە، بەڵکو هاوڵاتیانی مەدەنیی ناوچەکانی ڕۆژئاواش بە ئامانج دەگیرێت، ئەمانە دەکەوێتە چوارچێوەی تاوانی جەنگییەوە، لە کاتێکدا تاوانە جەنگییەکان بەرامبەر هاوڵاتیانی مەدەنی ڕێگەپێدراو نییە و جیهانیش لێی بێدەنگە.
ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوەشکرد، بەرخۆدانەکانی گەلی ڕۆژئاوای کوردستان بووەتە هیوابەخشێک بۆ تەواوی گەلانی جیهان و وتیشی: تەواوی کوردان لە هەر جێگەیەکدا بن پشتیوانی لە بەرخۆدانی گەلانی ڕۆژئاوا دەکەن، ماوەی ٣٣ ساڵە گەلی باشووری کوردستان بێ هیوا دەکرێت، بەڵام لە ئێستادا ئەو هیوایە گەڕاوەتەوە بۆ ناو کەسێتی کورد لەلایەن ڕۆژئاواوە، هەروەها دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا ترسی لە بیروڕای ئازاد هەیە، کاتێک گەلێک یان هێزێکی سەربازی کورد بەرگری دەکات، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بە ئامانجیان دەگرێت، لە ناویاندا ڕۆژنامەنووسان و هاوڵاتی مەدەنی و بیروڕای ئازاد بە ئامانج دەگرێت، لە ئێستادا هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن کوردانەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان شەرمەزار دەکرێت، گەلی کورد بەردەوام خاوەنداری لە کوردان و هێزی کوردان دەکات، بە چالاکی هەوڵی کردنەوەی دەروازەی سنوری سێمێلکا دەکرێت، لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکەوە وەفدێک بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەگەڵ ژەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی نێردراوە و دیداری نێوان مەسعود بارزانی، سەرۆکی پەدەکە و ژەنەڕاڵ مەزلوم عەبدی بۆ کوردان دڵخۆشکەرە، چونکە هیوایەکە بۆ یەکڕیزی، هەروەها ئەو بەرخۆدانەی لە ڕۆژئاوای کوردستان دەستی پێکردووە کاریگەری لەسەر دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان دروستکردووە، کاریگەر بوونی تاکی سیاسیی لە باشووردا بەدی دەکرێت.
چرۆ شوانی لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەدا، لە دوای دابەشکردنی سایکس بیکۆوە بەردەوام کوردان لە ڕێگەی کیمیاباران، جینۆسایدکردن، ئاوارە بوون، لەناوبردنی کولتوور و دابوونەریتەکان ڕووبەڕووی لەناوبردن بوونەتەوە، لە ئێستادا لە ڕۆژئاوای کوردستان هەبوونی هێرشەکان بۆ سەر کورد ڕەت دەکرێتەوە، بۆیە یەک بوونی کوردان ئەرکی هەر تاکێکی کوردە وتیشی: بەیاننامەیەک لەلایەن ڕاگەیاندکارانەوە بۆ ڕوماڵکردن و پشتیوانی کردنی بارودۆخی ڕۆژئاوا خرایەڕوو، لایەنە سیاسییەکان بەهۆی هەبوونی دەستی دەرەکی بەردەوام لە ناکۆکیدان، بەڵام گەل پێویستە نەکەوێتە ئەو ناکۆکیانەوە، پێویستە ئەو مۆڕاڵەی لە ڕۆژئاوای کوردستان هەیە، لە باشووری کوردستان درێژەی پێبدرێت تا بتوانین کاریگەری لەسەر لایەنە سیاسییەکانیش دروست بکەین، بەرخۆدانی گەلی ڕۆژئاوای کوردستان ڕووناکیەکە بۆ تەواوی پارچەکانی دیکەی کوردستان، پێویستە گەلی کورد لە نێوان ئەم پێشهاتانەی ڕوودەدات یەکڕیزی خۆی بپارێزێت، هەر ئەو یەکبوونەشە کە دەمانگەیەنێت بە ئامانجەکانمان، ئێمە لەلای داگیرکەر هەر کوردین، پێویستە تەواوی کورد لە هەر جێگەیەک بێت پشتیوانی و یەکبوونی خۆیان ڕابگەیەنن.