سیستەمی هاوسەرۆکایەتی لە دێرەزوور مۆدێلێکی پێشەنگە بۆ بەهێزکردنی ژنان لە سووریا
لە گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە ڕێڕەوی بەهێزکردنی ژنان، سیستەمی هاوسەرۆکایەتی لە پارێزگای دێرەزوور لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا سەرکەوتوو بووە لە تێپەڕاندنی ئاڵەنگاری کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان، بەهێزکردنی ژنان بۆ ئەوەی ڕۆڵی پێشەنگایەتی بگێڕن.

زەينەب خەليف
دێرەزوور ـ لە هەنگاوێکی مێژووییدا بەرەو گەیشتن بە یەکسانی ڕەگەزی، پارێزگی دێرەزوور لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا مۆدێلێکی ناوازەی بەهێزکردنی ژنانی لە ڕێگەی جێبەجێکردنی سیستەمی هاوسەرۆکایەتییەوە نیشانداوە. ئەم سیستەمە کە یەکەم سیستەمە لە جۆری خۆی لە جیهاندا، هاوبەشییەکی ڕاستەقینەی نێوان ژن و پیاو لە بڕیاردان مسۆگەر دەکات، بەشداری دەکات لە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر و هاوسەنگ.
هاوسەرۆکایەتی بازدانێکی چۆنایەتی لە ڕێگای ڕزگاری ژنان
ڕەحمە عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێکاری پارێزگای دێرەزوور جەختی لەوە کردەوە کە سیستەمی هاوسەرۆکایەتی نوێنەرایەتی گۆڕانکارییەکی چۆنایەتی دەکات لە بەهێزکردنی ژنان دوای ساڵانێکی دوورودرێژ لە پەراوێزخستن، بەهۆی سنووردارکردنی کۆمەڵایەتی و کولتوورییەوە کە بەشداری سیاسی و کارگێڕییان لێ بێبەش کرد.
ڕوونیکردەوە کە جێبەجێکردنی سیستەمەکە ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری بەرچاو بووەتەوە، دیارترینیان بەرخۆدانی کۆمەڵگەی ناوخۆییە بەرامبەر بەو بیرۆکەیە بەهۆی نەریتە پیاوسالارییەکانەوە، بەڵام ئیرادە و بڕوای ژنان بە دادپەروەری و یەکسانی وای کرد کە لە ئاڵەنگاریەکان تێپەڕێنن و بوونی خۆیان لە دامودەزگا جۆراوجۆرەکانی خۆبەڕێوبردندا چەسپێنن. ئەمڕۆ ئێمە لەبەردەم دیمەنێکی جیاوازداین؛ ژنانی دێرەزوور لە ناوەندەکانی بڕیاردانی سیاسی، دامەزراوە ئابوورییەکان، ئەنجومەنە کۆمەڵایەتییەکان و تەنانەت پۆستە سەربازییەکاندا چالاک بوون. ئەم دەستکەوتانە سەرەڕای ژینگەی سەختی کۆمەڵایەتی بەدیهاتن.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەشداری ژنان لە هاوسەرۆکایەتی دا گەیشتە ٢٥%، ئەمەش ڕێژەیەک بە لەبەرچاوگرتنی سروشتی نەریتی کۆمەڵگە بە دەستکەوتێک پێناسە دەکرێت، ڕێگای گەیشتن بە بەشداریکردنی یەکسانی ڕەگەزی بەردەوامە.
جەختی لەوە کردەوە کە ئایدۆلۆژیای ڕزگاریخوازانەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئەو بناغەیە بوو کە ئەم سیستەمە لەسەری بنیات نراوە، شوێنی فراوانی بۆ ژنانی دێرەزوور دابین کرد بۆ ئەوەی ڕۆڵی خۆیان لە هەموو دامودەزگاکاندا بەڕێوەببەن، لە شارەوانییەکانەوە تا ئەنجومەن و ئەندامە بەڕێوبردنەکان، وایکرد ئامادەبوونیان کاریگەر و ژیانیانە لە بڕیاردان و گۆڕانکاریدا.
پێی وایە سیستەمی هاوسەرۆکایەتی تەنها ئامادەیی فەرمی بە ژنان نەبەخشی، بەڵکو مافی سروشتی خۆیان پێبەخشی کە هاوبەشی ڕاستەقینە بن لە حوکمڕانیدا، ئەم مۆدێلە سەرکەوتوو بووە لە بەدەستهێنانی یەکسانی ڕاستەقینەی ڕەگەزی و دروستکردنی ژینگەیەکی بەشداریکردن لە پێشەنگایەتی کۆمەڵگەدا.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم پڕۆژەیە نابێت تەنها لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادا بمێنێتەوە، بەڵکو پێویستە وەک مۆدێلێکی جیهانی گشتگیر بکرێت، بۆ ئەوەی وڵاتانی دیکە وەریبگرن، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە ژنان بەدەست دوورخستنەوە و پەراوێزخستنەوە دەناڵێنن.
داوای لە ژنان کرد کە ئازایەتی و ئیرادە نیشان بدەن، پاشەکشە نەکەن لە مافەکانیان یان دەستبەرداری هەڵوێستەکانیان بن، جەختیشی لەوە کردەوە کە ژنانی بەهێز کۆمەڵگەی بەهێز دروست دەکەن، هەروەها بوار بۆ لاوازی لە ڕێگای ڕزگاری و یەکسانیدا نییە.
