سەما بەگداش وتەبێژی پەیەدە: سووریای نوێ پێویستی بە دیالۆگ هەیە

وتەبێژی پارتی یەکێتی دیموکراتیک "پەیەدە" سەبارەت بە دۆخی سووریا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا قسەی بۆ کردین و جەختی لەوە کردەوە کە تەنها لە ڕێگەی دیالۆگ و هاوکارییەوە، دەەتواندرێت سووریایەکی نوێی دیموکراتیک بونیاد بنرێت.

عەبیر محەمەد

 

قامیشلۆ- سەما بەگداش، وتەبێژی پارتی یەکێتی دیموکراتیک "پەیەدە" پەیوەندی بە دۆخی سووریاوە لە ٢٧ی تشرینی دووەمەوە تا ڕووخاندنی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد، هەروەها پڕۆسەی دوای ڕووخاندنی ڕژێمی بەشار ئەسەد و ئەو هەنگاوانەی کە پێویستە بۆ سووریای نوێ بندرێت، هێرشەکانی چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورک، ئەو کۆمەڵکوژیانەی کە ئێستا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕوودەدەن لەگەڵ ئاژانسەکەمان قسەی کرد.

 

"شەپۆلی گۆڕانکاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست"

لە سەرەتای قسەکانیدا سەما بەگداش ئاماژەی بەوەدا کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەموو جیهان بەدواداچوون بۆ دۆخی سووریا دەکەن بۆ ئەوەی لە داهاتوو تێبگەن و وتی: لەگەڵ هێرشەکەی سەر حەلەب لە ٢٧ی تشرینی دووەم، پرۆسەیەکی نوێ لە سووریا ڕوویدا، دەستپێکردنی هێرشی چەتەکانی سەر بە تورکیا تەنها پلانێک نییە کە ئەو گروپانە دەستیان پێکردووە، پلانێکی نێودەوڵەتییە بۆ گۆڕینی سووریا، وەک دەزاندرێت شەپۆلێکی گۆڕانکاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، ئەمڕۆ سووریاش بەشێکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کاریگەری ئەم پڕۆسەیەی لەسەرە، چونکە ئێستا ڕژێمی بەشار ئەسەد ڕووخاوە.

 

"پرۆسەی دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد"

سەما بەگداش باسی لەوەشکرد، کە ڕووسیا و ئێران بەهۆی بەرژەوەندییەکانیانەوە چیتر نەیانتوانی ڕژێمی ئەسەد بپارێزن و وتی: هەموو جیهان چاوەڕێیە و پرسیاری ئەوە دەکات کە دوای ڕووخانی ڕژێم چی لە سووریا ڕوودەدات، لایەنگرانی سەرەکی ئەم ڕژێمە ئێران و ڕووسیا بوون، لەم دۆخە کۆتاییەدا هەردوو زلهێز ئەگەر نەتوانن وەڵامدەر بن، ناتوانن بەرگری لێبکەنل لاوازبوون، واتە سەرقاڵبوونی ڕووسیا بە شەڕی ئۆکرانیا و هەروەها ئێران و ئیسرائیل، ڕێگەی خۆشکرد بۆ ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، چونکە بەرژەوەندییە جیاوازەکانیان سەریهەڵدا و ئەمە لە ڕاگەیاندنە فەرمییەکاندا هاتە ئاراوە، لە ١٣ ساڵی ڕابردوودا ئەوانەی ڕێگەیان داوە ئەم ڕژێمە بمێنێتەوە، ڕووسیا و ئێران بوون.

 

"بەکارهێنانی چەتەکان بۆ گەیشتن بە هەموو سووریا"

سەما بەگداش ئاماژەی بەوەدا سەرەڕای مێژووە خوێناوییەکەی چەتەکانی سەر بە تورکیا، هەوڵ هەیە بۆ کردنەوەی ڕێگا بۆیان و وتی: تێبینی زۆر دەکرێت لەسەر ئەوەی بۆچی ئەو چەتانە بەکاردەهێنرێن بۆ گەیشتن بە تەواوی خاکی سووریا، هەوڵی جوانکردن و باشترکردنی وێنەی چەتەکانی سەر بە تورکیا لە زۆر لایەنەوە هەیە، لە وتارەکانیاندا دەڵێن ئێمە هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ گەلی سووریا نییە، دەمانەوێت پێکەوە بژین بۆ ئەوەی بۆچوونی ئەرێنی لەسەریان وەربگیرێت، لە عێراق و سووریا و شەنگال ئەزموون هەیە و ڕاستی ئەم  چەتانە دیارە.

