"شیرین عەلەمهولی لەسێدارە درا و سەدان شیرین لەدایکبوون"
ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان باس لە خەبات و تێکۆشانی شیرین عەلەمهولی دەکەن کە بووەتە سیمبولی تێکۆشان بۆ ئازادی، داواش دەکەن ژنان ڕێگای شیرین بەرنەدەن و بیگەیەنن بە سەرکەوتن.
تەوار پێنجوێنی
سلێمانی- گوڵان بە مانگی شەهیدان ناسراوە، لەم مانگەدا لە چوار پارچەی کوردستان گەلی کورد لەپێناو ئاودانی درەختی ئازادیدا گیانیان بەختکردووە، ڕژێمە سەرکوتکارەکان بە کۆمەڵکوژی، کوشتن، زیندانی و سێدارە هەمیشە هەوڵیانداوە دەنگی شۆڕش و هاواری ئازادی کوردان بێدەنگ بکەن، بەڵام بە پێشەنگایەتی ژنان تا دێت ئەو دەنگە بڵندتر و تا دێت گوێچکەی زیاتر دەزرینگێنێتەوە.
لەیلا قاسم لە باشور، شیرین عەلەمهولی لە ڕۆژهەڵات، هۆزان مزگین لە باکوری کوردستانەوە سێکوچکەی دەنگی ئازاد و تێکۆشانن دژ بە ستەمکاری، کە هەرسێکیان لە مانگی گوڵان و لەلایەن هەرسێ ڕژێمی بەعس، ڕژێمی ئیسلامی ئێران و دەوڵەتی تورکیاوە لە تێکۆشان دژی نادادپەروەری و سیستمی سێدارە و قڕکردن گیانیان بەختکرد.
٩ی گوڵان ساڵیادی لەسێدارەدانی شۆڕشگێڕ شیرین عەلەمهولییە، دوای ئەوەی ساڵی ٢٠٠٦ لە شەوی دەستگیرانداریدا دژی ئەقڵیەتی خێڵەکی، پیاوسالاری و سیستمی دەسەڵاتداری ڕوو لە چیاکانی کوردستان دەکات، لە ساڵی ٢٠٠٨ کاتێک بۆ چالاکییەک دەگەڕێتەوە وڵاتی ئێران لە تاران دەستگیردەکرێت و لە ٩ی گوڵانی ٢٠١٠دا لەگەڵ چوار هاوڕێی دیکەیدا لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە لەسێدارە دەدرێن.
بێریڤان شاهۆ، ڕۆژنامەنووس و پەنابەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە باشوری کوردستان، سەبارەت بە فرەڕەنگی وڵاتی ئێران ئاماژەی بەوەدا کە ئێران وڵاتی مۆزایکی ڕەنگ و نەتەوە جیاوازەکانە، مێژوویەکی دەوڵەمەندی لە بەرخۆدانی گەلانی ئەو وڵاتە هەیە دژی سیستم و دەسەڵاتە یەک لەدوایەکەکانی فەرمانڕەوایی ئێرانیان کردووە، "ئەو سیستمەی پەیڕەو دەکرێت هیچکاتێک دانی بە گەل و ڕەنگە جیاوازەکاندا نەناوە، هەمیشە هەوڵیداوە ویست و داخوازی خۆی بسەپێنێت و وڵاتێكی یەک ئاڵا، یەک زمان و یەک ڕەنگی دەوێت، ئەمەش هۆکارێکە کە مافی نەتەوەکانی دیکە پێشێلبکرێت، بۆیە هەمیشە گەلانی ناوچەکە ئەم سیستمەیان پەسەند نەبووە و لە بەرخۆدان و تێکۆشاندا بوون".
"شیرین عەلەمهولی جەوهەری ڕاستەقینەی ژنی دەرخست"
ئەو ڕۆژنامەنووسە باس لە تێکۆشانی گەلی کورد دەکات دژی سەرکوتکاری و چەوساندنەوە کە چۆن لەو پێناوەدا هەوڵیداوە، هاوکات ٩ی گوڵان بەبیردەهێنێتەوە و دەڵێت لەو ڕۆژەدا چوار لە ڕۆڵەکانی گەلی کورد لەسێدارەدراون، "ئەم بەرخۆدانییە بە پێشەنگایەتی شیرین عەلەمهولی وایانکرد بەرخۆدانی زیندانەکانی باکوری کوردستان لە ساڵانی ١٩٨٠دا بگوازرێتەوە بۆ زیندانەکانی ئێران و زیندووبکرێتەوە، لە کەسایەتی شیرین عەلەمهولیدا جەوهەری ڕاستەقینەی ژنی کورد گەشایەوە و ئیرادەی ژنی کورد دژی زوڵم و نادادی زیندوو بووەوە".
لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشدا کاتێک لە ئێران شیرین عەلەمهولی و هاوڕێیانی لەسێدارەدران لە ناوخۆی ئێران و دەرەوەش ناڕەزایەتی زۆر کەوتەوە کە دەوڵەتی ئێرانی توشی شۆک کرد، "هەڤاڵ شیرین بووە سیمبول و نمونەی ژنی ئازاد بۆ تەواوی نەتەوەکانی ئێران و بەتایبەت بۆ ژنی کورد، پێویستە ئێستاش ئیرادەی هەڤاڵ شیرین بکەینە ڕێگەنیشاندەری خەبات و تێکۆشانی خۆمان، چونکە ئەوان بۆ ماف و ئازادی نەتەوە و بەتایبەت ژنان لە زینداندا بوون و چۆکیان بە دەوڵەتی ئێران داداوە".
فاتمە سەقز، هاوڵاتیەکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە لە باشوری کوردستان، مانگی گوڵان بە مانگی شەهیدانی چوار پارچەی کوردستان دادەنێت، شیرین عەلەمهولی، نیشتمان پەیوەند، لەیلا قاسم و تەواوی ژنانی باکور و ڕۆژئاوای کوردستان بەبیردەهێنێتەوە و دەڵێت: شیرین عەلەمهولی بووە سیمبولێک بۆ ژنانی ڕۆژهەڵات تا بتوانن بەرخۆدانی بکەن، ئێمەش دەبێت بۆ لەسێدارەدانی هەڤاڵ شیرین و درێژەدان بە ڕێبازەکەی خەبات و سەرهەڵدانمان هەبێت، هەڤاڵ شیرین بەو تێکۆشانەی لە ماکۆ هەتا کرماشان، لە بۆکان هەتا مهاباد، تا سەقز و بانە بووە سیمبولی تێکۆشانی ژنان"
فاتمە سەقز لە کۆتایی قسەکانیدا داوا لە ژنانی گەنج و ژنانی ئێران و کورد دەکات کە ڕێگای شیرین بەرنەدەن و دەڵێت: لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا شیرین لەسێدارەدرا، هەزاران شیرین لەدایکبوونەوەتەوە و لە چیاکان ژیاونەتەوە و داواکارم ژنان ڕێگای شیرین هەتا سەرکەوتن ببەن".