سیاسەت و کورد و ژنی کورد لە قۆناغی نۆژەن بوونەوەدان!

تارا حسێن، جێگری هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی لە وتارێکی تایبەتیدا بۆ گۆڤاری تروسکە، بە مانشێتی " سیاسەت و کورد و ژنی کورد لە قۆناغی نۆژەن بوونەوەدان!" دەربارەی قۆناغی سیاسی و تێکۆشانی ژنان لەو قۆناغەدا دەنووسێت: "بۆ دیزاینی نوێی ناوچەکە فریا دەکەوین یان ھێشتا ماومانە؟ جارێ دەبێت قوربانی دی ئامادە بکەین و چەند جارێکی تر جینۆساید بکرێینەوە؟!"

ناوەندی هەواڵ

 

 

تەواوی وتارەکە:

دوو ساڵ و نزیکەی دوو مانگ ماوە بۆ تێپەڕاندنی ١٠٠ ساڵ بەسەر پەیماننامەی لۆزان، بە واتای کۆتایی ھێنان بە دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی. بۆیە خواستە ھەژمونخوازی و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی داگیرکاری ئاکەپە- مەھەپە، کەوتونەتە پەلەقاژێی بە دەستھێنانەوە و قازانج کردنەوەی ئەو ئیمپراتۆریەتە، ھەڵبەتە ھاوکاریەکانی ئەمریکا و بریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا و ئیسرائیل و زۆر دەوڵەت و زلھێزی دیکەی ناوچەکە و جیھانیش لە بەرچاوە. لە ڕۆژی نەتەوەیی تورکدا ٢٣/٤ و رۆژی قەتڵوعامی گەلی ئەرمەن ٢٤/٤ دا، لە دوای پەیوەندی تەلەفۆنی "ئەردۆغان" لەگەڵ "جۆ بایدن" سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دەستپێکردنی ھێرشە داگیرکاریەکان بۆ سەر خاکی باشوری کوردستان و بەکارھێنانی چەکی کیمیایی "قەدەغەکراو" پێمان دەڵێت جینۆساید بەردەوامە، پێمان دەڵێت سیاسەتی نێودەوڵەتی زلھێزانیش بەرامبەر بەگەلی کورد ھەمان سیاسەتی سەد ساڵی پێشترە و پەیمانەکان و ڕێکەوتنەکان ئێستاش ھەمان لۆزان و ھەمان سیڤەر و ھەمان فرانکلین-بۆیۆنن-. ئەگەر قوڵتر بڕۆین چەندین سەدە پێشتر و لە ساڵی ١٦٣٨ و پەیماننامەی قەسری شیرین و دابەش کردنی کوردستان بەسەر دوو ئیمپراتۆریەتدا، ئەوەی گرنگە ژماردنی ئەو ڕێکەوتننامانە نین، چونکە لە ژماردن نایەن بۆ پارچە کردن و دابڕاندنی گەلی کورد لە یەکتری، ئەوەتا دۆخی سیاسی ناوچەکە بە گشتی لە ئاڵۆزیدایە، ھۆکاری بنەڕەتیش داگیرکاری تورکیا و پاڵپشتی ئیمپریالیزمە، ئەوەی گرنگە بۆ ئێمە کە ھەم ھەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە بکەین و ھەم ڕێبازی رووبەڕووبونەوە و بەرخۆدانیمان تاوتوێ بکەین، ئایا مرۆڤی کورد ھەمان مۆدێلی کوردی پێشترە؟ ئایا سیاسەتی کورد ھەمان سیاسەتی کلاسیکی سەدەی ڕابردووە؟ ئایا ژن و تێکۆشانەکەی ھەمان ژنی پەڕاوێزی مێژووە؟

