پەیمان عیزەدین: سیاسیەت لە هەرێم مۆدێلێکی سەیرو بێ وێنەیە لە خێڵایەتی
پەیمان عیزەدین پەرلەمانتاری پێشوی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "ئەوەی لەکوردستاندا ئەکرێ بەناوی سیاسەتەوە لەڕاستیدا سیاسەت نیە بەمانا گشتیەکەی، مۆدێلێکی سەیر و بێ وێنەیە لە خێڵایەتی، بۆیە ئامانجی ڕون و ئەنجامی دیار لەماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردودا نەبوە لەسەر ئاستی دەوڵەتداری و نیشتیمانیی".

ناوەندی هەواڵ
پارێزەر پەیمان عیزەدین پەرلەمانتاری پێشوی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، ئەوەی لەناو ئەو مۆدێلە ناوازەیەشدا هەیە مۆدێلی پارتیە بۆ حیزبایەتی کە بۆتە مۆدێلێکی باوی چاولێکراو، هەر بۆیەش ئەبینی لەبری گێڕانەوەی حیزب بۆسەر سکەی سیاسی، گێڕانەوەی حیزب هەیە بۆ سەر سکەی پارتی، کۆنگرەی بزوتنەوەی ئیسلامی وەک دوا نمونەی زیندوو، یەکێتی و گۆڕان و یەکگرتو و کۆمەڵیش وەک پێشینەیەکی بەرچاو
پەیمان عیزەدین دەشڵێت: "ئەوەی وایکردوە پارتی نمونەیەکی سەرکەوتوو بێ لەو مۆدێلەی حیزبایەتی ئەوەیە کە شەرمی نەکردوە لە بنەماڵەیی بونی، بەو نیەتەوە سەرەتاکانی داڕشتوەو بەهەمان نیەت بەردەوامە، ئەندام و لایەنگرەکانی پێش سەرکردایەتی حیزبەکە سەروەری بنەماڵەی بارزانیان قبوڵە، هەرچی وێنە کۆپیەکانی پارتیشە هەمان ئەو هۆکارانە بەئاڕاستەی پێچەوانە هۆکاری شکست و تادێ بچوکبونەوەیانە".
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە سەرکردایەتی ئەو حیزبانە شەرمنانە چونەتە ژێر باری بنەماڵیی بون و دەیان ناوی دیموکراتیەت و نەبونی بەدیل و دەنگی کۆنگرەیان بۆ داتاشیوە کە ئەو ناوانە نە ڕازیبوونی لای خۆیان بۆ دروست کردون و نە توانیویانە بڕوا بە ئەندام و لایەنگرانیشیان بهێنن، سەرەنجام پارتی وێنە ئەسڵەکەی ئەم مۆدێلەی حیزبە و ئەوانی تر کۆپیەکی شەرمن.