شاری ورمێ؛ لە نێوان نکۆڵی و دابەشکاری کۆمەڵایەتی

شاری ورمێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان شایەتی گرژی لەسەر شوناس و زمانە، چالاکوانانی مەدەنیش جەخت لەوە دەکەنەوە کە گۆڕینی ناوی کوردی و مێژوویی بە ناوی تورکی یان فارسی، ڕەنگدانەوەی سیاسەتێکی حکومەتە کە نکۆڵی و دابەشکاری کۆمەڵایەتی بەردەوام دەکات.

سایە موحبی

 

ورمێ- لەگەڵ پەرەسەندنی ناڕەزایەتی و پەراوێزخستنی کورد لە کایەی گشتی ئێراندا، ڕەخنەکان لە دژی ئەو سیاسەتانەی کە بە وەدەرنانی ناسنامەی نەتەوەیی جگە لە فارس هەستیان پێدەکرێت، بە تایبەتی لە شارە فرە نەتەوەییەکانی وەک ورمێدا زیاد دەکات.

 

ورمێ یەکێکە لە کۆنترین شارە فرە نەتەوەییەکانی وڵات و ژمارەی دانیشتوانی زیاتر لە ٩٠٠ هەزار کەسە، بە تێپەڕبوونی کات دیمۆگرافیای گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، بۆ نموونە ژمارەی دانیشتوانی کریستیانی بە بەراورد بە ڕابردوو کەمی کردووە و ئێستا کورد و ئازەرییەکان زۆرینەی دانیشتوانی شارەکە و گوندەکانی دەوروبەری پێکدەهێنن.

 

بە درێژایی مێژوو حکومەتە ناوەندییەکانی ئێران هەوڵیان داوە هەمەجۆریی زمانەوانی و ئایینی ورمێ وەک ئامرازێک بۆ کۆنترۆڵکردن و سنووردارکردن بەکاربهێنن، نەک وەک نموونەیەک بۆ پێکەوەژیان، لە دەیەکانی ڕابردوودا شارەکە بووەتە خاڵی سەرەکی بۆ سیاسەتی کولتووری و ناسنامە.

 

کورد ئەمڕۆ یەکێک لە گروپە سەرەکییەکانی دانیشتوانی ورمێ پێکدەهێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا بە وتەی چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی، کورد لە چوارچێوەی سیاسەتە ڕەسمیەکاندا ڕووبەڕووی نکۆڵی و پەراوێزخستن دەبنەوە، ئەم ڕەوتە بە تایبەتی لە ناونانی پێویستی گشتیدا دیارە، کە ناوی کوردی لە شەقام و پارک و ناوەندە بازرگانییەکان بەدەر دەکرێت، کە ئەمەش شەپۆلێکی توڕەیی و ناڕەزایی لای هاوڵاتیانی لێکەوتەوە کە بە سڕینەوەی شوناسی کولتووری و زمانەوانی خۆیان دەیبینن.

 

ڕووباری نیمچە وشکی شارەکە کە لە نەخشەی مانگی دەستکرددا بە ناوی “شەهرتشای”ی ئازەربایجانی تۆمارکراوە، پارکەکان کە ناوەکانی "غولار باغی"، "ئیلار باغی" و "سەغلیغ باغی" یان لەسەرە و ناوەندەکانی وەک “تورک مۆڵ”، لە نێو ئەو حاڵەتانەدان کە هەندێک لە هاوڵاتیان بە ئاماژەدان بە سیاسەتێکی نایەکسان لە بەکارهێنانی زمان و ناسنامەی دەزانن، بە وتەی ئەوان لە شوێنە گشتییەکاندا جێگایەک بۆ ناوی کورد نییە و هەندێکجاریش ڕووبەڕووی سنووردارکردن یان دەزگا ئەمنییەکان دەبنەوە.