لە مێژووی ئێمە و ناوچەکەشدا بەردەوام مۆدێلێک لەپێشبووە ئەویش پێشکەوتن و تێکۆشانەکانن، ئامانج لە پێشکەوتنی فۆرمی دەسەڵاتداری و دەوڵەتداری و ھەژمونخوازیدا بینراوە، دەنگێک بەردەوام بە گوێماندا خوێندویەتی کە دەبێت بەھەمان چەکی دوژمن رووبەڕووی خودی دوژمن ببینەوە، ھەوڵ بدەین بگەین بەو فۆرمەی کە خۆمانی پێ لەناو دەبرێت، ئەو سیاسەیەی کە قڕکردن بەبنەما دەگرێت، ئەو ڕێبازەی دەمانچەوسێنێتەوە پێی بگەین و ئیتر لە کۆمەڵگەیەکی قوربانیدەرەوە ببینە ھێزێک کە خۆمان ئەوانی دی بکەینە قوربانی. ئەم بەبن گوێدا خوێندنەمان بێ ھۆ و بێ پلان نەبووە، بێگومان ناتوانرێت بەو ئامرازە شەڕ لەگەڵ ئەندازیاری ھەمان ئامراز بکەیت، چونکە ئەندازیار باشتر ھەموو بورغوەکانی ئامرازەکەی شارەزایە، لە بنەڕەتدا ئەم بە شوێنکەوتن و لاسایی کردنەوەیە دەکەوێتەوە خزمەت دوژمن و سەرچاوەکەی لە نەبوونی ھێزی فیکری و سیاسی و خوێندنەوەی زانستی و مێژوویی قووڵ دەبینێتەوە، کە لەگەڵ خۆیدا بێ بەرنامە و بێ پلانی ستراتیژی و تاکتیکیشت دەھێڵێتەوە، ئەم بۆشاییەش دوژمن کەی و چۆن کە پێویستی بوو و ویستی لەسەر بوو دەتوانێت بەکاری بهێنێت..

ئەمڕۆ زیاتر لە چوار دەیەیە لە مێژووی کورددا جۆرێکی تر لە مرۆڤ و کورد و ژن و سیاسەت و تێکۆشان لە دایک بووە، ئەمە بە پێی ئەو ڕێکەوتننامانەی کە بێ حزوری خۆمان چارەنوسمان دیاری دەکرا قبوڵ ناکات! لاوازی ئیرادە و بێ مۆراڵی و ھاوکات بێ پرۆژەیی تێپەڕاندووە، بڕیاری داوە چیتر بینەر و بیسەری بێدەنگ و کپکراوی جینۆسایدەکان نەبێ، چەمکی شۆڕش جارێکیتر ئانالیز بکات و تێروتەسەلی بکات. چەمکی پرسی کەسێتییەکی کۆلۆنیکراو دەست تێوەربدا و لە ھەوێنی کەسێتی ئازاد و بە پرەنسیپدا پەروەردەی زھنیەتی تاک بە تاک بەدەستبگرێت و بە گۆڕانکاری لە کەسێتی تاکی کورد و بەتایبەت ژندا شۆڕشێکی نوێ بئافرێنێت، کە لە دەرەوەی سیستمی باو خۆی بەڕێوەببات. بێگومان ھەموو نوێگەرییەک قورسە، چونکە ھەموو لێگەڕەکان بە دوای حەقیقەتدا ناگەڕێن! گۆڕانکارییەکان بە ئاسان هەرس ناکرێن، زۆرجار شۆک و نامۆ بوون دەرباز دەکات، ھەژان و ڕاچڵەکین دروست دەبێت، کات پێویستە بۆ ئاشنا بوون! بۆیە زۆر جار پرسیار دەکرێت ئەم شۆڕشە تێر و تەسەلەی کە نە ھونەر و نە ژینگە و نە فکر و نە مێژووی پەڕاوێز خستووە، ئەنجامەکەی خێرا نییە؟ بۆیە لە سەرەوە ئاماژەمان بە گۆڕانکاری قۆناغ و نوێگەری کرد کە سەردەمێک بۆ ئاشنا بوون پێویستە، پاش ئاشنابوون بەشداربوون و باوەڕی چێ دەبێت؟ ئێستا بزووتنەوەی ئازادی سەرکێشی گەیشتن بە مافە ڕەواکانی گەلی کورد و گەلانی دیکەی بندەست دەکات، ژنانی ئازادیخواز پێشەنگایەتی بۆ ژنانی ڕۆژھەڵاتی ناوین و ئەنتەرناسیۆنالیست دەکەن، بزووتنەوە فێمێنیستیەکانی جیھانی بە خوێندنەوە و قوڵبوونەوە لەخۆی سەرقاڵ کردووە، پرسیاری ھۆکار و پاڵنەرەکانی پشتی ئیرادەی ئازادی ژنانی کورد و ھاوخەباتەکانیان دەکەن.

