تارا حسێن: ئەگەر ژن پێشەنگایەتی نەکات دیموکراتی بەدی نایەت
تارا حسێن، جێگری هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، ڕووداوە سیاسییەکانی ساڵی ٢٠٢١ دەنرخێنێت، باس لەوەدەکات لەوساڵەدا ژنان توانییان دەستکەوتی گرنگ بەدەستبهێنن، بەڵام گرنگتر لەوە یەکڕیزی ژنانە تا بتوانن ساڵی ٢٠٢٢ بکەنە ساڵی گەیشتن بە ئامانج و وەستانەوە دژی توندوتیژی و داگیرکاری.
تەوار پێنجوێنی
سلێمانی- ساڵی ٢٠٢١ ڕووداوە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکانی ڕوویاندا کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژنان هەبوو، بەتایبەت پرسی داگیرکاری و دەستتێوەردانی دەوڵەتی تورکیا لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان و هێرشەکان، هەروەها بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و تێپەڕاندنی ٪٢٥ی کۆتا بۆ ژنان بە دەنگی خۆیان.
تارا حسێن، جێگری هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ژنها، باس لە ڕووداوە گرنگەکانی ساڵی ٢٠٢١ دەکات و ڕۆڵی ژنان دەکات و دەڵێت: بۆ ساڵی ٢٠٢١ دەتوانرێت باس لە هەڵبژاردنەکان بکرێت کە ژنان توانییان سەرباری دۆخی سیاسی و ناڕەزایەتی هاوڵاتیان چ وەکو کاندید و وەک دەنگدەر ژنان پێشکەوتنیان لە هەڵبژاردنەکاندا دەرکەوت، هەروەها لەمساڵدا ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ڕۆڵی باشتریان گێڕا و چاودێرییەکی باشتر هەبوو بۆ خاوەنداریکردن لە پرسی ژنان، یەکێک لە نمونەکانیش کەیسی سێوان قادر بوو کە لە ١٧ دانیشتنی دادگادا بەردەوام ڕێکخراوەکانی ژنان ئامادەبوون تا بە سزاگەیاندنی تاوان، کە ئەمە خاوەنداری بوو و جێگەی ئومێدی ئەو ژنانەیە کە توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت تا هەست بکەن کەسانێک هەن داکۆکیان لێدەکەن.
ساڵی ٢٠٢١ زۆرترین چالاکی ژنانی تێدا ئەنجامدرا، هێزە دەرەکی و ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان ئاستەنگییان دروستدەکرد لە بەردەم ژنان، چەند ژنێک دەستگیرکران و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و دەستتێوەردانەکانیی لە ناوخۆی هەرێمدا هۆکاربوون، بەڵام وەک تارا باسی لێوەدەکات ژنان نەوەستاون لە چالاکی و ناڕەزایەتییەکانیان، "ئەمە پێشکەوتنە لە پێشەنگایەتی ژناندا، لەگەڵ ئەوەشدا ژنان قوربانی زۆریان داوە، کوشتن و خۆکوشتنەکان زۆربوون، بەڵام تێکۆشانی ژنان پێشکەوتنی باسی بەخۆوە دیوە".
دەوڵەتی تورکیا دوو ئۆپەراسیۆنی بەرفراوانی بۆسەر باشوری کوردستان دەستپێکردووە
داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا پرسێکی سیاسی و ڕۆژەڤێکی گرنگی باشوری کوردستانە، لە ساڵی ٢٠٢١دا دووجار دەوڵەتی تورکیا ئۆپەراسیۆنی بۆسەر باشوری کوردستان دەستپێکرد، یەکەمیان لە مانگی شوباتدا ئۆپەراسیۆنی بۆسەر چیای گارە دەستپێکرد کەلە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا تێیدا تێکشکا و پاشەکشەی کرد، دووەمین جاریش لە ٢٣ی نیساندا بوو کە ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی بۆسەر چیاکانی هەفتانین، مەتینا و زاپ و هەرێمی بادینان دەستپێکرد و لەلایەن گەریلاکانی ئازادی بەرەنگاری و بەرخۆدانی دەکرێت، ئەمە جگە لە هێرشەکان بۆسەر شەنگال و کامپی مەخمور.