 

سدیقە.خ، چالاکوانی مەدەنی، پشتڕاستی کردەوە، کە نکۆڵی ناسنامەی کورد لە ورمێ بە دوورخستنەوەی زمانی کوردی لە بەکارهێنانی ڕەسمی، هاوکات لەگەڵ پەراوێزخستنی ئەدەب و وشەسازیی ئەو زمانە دەستی پێکرد، چونکە قسەکردن بە زمانی کوردی لە دامودەزگاکاندا بەهۆی نەبوونی دانپێدانانی ڕەسمییەوە وەک شتێکی نەخوازراو مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، کە ئەمەش لە قەدەغەکردنی بەکارهێنانی ناوی کوردی بۆ پێویستی گشتی ڕەنگ دەداتەوە، هەروەها بوونی مۆڵێکی بازرگانی بە ناوی "تورک مۆڵ" پرسیار لەسەر ئەو پێوەرانە دەوروژێنێت کە لە پێدانی مۆڵەتدا پەسەندکراون.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، شارەکە هی هەموو دانیشتووانەکەیە، کێشەکەش لە خودی ناوە تورکییەکان نییە، بەڵکو لەگەڵ ئەو سیاسەتانەدایە کە هەستکردن بە باڵادەستی بۆ گروپێک لەسەر حیسابی گروپەکانی دیکە بەهێزتر دەکەن، هەروەها ئەم سیاسەتانە بەتەنها لە کوردا سنوردار نین، بەڵکو کاریگەری لەسەر ئازەر زمانەکانیش هەیە، چونکە ڕێگری لە دایکانی ئازەربایجان دەکرێت کە منداڵەکانیان فێری زمانی زگماکی خۆیان بکەن، هەروەها ڕووبەڕووی فشار و بانگەوازی کۆمەڵایەتی دەبنەوە کە توانای گواستنەوەی کولتوورەکەیان بۆ نەوەکانی داهاتوو سنووردار دەکات.

 

سیمین. ف، چالاکوانێکی مەدەنی دیکەی خەڵکی ورمێیە، ڕەخنەی لە گۆڕینی ناوی مێژوویی و ڕەسەن گرت، وتی: گۆڕینی ناوی گوندەکان و شوێنی کات بەسەربردنەکان بووەتە هەڕەشەیەکی کولتووری، حکومەت بە گۆڕینی ناوەکان بۆ فارسی یان گۆڕینی ئەوان سیاسەتی ئاسمیلەکردن خۆی بەرەوپێش دەبات، ئەم ناوانە بەشێکن لە مێژوو و یادەوەریی بەکۆمەڵ و ئەگەر هیچ بەرخۆدانێک لە لایەن کورد، ئاشووری، ئەرمەنی و گەلانی ئازەربایجان نەبێت، ڕەنگە ئەم مێژووە پشتگوێخراوە لە فکری نەوەکانی داهاتوودا بسڕدرێتەوە، بەداخەوە ئەم ڕەوتە بە تایبەتی بەرامبەر کورد و کریستیانیەکان لە ورمێدا باو بووە.

 

پێدەچێت ئەوەی لە ورمێ و شارە فرە نەتەوەییەکانی دیکەی ئێراندا ڕوودەدات، ڕەنگدانەوەی سیاسەتە گشتییەکانی حکومەت بێت سەبارەت بە فرەی نەتەوەیی و زمانەوانی، هاوڵاتیان و چالاکوانان پێیان وایە، بەردەوامی ئەم سیاسەتانە جگە لە دروستکردنی دابەشکاری کۆمەڵایەتی، دەتوانێت ڕێگە خۆش بکات بۆ ناڕەزایەتی فراوانتر و داواکاری بۆ دانپێدانانی شوناسە هەمەچەشنەکان، وە ئەگەر ئەو داخوازیانە بەشێوەیەکی ئاشتیانە جێبەجێ بکرێن، دەتوانن هەنگاوێک بەرەو پێکەوەژیان و ڕێزگرتنی یەکتر لە نێوان گەلاندا نوێنەرایەتی بکەن.