لە سیاسەتدا ھێڵی سێیەم و پێشخستنی سیاسەتی دیموکراتی و ئەخلاقی، تێکۆشانکردن بە باوەڕ و ئامانجەوە بۆ گەیشتن بە سیستەمێک کە دەقاودەق پێچەوانەی ئەو سیستەمە بێت کە ھەیە، کە ھێزە ستاتۆپارێز و ناسیۆنالیستەکان و زۆری تریش ھەڵپەی زیاتریانە بۆ دەستکەوتەکان لە چوارچێوەی ئەو مۆدێلەدا. لە شەنگال و ئێزدییەکان و تەسلیم کردن و پاراستنیدا، نمونەی ھەموو ئەوانە کۆبوونەتەوە و ئاوێزانی یەکترن بەرھەمی چل ساڵ بۆ نوێگەری لە سیاسەتی بزووتنەوەی ئازادی و ھێڵی سێهەم، دەتوانین ھەر لە شەنگالدا سیاسەتی قڕێژی کلاسیک و میلیگەرایی و جیاکارییەکان ببینن و بەراوردی بکەین، ئەوەی شەنگالی بەجێھێشت و توانای بەرگری بە چەکی قورسەوە نەبوو بەرامبەر بە داعش، ھەموومان ژنانی شەنگالمان بینی و قەتڵوعام و بێ دەسەڵاتی و داماوییەکانی ئێزدییەکانمان بینی، چونکە سیاسەتی ھێزی کلاسیک و میللیگەرا ھەمان سیاسەتی دەوڵەت نەتەوەییە کە باوەڕیی و پێکھاتە و نەتەوەکانی دەرەوەی سەردەست، بە کەمینە و پەڕاوێزخراو دەزانێت. ھەمان گەل و ھەمان باوەڕی و ھەمان جوگرافیا و ھەمان ژن، کە ماوەی پێشوو حکومەتی عێراقی بە ڕێککەوتن لەگەل ئاکەپە و پەدەکە خواستیان وەکو ڕابردوو ھەمان سیاسەتیان لەسەر بەڕێوەببەن، بەڵام ئەمجارە بەھێزی تانک و زرێپۆشەوە بەرەو شەنگال و بۆ جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی سێ قوڵی ڕۆشتن، بەڵام لەوێ لە کچ و کوڕە گەنجە شەڕڤانەکانی ئێزیدخانەوە تا ئەنجومەن و تاکە بەئیرادەکان و لە سەروو ھەموویانەوە سنگی دەرپەڕیوی دایکانیان لەبەرامبەر خۆیان و زرێپۆشەکانیان بینی! لێرەوە زانیان کە ئەم کوردە و ئەم ژنە و ئەم خاکە و ئەم سیاسەتە و ئەم باوەڕ ئێزیدییە وەکو پێشتر نین! ئەمە ئەو مۆدێلە نوێیەیە کە بە ھەژمونخواز و ستاتۆپارێزەکان ھەرس ناکرێ، لێرە خاڵێکییان داناوە و دەڵێن بوەستن. ئێمە نەوەکانی دایکە سروشتی میزۆپۆتامیاین ئەوەتا جارێکی تر لە ڕەگەوە شین بوینەوە و ڕواینەوە، سۆزمان داوە خیانەت لە میزۆپۆتامیا نەکەین و خۆمان بڕوێنینەوە و وا ڕۆژ بە ڕۆژیش گەشە دەکەین.

