"پێویستە پارتە سیاسییەکان بە یەکگرتوویی ئەم دۆخە تێبپەرێنن" - ٢

هاوژین شەهید فەخرەدین، چاودێری سیاسی بە ئاماژەدان بە گرنگی ڕۆڵی سیاسەتمەداران و پارتە سیاسییەکان لە دۆخی ئیستای گەلی کورددا دەڵێت: پێویستە بەرژەوەندی گەلی کورد سەربخرێت.

نەرمین ئەحمەد

 

سلێمانی- هێرشەکانی چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامە و دەبینین کە چۆن جارێکیتر گەلی کورد، ژنان و منداڵان ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی، دەستدرێژی و کۆچبەری بوونەوە،.

 

لە بەشی دووەەمی چاوپێکەوتنەکەمان لە گەڵ هاوژین شەهید فەخرەدین، چاودێری سیاسی باسمان لە توندوتیژییەکان کرد کە ژنان لە ناو شەڕدا ڕووبەڕووی دەبنەوە و هەروەها ڕۆڵی پارتە سیاسییەکان لەم بارودۆخەدا هەڵسەنگاند.

 

" هێرشەکانی ئێستا لە ڕۆژئاوای کوردستان پلانێکی دوور مەودای هەیە"

هاوژین شەهید فەخرەدین کاریگەرییەکانی جەنگی لەسەر ناوچەکە وەک خاپوورکردن پێناسە کردو وتی: بۆیە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا جینوساید لە سەر کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەسەپێنێت، ژنان بەردەوام لە جەنگەکاندا قوربانین و ژنانی کوردیش لە هەر چوار پارچەی کوردستان بە هۆی دیموگرافیای کوردستانەوە بەردەوام لە قەیرانی جەنگدا تێدەپەڕیون.

 

وتیشی: توندوتیژی لە دژی ژنان لە  ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی تر دەگوڕدرێت و لەم هێرشانەی کۆتاییدا لە سەر ڕۆژئاوای کوردستان، ژن و منداڵی کوردن کە لە ناو دەچن و وتی: بینیمان کە ژنانی رۆژئاوای کوردستان لە پێناو گەیشتن بە ئازادی و کەرامەتیان چۆن لە بەرامبەر داعشدا بەرخۆدانیان کرد، بینیمان کە چۆن ژنانی کورد بە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" بەرپەرچدانەوەی زۆڵم و ستەمیان کرد لە هەموو جیهان و بە تایبەت لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

 

هاوژین شەهید فەخرەدین لە بەردەوامی قسەکانیدا تیشکی خستەسەر ئەو سووکایەتی کردنانەی کە چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە بەرامبەر ژنان دەیکات و وتی: ئەم کردەوەی چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا جێگای نیگەرانی و تێڕامانە کە بەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ ژنان دەکەن، ئەمە لەکاتێکدایە هەموو جیهان لەسەر گەیشتنی ژنان بە مافەکانیان کۆکن و ئێمە وەک گەلی کورد، لە ئێستادا باجی ئەو خەبات و تیکۆشانانە دەدەین کە بۆ پاراستنی کەرامەت و ئازادی گەلی ناوچەکە لە ئەستۆمان گرتووە.

 

"کاتێک ژنێک تووشی قەیران دەبێت هەموو کۆمەڵگە تووشی قەیران دەبێت"

هاوژین شەهید فەخرەدین باسی لە بارودۆخی ژنان کۆچبەر کرد کە بەهۆی هێرشەکانەوە ماڵیان بە جێدە‌هێڵن و تەنانەت منداڵەکانیشیان لە سەرما ڕەق دەبنەوە وتی: جەنگەکان لە سەر ژنان کاریگەریی قووڵتریان هەیە، چۆنکە کاتێک ژنێک تووشی قەیران دەبێت هەموو کۆمەڵگە تووشی قەیران دەبێت، چونکە ئەوە ژنانن کە بزوێنەری کۆمەڵگەن، دەوڵەتی تورکیا تاوانی جەنگ ئەنجام دەدات لە ڕۆژئاوای کوردستان و پێویستە وەک تاونباری جەنگ بناسێندرێت.

 

"بەرخۆدانی ژنانی ڕۆژئاوا جێگای شانازی جیهانە''

هاوژین شەهید فەخرەدین وتی: ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان بە هۆشمەندییەک بۆ مافی ڕەوای خۆیان شەڕ دەکەن و لە دەیەی ڕابردوودا توانیویانە سیمبولی ژنانی ئازاو نەترس بن لە جیهاندا، هەروەها لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەبینین کە چۆن لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا زیندانەکان پڕ بوونە لە ژنانی ئازادیخواز کە سەرەڕای دەرچوونی سزای لەسێدارەدانیان، بۆ گەیشتن بە ئازادی و مافی خۆیان واز لە تێکۆشان ناهێنن، ئەوەش لەبیر نەکەین کە هەر یەک لە گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین کە بە دەستی دەوڵەتی تورکیا تیرۆر کران، پەیامی ئەوەمان پێدەدات کە بیری پیاوسالاری، ژنانی خاوەن هزر و ئیرادە بە مەترسی بۆ خۆی دەبینیت.

