سۆزان حەمە تاتە: هەڵبژاردن تەواو، ئیتر نۆرەی سازانە
نووسەر سۆزان حەمە تاتە دەڵێت: "سازان و ڕێكکەوتن لە پڕۆسەی دیموكراسیدا بەتایبەت لەو وڵاتانەی هێشتا دیموكراسییەكەیان تەواو نەگەییوە، فاكتەر یان ڕێگەیەکی گرنگە بەرەو سەقامگیریی سیاسی و پێكهێنانی حكومەت، تا ئێستا لە عێراقیشدا ئەمە كاری لەسەر دەكرێت و بێ سازان هیچ هاوپەیمانی و حزبێك یان نەتەوە و مەزهەبێك نەیتوانیووە تاكلایەنە حکومڕانی وڵات بكات."
نووسەر سۆزان حەمە تاتە دەڵێت: "سازان و ڕێكکەوتن لە پڕۆسەی دیموكراسیدا بەتایبەت لەو وڵاتانەی هێشتا دیموكراسییەكەیان تەواو نەگەییوە، فاكتەر یان ڕێگەیەکی گرنگە بەرەو سەقامگیریی سیاسی و پێكهێنانی حكومەت، تا ئێستا لە عێراقیشدا ئەمە كاری لەسەر دەكرێت و بێ سازان هیچ هاوپەیمانی و حزبێك یان نەتەوە و مەزهەبێك نەیتوانیووە تاكلایەنە حکومڕانی وڵات بكات."
ناوەندی هەواڵ
سۆزان حەمە تاتە لە نووسینێکیدا بە ناونیشانی "هەڵبژاردن تەواو، ئیتر نۆرەی سازانە " ئاماژە بەوەدەکات، بە رێژەیەكی زۆر پڕۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق سەركەوتوو بوو، كەمترین سكاڵا لە پڕۆسەكە كرا، زۆرینەی حزبەكانی باشوری كوردستان وعێراق ڕازین بە ئەنجامەكانی، دۆڕاوی زیاتر لە براوەی تیادایە، هەیە كورسییەكانی سفر بۆتەوە و هەشە لە حزبێكی بچووكەوە بووە بە حزبێكی تاڕادەیەك گەورە، ئەمە بۆ سەر ئاستی عێراق بەگشتی ڕاستە و بەهۆیەوە عێراق دەچێتە پڕۆسەیەكی نوێوە كە پێكهێنانی حكومەتە و كوردیش بەشێكە لەو كارە قورسە".
ڕاشیگەیاندووە، پێش ئەوەی بیر لە ڕێكکەوتن لەگەڵ حزب و هاوپەیمانییەكانی شیعە و سوننە بكرێتەوە بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق، هەنگاوی گرنگ و یەكەم ئەوەیە حزبەكانی كوردستان كۆببنەوە و لەسەر چەند خاڵێكی گرنگ ڕێكبكەون بۆئەوەی هەم لە بەغدا پێگەیان بەهێز بێت، هەمیش بە بەرنامەیەكی نیشتمانی كوردستان و گرنگەوە بچنە پڕۆسەی دانوستاندنەوە و چەندین پلانی یەك و دوو و سێیان هەبێت كە لایەنی بەرامبەر ناچار بەوە بكات پێی ڕازی بێت.
دەربارەی بەشداری کورد لە حکومەتی عێراق، سۆزان حەمە تاتە وتویەتی: "بەشداریكردنی كورد لە حكومەتی عێراقدا مسۆگەرە، كەواتە بوونی یەكڕیزیی و سازان لەسەر بەرنامەیەك بۆ وەرگرتنەوەی مافەكانی خەڵكی كوردستان و بەهێزكردنەوەی پێگەی كورد لە بەغدا كارێكی پێویستە و ئامادەسازیی پێویستی دەوێت، چەمكی سازان بریتییە لە دەستبەرداربوونی لایەنە سازاوەكان لەسەر بەشێك لە دەستكەوت و مافەكانی خۆی لەپێناوی گەیشتن بە بەرنامەیەی كاری هاوبەش، لە پڕۆسەیەكی وادا، هەمیشە یەكەم یان براوە گەورەكان نەرمی لەگەڵ بەرامبەرەکان دەنوێنن بۆ بەدەستهێنانی ئامانجی گەورە و دروستبوونی سەقامگیریی سیاسی، لێرەدا مەترسیی گەورە ئەوەیە بە بیانووی جۆراوجۆرەوە حزبەكانی هەرێمی كوردستان پێش دەستكردنیان بە دانوستاندن لەگەڵ حزب و هاوپەیمانییەكانی تری عێراق نەسازێن و هەریەكەیان بەجیا بچنە دانوستانەوە، ئەمە دوو مەترسیی زۆر گەورە دروست دەكات، یەكەمیان ئەوەیە كارتی دەستیان كەم دەبێت و پێگەشیان لاواز دەبێت لە دانوستانەكاندا، دووەمینیشیان ئەوەیە لایەنەكانی بەرامبەر ئەو پەرتەوازەییە وەكو هەل دەقۆزنەوە بۆ جێبەجێكردنی كەمترین مافەكانی كورد و لەو نێوەندەشدا زەرەرمەندی یەكەم خەڵكی كوردستان دەبێت".
لە کۆتاییدا دەڵێت: "دروشمەكەی من ئەمەیە، سازان لەگەڵ یەکتری دواتر ڕێكکەوتن لەگەڵ ئەوانی تر".