تارا حسێن لەو بارەیەوە دەڵێت: "ئەوەی پێشەنگایەتی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی دژ بە داگیرکاری کرد، ژنان بوون و ڕۆڵیان بینی، لەکاتێکدا دۆخی سیاسی لە باشوری کوردستان وەها شێوێندراوە کە بێ ئیرادەیی و بێدەسەڵاتی لەلای کۆمەڵگە پەخشکراوەتەوە، واکراوە ئەو دەسەڵاتەی خۆی تەسلیمی داگیرکاران بووە، کۆمەڵگەش بێ هیوا ببێت لە دەربڕینی ناڕەزایەتی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ژنان ڕۆڵیان بینی لەو نێوەندەدا"، نمونەی بەرخۆدانی ژنانی شەنگال سەرباری ڕێکەوتن و هێرشەکانیش دەهێنێتەوە.
کۆنگرەی "دیالۆگی کوردی-عەرەبیی سەرکەوتوو"
١١ی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوو کۆنگرەی "دیالۆگی کوردی-عەرەبیی سەرکەوتوو" لە بەغدای پایتەخت بەڕێوەچوو، تارا حسێن بەشداری کۆنگرەکە بوو، ناوەڕۆکی کۆنگرەکە بۆ گفتوگۆ و خەباتی هاوبەشی نێوان کورد و عەرەب بوو، باس لەوەدەکات کە لە پێشتردا هیچ هێزێکی سیاسی دوور لە بەرژەوەندی سیاسی و دەسەڵاتی خۆی دەستی بۆ ئەو پرسە نەبردووە و ئەکادیمییەکانیش باسیان لێی نەکردووە، "بەڵام خۆشبەختانە کۆمەڵێک ڕێکخراوی بەرهەمهێنەری فکر و پڕۆژەی چارەسەری لە عێراقدا کۆنگرەیان بەست و ژنانیش بە جیاوازی نەتەوە و زمان و باوەڕییەوە بەشداربوون و پێکەوە بڕیار و هەماهەنگییان هەبوو کە بۆ گەشتن بە ئامانجەکانیان پێشەنگایەتی بکەن، یەکێک لە بڕیارەکانی کۆنگرەش هەبوونی ژن بوو لە پرۆژەی دیموکراتییەکدا، چونکە ئەگەر ژن پێشەنگایەتی نەکات دیموکراتی بەدی نایەت".
دەستگیرکردنی سێ چالاکوان لە ساڵیادی شەنگالدا
وەک جێگری هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی ئاماژە بەوەدەکات کە جگە لە هێرشی داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا، هێرشی دەسەڵاتداری ناوخۆ هەیە لە ڕووی فەرهەنگی، کلتوری، سیاسی و پەروەردەیی و بوارەکانی دیکە، لەو ناوەندەشدا ژنان وەک بەرکەوتە و قوربانی یەکەم دەبینێت، هەروەها دەستگیرکردنی سێ ژنە چالاکوان لە ساڵیادی شەنگالدا بەبیردەهێنێتەوە کە لەلایەن ئاسایشی پەدەکەوە دەستگیردەکرێن بەبێ گەڕانەوە بۆ دادگا، دەشڵێت: ئەقڵیەتی دەسەڵاتداری هەرێمەکەمان کاتی ئەوەی هاتووە گۆڕانکاری تێدا بکرێت و ژنان پێشەنگایەتی لە گۆڕینی ئەقڵیەت و دەسەڵاتداری لە باشوری کوردستان بکەن، ئەمەش بە تێکۆشان دەکرێت".
پێشنیار بۆ پێشەنگایەتی لە ساڵی نوێدا
تارا جەختلەوە دەکاتەوە کە کاتی ئەوەی هاتووە ژنان بێنە لای یەکتر و هەروەک ئەنجامی کۆنگرەکەی بەغدادیش، لە ساڵی ٢٠٢٢دا کاربکەن تا بە ئامانجەکانیان بگەن، "گرنگە بە داگیرکاری بڵێین بۆت نییە خاکمان ببەزێنیت، هەم بە دەسەڵاتی ناوخۆ بڵێین بۆت نییە بە چاوی نامووس مامەڵە لەگەڵ ژنانی چالاکوان و سیاسی بکەیت و بەربەست لە بەردەمیاندا دروستبکەیت، کە پێم وایە ژنان دەتوانن ئەمە بکەن ئەگەر ئەقڵیەتی پیاوسالاری ناو حزبەکانیان تێبپەڕێنن".
ت.پ