 

"پێویستە بەرژەوەندی گەلی کورد سەربخرێت''

لە دریژەی قسەکانیدا وتی: گەلی کورد بە هۆی ئەوەی کە نەتەوەیکی  یەکگرتوو نییە نەیتوانیوە لە گۆرانکارییە جیهانییەکاندا پێگەی خۆی بەهیزتر بکات، لە ئیستادا کورد خاوەن ڕاستییەکە و پیویستە پارتییە سیاسییە کوردییەکان نەبنە مەقاشی دەستی دەوڵەتەکان، بەرژەوەندی گەلی کورد سەربخرێت، هەر چوار پارچەی کوردستان بە هەموو شێوازێک لە لایەن دوژمانانەوە گەمارۆ دراون، هەر بۆیە چۆن وەک شێخ سەعیدی پیران دەڵێت "ئەگەر خۆمان لەبیر بکەین کە کوردین، دوژمنەکانمان لەبیری ناکەن" و لەو پاکتاوکردنەوەی نەتەوەییە کە دوژمنان دەستیان پێکردووە، هەموومان یەکسانین.

 

هاوژین شەهید فەخرەدین ئاماژەی بە پێشخستنی پرۆسەی ئاشتی بەدەستی ڕیبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ و ئاڵۆزی لە ناوچەکە کردو وتی: پێویستە سیستمی کونفیدرالی لە ناوچەکە بۆ پاراستنی مافی هەموو نەتەوە جیاوازەکان پێشبکەوێت و دەبینین کە خۆبەڕێوەبەری چۆن توانیویەتی پارستنی مافی نەتەوە جیاوازەکان بکات، هیوای  ئیمە ئەوەیە کە ڕۆژئاوای کوردستان دەگاتە ئەو ئامانجەی کە لە پیناویدا تێکۆشان دەکات و ژنان تێیدا دەتوانن ڕۆلی کاریگەر بگێڕن هەڵگری شووناسێک بن کە جێگای شانازییە.

 

هاوژین شەهید فەخرەدین وتی: هیوادارم ناوچە کوردییەکان کە بە دەستی شەڕڤانان پارێزگاری لێدەکرێت، لە دەست کوردەکان بمێنێتەوە. گەلی کورد پێویستە پشت بە توانا وهێزی خۆی ببەستێت، چونکە لە ئەگەری پێچەوانەبوونەوەی ئەم سیاسەتانەدا، دەبیتە هۆی مەترسی بۆ گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، دەبێت کە لە ئێستادا دەوڵەتی تورکیا بە سیاسەتی پڕۆسەی ئاشتی، بۆ ئەوەی کە کوردان دەست لە مافەکانیان بکێشنەوە نزیک ببێتەوە، بەڵام کردەوەکانی دەوڵەتی تورکیا لە باکووری کوردستان وەک دانانی قەیوم، داگیرکارییەکانی لە ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان نیەتەکەیان نیشان دەدات. 

 

هەروەها لە بەردەوامی قسەکانیدا تیشکی خستەسەر مەترسییەکانی ئەم هیرشانە بۆ سەر عێراق و وتی: پێویستە باشووری کوردستان خۆی بۆ ئەم کێشە سیاسییە ئامادە بکات، کاتێک پێشەمەرگە وەک هاوپەیمانێتی هاوپەیمانان دێتە مەیدان، پێویستە بەردەوام ئاگاداری ئەوە بێت کە گەماڕۆ بدرێت، پێویستە سیاسەتمەداران لە هەڕێمی کوردستان بتوان ئەم هەلە باش بقۆزنەوە و پارتە سیاسییەکان بە یەکگرتوویی ئەم دۆخە تێپەرێنن و هاوڵاتیانیش پشتیوانیان بن.

 

"شەرڤانان شۆڕشێکی گەورە بە ڕێوەدەبن"

هاوژین شەهید فەخرەدین ئاماژەی بەوەدا، شەرڤانان لە دەیەی ڕابردوودا ڕۆلی کارایان لە پاراستنی گەلانی بندەستی ناوچەکە گێڕاوەو وتی: شەڕڤان، گەریلا و پێشمەرگە ئەو تێکۆشەرانەن کە هەوڵی پاراستنی شەرەف و کەرامەتی ئەم نەتەوەیانە داوە و لە ئێستا دەیبینین کە شەرڤانان شۆڕشێکی گەورە بە ڕێوەدەبن، من دەتوانم بڵێم لە قۆناغی شەڕدا گەریلا و شەڕڤانان براوە بوون، هەروەها نیشانی تەواوی جیهانیاندا کە چەند قارەمانانە توانیان بەرگری لە خاکی خۆیان بکەن.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا هاوژین شەهید فەخرەدین باسی لە دۆخی ئێستا کردو وتی: دیارە ئەوەی کە لە ئێستادا بەڕێوەدەچێت قۆناغێ دوای جەنگە، کە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بە چەتەکانی ڕووبەڕووی شەرڤانان دەبێتەوە، جینوساید، پاکتاو کردنی ڕەگەزی و خاکەکەمان دەکات، دەبینین دەوڵەتی تورکیا چەکی کیمیایی بەکار دەهێنێت و ئەمە لە ناوبردنی جوگرافیای ئێمەیە، دەوڵەتی تورکیا بە هۆی زیندووکردنەوەی میساقی میلی، ڕەوایەتی دەداتە هێرشەکانی و جینوساید بەڕێوەدەبات، بەڵام بە دڵخۆشییەوە دەتوانم بڵێم شەڕڤان و گەریلا پێشگێرییەکی تەواوی لەمە کردووە و سەرکەوتەوو بوون لە بەرامبەر ئەم هێرشانە.