سەمیرە عەلی: دەوڵەتی تورکیا کار لەسەر بە تورک کردنی هاوڵاتیانی کوردستان دەکات

هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ زیندووکردنەوەی قەڵەمڕەوی عوسمانییەکانە بۆ داگیرکردنی خاکی کوردستان، بەشێک لە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بە بێدەنگییان و ئاڕاستەکردنی ڕاگەیاندنەکانی باشوری کوردستان، هاوکاری دەوڵەتی تورکیا دەکەن بۆ بەدیهێنانی خەونە سیاسی و ئابورییەکانی.

 

شنیار بایز

سلێمانی- دەوڵەتی تورکیا لە ٢٣ی نیسانی ٢٠٢١ەوە ئۆپەراسیۆنی لە زاپ، مەتینا و ئاڤاشین دەستپێکردووە، جگە لە هێرشە چەکدارییەکانی لە ڕێگای جیاوازەوە بەردەوامی بە ئۆپراسیۆنەکانی دەدات، لە ئێستادا بە بڕینەوەی داری دارستانەکانی باشوری کوردستان و هێرشەکانی بۆسەر کامپی مەخمور بەردەوامە لە درێژە دان بە ئۆپەراسیۆنەکەی.

 

چالاکوانان و ڕۆژنامەنوسان لە دەزگاکانی ڕاگەیاندندا ڕاستی ئەو ئۆپراسیۆنانەی تورکیا بەرامبەر باشوور و خاکی کوردستان دەیکات دەزانن، بەڵام ئاڕاستەی داگیرکاریەکانی دەوڵەتی تورکیا دەگۆڕن بە سیاسەتی ئەو دەزگایانەی کاری تێدا دەکەن و بەردەوام هۆکاری ئەو هێرشانە دەگەڕێننەوە بۆ بوونی پارتی کرێکارانی کوردستان لەو ناوچانەدا.

سەمیرە عەلی، ڕۆژنامەنوس و چالاکوان باس لە هێرشە داگیرکاریەکان و هەڵوێستی دەسەڵاتداران و نادروستی دەزگا ڕاگەیاندنەکان دەکات.

 

"خەونەکەی کەمال ئەتاتورک، ئەردۆغان هەوڵی بەدیهێنانی دەدا"

بەو ئۆپراسیۆنە یەک لە دوایەکانەی دەوڵەتی تورکیا ئەنجامی دەدات بۆ داگیرکردنی خاکی کوردستان، دەیەوێت خەونی کەمال ئەتاتورک کە کردنی کورد بوو بە تورک بهێنێتە دی.

سەمیرە عەلی چالاکوان و ڕۆژنامەنووس، باس لەوە دەکات، تورکیا بە چەندین ڕێگا دەیەوێت کورد لەناو ببات، تەنانەت شەڕ لە نێوان کورد و ناوچەکانی دیکەدا دروست دەکات لە پێناو هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆ، سەمیرە دەگەڕێتەوە بۆ مێژوو دەڵێت: "لە مێژوودا، تورکیا دەیویست شەڕ لە نێوان کورد و کەمە نەتەوەکاندا دروست بکات لە پێناو لەناوبکردنی کورد".

هەروەها لە قسەکانیدا باسی لەوە کرد ئامانجی ئەردۆغان هەوڵی زیندوو کردنەوەی قەڵەمڕەوی عووسمانی و گەڕانەوەی موسڵ دەدات بۆ سەر خاکی تورکیا لە کاتێکدا ئەوێ خاکی کوردستانە.