"ژنان هاوبەشن لە بڕیاردان و دەستبەرداری مافی پێشەنگایەتیکردنی کۆمەڵگە نابن"
زەهرا تایە ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی زەنوبيا جەختی لەوە کردەوە کە ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پێگە و مافەکانی خۆیان وەرگرتەوە، کە هەزاران ساڵ لەمەوبەر دزرابوون، لە ڕێگەی سیستمی خۆبەڕێوەبردنەوە، ئەم سیستەمە گەرەنتی بەشداری تەواوی ژنان لە ژیانی گشتیدا دەکات لە ڕێگەی مۆدێلی پێشەنگایەتی هاوبەشەوە، کە وەرگێڕانێکی ڕاستەقینەی ئایدۆلۆژیای لیبراڵ دیموکراتییە.
ئەو سوپاس و پێزانینی قوڵی خۆی بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەربڕی، کە بە وتەی خۆی "ژیانێکی نوێی بە ژنان بەخشی" لە ڕێگەی بیرکردنەوەکەیەوە، بنەمای هاوبەشی یەکسانی نێوان ژن و پیاوی دامەزراند، ژنانی کردە هاوبەشی ڕاستەقینە لە هەموو پۆستەکانی بڕیاردان، جا چ لە دامەزراوەکانی پەروەردەیی، خزمەتگوزاری، یان کۆمەڵایەتیدا.
جەختی لەوە کردەوە کە ژنان لە ژێر ئەم سیستەمەدا مافەکانیان بەدەستهێناوە بەڵام هێشتا جێگەی تەواوی خۆیان لە پۆستەکانی پێشەنگایەتیدا نەگرتووەتەوە. ئەمە پێویستی بەوەیە پابەندبن بە هەڵوێستی پێشەنگایەتی خۆیانەوە، بڕیاری خۆیان بدەن، نەک دووربخرێنەوە یان بڕیارەکانیان بەناوی پیاوانەوە قۆرخ بکرێت. پێشەنگایەتی هاوبەش دروشم نییە، بەڵکو پراکتیکێکی دادپەروەری و یەکسانییە. ئەم مۆدێلە توانای بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دوور لە هەڵاواردن و پێدانی شوێنی دەربڕین بە ژنان و پاراستنی ناسنامە و هێزی خۆیان وەک ژنانی چالاک و کاریگەر هەیە.
داوای لە ژنان کرد بەهێز و بڕیاردەر و پارێزەری دادپەروەری بن، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ژنانی بەهێز نەوەی بەهێز دروست دەکەن، کۆمەڵگەیەکی یەکگرتوویش لە ژنێکەوە دەست پێدەکات کە هۆشیار و چەسپاو بێت لە پێگەی خۆیدا.
هبە غانم، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی دیموکراتی گەلان لە هەجین جەختی لەوە کردەوە کە سیستەمی هاوسەرۆکایەتی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کە لەلایەن ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە دامەزراوە، مۆدێلێکی ناوازەیە لە سەرانسەری جیهاندا، هاوبەشییەکی ڕاستەقینەی نێوان ژن و پیاو لە بڕیاردان بەرجەستە دەکات، ئەم سیستەمە نەک هەر ژنانی بەهێز کردووە، بەڵکو ڕۆڵێکی پێشەنگی لە بوارە جیاوازەکانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، سەربازیدا پێبەخشیون.
ڕوونیشیکردەوە، سەرەڕای ئەو ئاڵەنگاری کۆمەڵایەتی و کولتوورییانەی کە ژنان لە سەرەتادا ڕووبەڕووی بوونەتەوە، بەڵام بە ئیرادەی بەهێزیان توانیان خۆیان لە پۆستە پێشەنگایەتییەکاندا جێگیر بکەن. ئەمڕۆ ژنان لە پارێزگای دێرەزوور پۆستی هاوسەرۆکایەتییان هەیە و چالاکانە بەشداری لە بڕیاردانی ستراتیژیدا دەکەن. ئەم پێشکەوتنە ئەوە دەردەخات کە ژنان تەنها بەشێک نین لە سیستەمەکە، بەڵکو پایەیەکی بنەڕەتییە لە بنیاتنانیدا.
جەختی لەوە کردەوە کە بەشداری ژنان لە هاوسەرۆکایەتیدا تەنها فۆرماڵیزمێک نییە، بەڵکو هاوبەشییەکی ڕاستەقینەیە کە بەشدارە لە پێشخستنی دادپەروەری و یەکسانی. ژنانی ئەمڕۆ لەگەڵ پیاوان بەشداری بڕیاردان دەکەن، بەشداری دەکەن لە داڕشتنی سیاسەتێک کە کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە بە گشتی هەبێت، ئەم مۆدێلە ئەوە نیشان دەدات کە گۆڕانکاری ئەگەری هەیە و ژنان توانای ئەوەیان هەیە کۆمەڵگە بەرەو داهاتوویەکی باشتر ببەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، جێبەجێکردنی ئەم مۆدێلە لە سووریای نوێدا هەنگاوێک دەبێت بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر و هاوسەنگ کە مافەکانی ژنان بەهێز بکات، ڕۆڵی کارایان لە هەموو بوارەکاندا دووپات بکاتەوە. بانگەوازێکە بۆ هەموو ژنان کە مافەکانیان بپارێزن و بەشداری چالاکانە لە بنیاتنانی داهاتوودا بکەن.
هبە غانم لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئێمەی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پێمان وایە پێشەنگایەتی هاوبەش کۆتایی خەباتمان نییە، بەڵکو سەرەتای قۆناغێکی نوێی بەهێزکردنی ژنان و بەهێزکردنی ڕۆڵی ژنانە لە کۆمەڵگەدا، هەوڵدەدەین ئەم مۆدێلە فراوانتر بکەین بۆ ئەوەی هەموو ناوچەکانی سووریا بگرێتەوە، جەختیش لەوە دەکەینەوە کە ژنانی بەهێز بەشداری لە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی بەهێز و یەکگرتوودا دەکەن.