 

"بزووتنەوەی سیاسی و دیپلۆماتیک"

سەما بەگداش ڕایگەیاند، ئێستا بزووتنەوەیەکی سیاسی و دیپلۆماتیک هەیە بۆ جوڵاندنی سووریا بەرەو پرۆسەی گواستنەوە، بەپێی بڕیاری ساڵی ٢٢٥٤ و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: هەوڵ هەیە، بەڵام تا چ ڕادەیەک بەدەست دێت، تا ئێستا ڕوون نییە. ڕاستە ڕژێم ڕووخاوە، بەڵام ناتوانین بڵێین ئەمنیەت بەم زوانە دروست دەبێت. ئێمە دەمێکە ڕژێممان لە ناوچەکانی خۆمان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەرکردووە. بێگومان خەڵکی ناوچەکە بە گشتی دڵخۆش بوون بەوەی ئەم دەسەڵاتە لەناوچوو، چونکە لە ماوەی ساڵانی دوورودرێژدا هەمووان ئازارێکی زۆریان چەشت، سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکان بۆ دیالۆگ لەگەڵ ڕژێم و دامەزراندنی سووریایەکی دیموکراتیک و مانەوەی نزیکەی ١٣ ساڵ لە دەسەڵاتدا، هێشتا هەوڵی نەدا دەرفەتەکان بۆ گۆڕانکاری و ئامێزگرتنی گەلی سووریا بەکاربهێنێت.

 

"تورکیا ئاشتی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ناخوازێت"

سەما بەگداش جەختی لەوە کردەوە کە تورکیا لە بۆشاییەکی بچووکەوە دەرفەتێک دەدۆزێتەوە بۆ هێرشکردنە سەر ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و وتی: کاتێک چەتەکان هێرشیان کردە سەر حەلەب، هەموو جیهان بینی کە چۆن ئاڵای تورکیا لەسەر قەڵای حەلەب بەرزکرایەوە. هاوکات لەگەڵ هێرشەکەی سەر حەلەب، تورکیا لەگەڵ چەتەکانی سەر بە خۆی، هێرشی بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستپێکرد، لە مەنبج هێرشی توند هەیە، کۆمەڵکوژی دانیشتووانی عەین عیسا ڕوویدا، لە ئەنجامدا ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون، گیانیان لەدەستدا، نایەوێت خەڵکی ناوچەکە بە ئارامی و سەلامەتی بژین، لەم پڕۆسەیەدا باس لە پڕۆژەی خۆبەڕێوەبەری و دۆسیەی کورد دەکرێت، بۆیە ئەم هێرشانە ڕوو لە زیادبوون دەکەن.

 

سەما بەگداش داوای لە هەموو گەلی سووریا و بەتایبەت باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کرد یەکگرتوو بن و وتی: بە پشتبەستن بە پڕۆژەی یەکڕیزی و یەکسانی دەتوانین دەستکەوتی زۆر بەدەست بهێنین، هێزێکی کەم نین لەسەر خاکی سووریا و ئەمەش بۆ داهاتوومانە، پێویستە دەستکەوتەکانمان بپارێزین، ئەم ئەرکە لەسەر شانی هەموومانە، دەبێت وریا بین لە بەرامبەر ئەو شەڕە تایبەتەی کە بە فیتنە و سەرلێشێواوی بەڕێوەدەچێت، هەندێک کەس هەن دەیانەوێت هەرێم بەرەو خراپە ببەن و نابێ خەڵکی هەرێم ڕێگەیان پێنەدەن.

 

"ئێمە تێکۆشان بۆ سووریایەکی دیموکراتیک دەکەین"

سەما بەگداش ڕایگەیاند، لە سەرەتای شۆڕشی ڕۆژئاواوە و تا ئێستا بەتایبەتی پەیەدە، هەمیشە ئامادەی گفتوگۆ بوون و ئێستاش ئامادەن و لە کۆتاییدا وتی: ئێمە کراوەین بۆ گفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەک، بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی خۆمان گەل و بونیادنانی سووریایەکی دیموکراتیک، بێگومان ئێمە ئەزموونی ١٢ ساڵمان هەیە، جارێکی تر بەم ڕۆح و بەرپرسیارێتییە شەڕ دەکەین، بەدڵنیاییەوە پێویستە گەلی سووریا، ئایندەی سووریا دیاری بکات، هاوکات لەگەڵیدا دەبێت هێزی گەرەنتی هەبن بۆ ئەوەی بتوانین وڵاتێکی دیموکراتیک بۆ هەموو گەلی سووریا بونیاد بنێین، پرۆسەی نوێ هیوایەک دروست دەکات کە سیستمێکی نوێی دیموکراتیک دابمەزرێت.