ڕەشپێستێک بە نوێنەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەڵبژێردرا

لیندا تۆماسی ڕەشپێست بە نوێنه‌ری ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی هەڵدەبژێردرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

هه‌ڵبژاردنی لیندا تۆماس گرینفیلدی ڕەشپێست بۆ نوێنه‌ری ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی له‌ لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی پیرانه‌وه‌ پەسەندکرا‌.

 

لیندا به‌ دەنگی ٧٨ ئه‌ندام له‌ ئه‌نجومه‌نی پیران له‌ به‌رامبه‌ر ٢٠ ده‌نگی نارازی وه‌كو نوێنه‌ری ئه‌مریكا له‌ نه‌ته‌وه ‌یه‌كگرتووه‌كان ده‌ستنیشان كرا، ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو دەچێتە شاری نیویۆرک بۆ پێشکەشکردنی به‌ڵگه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونی  بە ئه‌مینداری گشتی نه‌ته‌وه ‌یه‌كگرتووه‌كان ئه‌نتونیو گوتریشو.

 

ده‌ستبه‌كاربوونی لیندا یه‌ك هە‌فته‌ به‌ر له‌ دەستپێکردنی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە لایەن ئەمریکاوە دێت، به‌مەش لیندا ده‌بێته‌ یه‌كه‌مین ژنی ره‌شپێست و به‌ ڕه‌گه‌ز ئه‌فریقی سه‌رۆكایه‌تی رێکخراوی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی بكات.

 

ئەلیزابێت كوزینز به‌ڕێوه‌به‌ری جێبەجێکاری رێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ئاماژەی بەوەدا: "لیندا تۆماس گرینفیلد كه‌سێكی شیاوه‌ بۆ ئه‌م ئه‌ركه تایبه‌تە له‌م كاته‌دا، چونكه‌ خاوه‌ن ئه‌زمونێكی ده‌یان ساڵه‌یه‌ له‌ كاری دیبلۆماسی و‌ له‌ به‌ره‌كانی پێشه‌وەی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا و له‌ بواری جیاوازدا لە ناوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كاری كردووه‌.

 

لیندا تۆماس گرینفیلد له‌ دایكبووی ١٩٥٢ شاری لویزیانای ئه‌مریكایه‌، به‌كا‌لۆریۆسی ئادابی له‌ زانكۆی لویزیانا و ماستەری لە ئادابدا له‌ زانكۆی وسكنسن وه‌رگرتووه‌.

لیندا له‌ ساڵانی ٢٠٠٤ هه‌تا ٢٠٠٦ یاریده‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ بۆ كاروباری كۆچه‌بری و ‌په‌نابه‌ری بووه‌ و  له‌ ٢٠٠٨ هه‌تا ٢٠١٢ وه‌كو باڵوێزی ئه‌مریكا له‌ ویلایەتی لیبریا كاری كردووه‌، له‌ ساڵی ٢٠١٧ له‌ لایه‌ن ئیداره‌ی سه‌رۆكی پێشوی ئه‌مریكا دوناڵد ترامپه‌وه‌ له‌ كاره‌كه‌ی دوور خراوەتەوە‌.

 

پێش ئه‌وه‌ی ببیته‌ گه‌وره‌ترین دیبلۆماتكاری ئه‌مریكی بۆ كاروباری ئه‌فریقیا له‌ کابینەی باراك ئۆباما، لیندا له‌ كینیا و پاكستان و ویلایەتی لیبیریا وه‌كو دیبلۆماتکار كاری كردووه‌.

 

له‌ كاتی ده‌ستنیشان كردنی له‌ لایه‌ن جۆ بایدنه‌وه‌ وه‌كو باڵوێزی ئه‌مریكا له‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی، لیندا تۆماس لە تویتێکیدا لە تویتەری فەرمی خۆی دەڵێت: "دایكم منی فیركردووه‌ به‌ هێزی، نیان و میهره‌بانییه‌وه‌ فه‌رمانڕه‌وایی بكه‌م بۆ ئه‌وه‌ی جیهانێكی باشتر به‌ده‌ست بهێنین".

 

ت.پ