 

کورتکراوەی وتار؛ ئەم نوێگەرییانە لە کەسێتی ژن و تاکی کورد و سیاسەتی دیموکراتی قۆناخی ئاشنابوونی دەرباز کردووە و دەتوانین بڵێین وەک پرۆژەیەکی ئاڵتەرناتیڤ و چارەسەرییەکی حەتمی خۆی داوەتە قبوڵ کردن بە گەلانی جیھان. ئێستا لە عێراق و باشووری کوردستاندا تەنھا پڕۆژەی نەتەوەیی دیموکراتیک و ھێڵی سێهەم لە سیاسەتدا چارەسەرە، با ڕۆشنبیران و سیاسییەکان و ھیچ تاکێک خۆی نەخەڵەتێنێت، سەدساڵ لە مۆدێلێک بەڕێوەچووە کە ئیدی پێویستە ھەمووان دەستبەرداری ببن و بەدوای ئەم پڕۆژەیە بکەون کە سیاسەتی دیموکراتی و پێکەوە ژیان لە چوارچێوەی خۆبەڕێوەبەرییەکاندا لە خۆی دەگرێت، بە پێچەوانەوە ھەر کوشتن و داگیرکاری و پێشێلکارییەکمان لەسەر پەیڕەو دەکرێت، پشتیوانی ڕووکەشی و لە تەنگانەدا دەست لێبەردانمان با ئیتر بەس بێت. با ئەزموون لە خۆمان و رابردوومان وەرگرین، تەنھا خۆمان دەتوانین پشتیوانی خۆمان و پاراستنی دەستکەوتەکانمان بین، لە دەرەوەی پڕۆژەی سیستەم و دەوڵەتان کە یاریکردنە بە چارەنووسی گەلی کورد و گەلانی دیکەی بندەستی ناوچەکەش. لە عێراقدا لەوپەڕی دژواری دۆخی ئاسایشی و ئابووری و قەیراندا پەڕلەمان کۆ دەبێتەوە و حکومەت کۆ دەبێتەوە و چارەسەر لە ھەڵبژاردندا دەبینن. پێش ھەڵبژاردن ھەر لایەنەکانی قەیران ھەوڵی ساختەکاری دەدەن، سەدرییەکان ئەڵێن خۆمان زۆرینەین و ھەوڵدان دەکەن بۆ حکومەتی زۆرینە و باڵادەستی و تاکڕەوی، ھێزەکان کەی زانیان ھەڵبژاردن لە بەرژەوەندییان نیە ھێرش و تەقینەوە و تیرۆر دەست پێدەکەن و ھەر خۆیان دەڵێن دۆخی ئەمنی عێراق بۆ ھەڵبژاردن لەبار نییە. پارتی دیموکرات-یش لە ھەرێمی کوردستانەوە ھەمان ھەوڵ دەدات بۆ ئەوەی قۆناغی ڕابردوو ئەگەر بە ڕوکەشیش بوبێت تێپەڕێنێت، ھێزەکانی تری گلاندۆتە ناو سیاسەت و بڕیارەکانییەوە ئێستا خواستی ڕۆشتنە ناو قۆناغێکی تری ھەیە، ئەویش بە تاکلایەن بوونی خۆی و باڵادەستی بەسەر کۆی پرۆسەی سیاسی و ئیداریشدا. ھەرچەندە دوای پێکھێنانی کابینەی نۆیەم بە تایبەتی و ھاتنی کوڕە ھەواڵگرییەکەی بارزانی بۆ سەرۆکی حکومەت، ڕۆژبەڕۆژ بە سیاسەتی کوشتن و بڕین و گرتنی ڕۆژنامەوانان و چالاکوانان و تەنانەت تەسفیەی ناوخۆیی حیزبی و بنەماڵەیی لەگەڵ نێچرڤانی ئامۆزادا ئەم قەوارەیەی کە ھەشە لاواز دەکات. ئێستا ھەموو ھەوڵێکیان بۆ بەدەستھێنانی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقە و دەرھێنانێتی لەدەستی یەکێتی، لێرەوە بە بەردێک دوو نیشان دەشکێنێت؛ ھەم لە یەکێتی دەدات و ھەم نێچیرڤان لە گۆڕەپانی ھەرێم دوور دەخاتەوە و دار و دەستەکەشی