 

"تورکیا سیاسەتی ئیکۆساید بەکاردەهێنێت بە مەبەستی وێرانکردنی خاکی کوردستان"

دەمیرە عەلی ئاماژە بەوە دەدات: "لەناوبردنی خاکی باشور و ڕۆژئاوای کوردستان ئامانجی تورکیایە، چەندین پڕۆژەی جیاجیاشی بۆ ئەم مەبەستە خستووەتە گەڕ، دیارترینیان پڕۆژەی گاپە، کە زیانێکی گەورە بەر عێراق و سوریا دەکەوێت هەروەها چەندین گوند لە باکوری کوردستان لەناودەچێت بەهۆی ئەم پڕۆژەیەوە، کوردەکان بێ ماڵ دەبن، لە بری کورد تورک دێت و کار لەو ناوچانەدا دەکات کە ئەمەش گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردستانە".

 

سەمیرە باس لە بڕینی دارەکانی خاکی کوردستان و سوتاندنی دار زەیتونەکانی عەفرین دەکات، بەوەی تورکیا تەنها هێرشی چەکداری بەکار ناهێنێی بۆ لەناوبردنی کورد، بەڵکو لە ڕێی مرۆڤایەتی و فکر و ژینگەوە دەیەوێت میلەتی کورد لەناوبچێت، زیان بە نەوەی داهاتووی کورد بگەیەنێت.

 

دەسەڵاتدارانی هەرێم ڕێخۆشدەکەن بۆ دەستدرێژییەکانی تورکیا

لە درێژەی قسەکانیدا ئەو چالاکوانە باسی لەوەشکرد کە هێزە سیاسیەکانی باشور بە فکر هاوکاری دەوڵەتی تورکیان، بۆیە هەمیشە ڕێخۆشدەکەن  بۆ دەستدرێژییەکانی دەوڵەتی تورکیا  بۆناو خاکی کوردستان، ئەمەش بەرژەوەندی سیاسی و ئابووری لە پشتەوەیە.

 

دەشڵێت "ئەو دەسەڵاتدارانە هەمیشە خۆیان دەکەنە کۆیلەی دەوڵەتی تورکیا و پاساو دەهێننەوە بەوەی ئەو ناوچانەی کە تورکیا داریبڕیوەتەوە تێیدا، تورکیا ئەو سنورانەی کڕیوەتەوە، لێرەدا دەبێتە پرسیار دەسەڵاتدارانی هەرێم چۆن و بە چ ڕێککەوتنێک خاکی کوردستان دەفرۆشن؟ لەبەرامبەر چیدا دەیفرۆشن؟

 

بە پێی وتەکانی سەمیرە لە ساڵی ١٩٨٣ حکومەتی  بەعسی عێراق و تورکیا ڕێککەوتنامەیەکیان واژۆ کردووە، ناوەڕۆکی ڕێککەوتنامەکە بریتیە لە ڕێگەپێدانی سوپای تورکیا بۆناو خاکی کوردستان بە مەبەستی لەناوبردنی پارت و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان، لەگەڵ ئەوەی ڕێککەوتنامەکە نێودەوڵەتی نەبوو و حکومەتی بەعسیش ڕوخێنرا بەڵام هێشتا تورکیا کار بەو ڕێککەوتنامەیە دەکات و بیانووی هەبوونی پەکەکە لەو ناوچانەدا دەهێنێتەوە بۆ هێرشەکانی.

 

"زۆرینەی ڕاگەیاندنکاران تەنها کاری کۆپیکردنی بابەتەکان دەکەن"

سەمیرە ئاماژەی بە ڕۆڵی ڕاگەیاندندا لە ڕوماڵی ڕووداو و پرسەکاندا و دەڵێت: ڕاگەیاندکارەکانی ئێستا ڕاگەیاندکاری تەمبەڵن ناچن بە شوێن ڕاستی بابەتەکاندا بگەڕێن، تەنها کاریان کۆپیکردنە، هەروەها درۆ و بابەتی ناڕاست بڵاودەکەنەوە، ئەوەش دەیسەلمێنێت کە بە سیاسەتی دەزگا و بۆ ئەجێندای تورکیا کار دەکەن، دەشڵێت "زۆربەی کەناڵە کوردیەکان خزمەت بە فکری تورکیا دەکەن لەلایەن تورکیاوە ئاڕاستە دەکرێن".

 

ت.پ