پەرتەوازە و پاسیڤ دەکات. بۆ ئەوەی لە بەرامبەر تاکڕەوییەکانیدا کەس نەڵێ مەسرور بارزانی پشتی چاوت برۆیە!. ھەموو ئەوانەش جێبەجێکردنی پیلانی تورکیایە، پەدەکە ھەمیشە بە ڕووکەش کۆمەڵێک دروشمی ھەڵگرتووە گوایە نەتەوەپەرستە و بانگەشەی دەوڵەت دەکات، ناچێتە عەقڵی ھیچ مرۆڤێکی ھۆشمەندەوە تورکیا پشتیوانی بێت بۆ دروست کردنی دەوڵەت، مسۆگەر پارتیش ئەم ڕاستیە دەزانێت، چونکە لە کاتی شازدەی ئۆکتۆبەر و دەستبەسەردا گرتنی کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکانیش تورکیا پاڵپشتی عێراق بوو نەک ھەرێم. لە ڕیفراندۆمدا دژایەتی تورکیامان بینی لە کاتێکدا پلانەکە پلانی خودی ئەردۆغان بوو وەکو چاڵێک بۆ ھەرێمی کوردستان و ئەنجامەکەشمان بینی ٪٥٢ خاکمان لە دەستدا. ئێستا تورکیا حەملەی داگیرکردنی باشووری کوردستانی دەستپێکردووە، بە دەیان کیلۆمەتر ھاتۆتە ناو خاکەوە ئەمە تەنھا وەکو جوگرافی بوارەکانی تر لێگەڕێن، ھەموو ڕۆژێک ژینگەی ئەم ھەرێمە تێکدەدات گازی ژەھراوی دەڕێژێت کە ئاسەوارەکانی دەیان ساڵ دەمێنێت، ھاوڵاتی سڤیل شەھید دەکات و گوند و شاخ و ڕەز و باخی ئەم ھەرێمە وێران دەکات، کەچی پارتی دەست لەسەر سنگ لە پێشوازی خوێنەخۆرەکەی خۆیدایە. لەوەدا ڕوون دەبێتەوە کە دەسەڵاتی کوردی لە ھەرێمی کوردستان نا سیاسیە و گرێدراوی داگیرکەرانە کە پێی وایە دوژمنەکانی کوردستان تەنھا دوژمنی پەکەکە-ن. ھەر مرۆڤێک دەبێت بزانێت خواست و تموحەکانی تورکیا زۆر لەو خاک و جوگرافیایە گەورەترە کە پەکەکە-ی تێدایە، دەبێت ھەرکەس بزانێت کە ھێشتا پەکەکە لە دایک نەبووە و خودی دامەزرێنەرەکەشی لە دایک نەبووە، ئەم شەڕە ھەیە و چاویان بە ھەبوونی کورد و دەستکەوتەکانیدا ھەڵنایە، دەبێت ھەموو ھێزەکان و گەلەکەمان و پەدەکەش بە تایبەتی ئەو ڕاستیە بزانن؛ کە پەکەکە ھۆکار نیە بۆ داگیرکاری بەڵکو تاکە بەربەستە بەرامبەر بە داگیرکاری. ئەوان باشوور و دەستکەوتەکانی دەپارێزن وەک چۆن ڕۆژئاوا و ڕۆژھەڵات و باکوور دەپارێزن، ئەرکی ھەموومانە خاوەنداری لەو تێکۆشان و بەرخۆدانە بکەین و گەریلاکانی کوردستان بەتەنھا نەھێڵینەوە، ئەرکیشمانە ئەو پڕۆژەیەی لە سەرەوە باسمان کرد بخوێنینەوە و لێگەڕینێکی قووڵ بکەین و بیکەین بە پڕۆژەی چارەسەری بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستانیش چونکە قۆناغەکە پێویستی بە گۆڕینە و ھێزە کلاسیکەکان ئەو ھێزەیان نیە نوێگەری بکەن. چارەسەر ئەوەیە بە پێشەنگایەتی ژنان و گەنجان و پێکھاتە و باوەڕییە جیاوازەکان پڕۆژەی خۆمان جێبەجێ بکەین تەنھا بە پشت بەستن بەگەل.

 

ت.پ