ڕێپێوانی ژنان، بۆ وەستاندی شەڕی ناوخۆ و ڕوونەدانی ٣١ی ئاب

٣١ی ئاب ئەو مێژووەی بووەتە پەڵەیەکی ڕەش بەسەر باشوری کوردستانەوە، لەو ساڵەدا بە دەیان ژن لە سلێمانییەوە ڕێگەیان تا پەرلەمانی کوردستان لە هەولێر بڕی، تا ڕێگری لە شەڕی ناوخۆ بکەن و ئەو ڕؤژە نەبێتە مێژوویەک بۆ گەلی کورد.

 

تەوار پێنجوێنی

سلێمانی- لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ باشوری کوردستان بووە هەرێمێکی سەربەخۆ و ئۆتۆنۆمی وەرگرت، ساڵی ١٩٩٢ش پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و حکومەت دامەزران، بەڵام ئەم سەربەخۆییە زۆر بەردەوام نەبوو، ناکۆکییەکان لەنێوان حزبەکانی یەنەکە و پەدەکە قوڵتر دەبووەوە، شەڕی دەسەڵات، فراوانکردنی ناوچەی جوگرافی و نفوسی حزبی، هەروەها جیاوازی لە داهاتی خاڵە سنورییەکانی ژێر دەسەڵاتی حزبەکان بووە هۆی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆی، ئەم ململانێیانەش لە ساڵی ١٩٩٤ دەستیپێکرد و لە ساڵانی ١٩٩٦ بۆ ١٩٩٨ بە شەڕی قورس بەردەوام بوو.

لە مانگی ئایاری ١٩٩٦دا شەڕ لە قەڵادزێ لەنێوان پەدەکە و یەنەکە دروستبوو، پاش سێ مانگ و لە ٢٢ی ئابی ١٩٩٦، مەسعود بارزانی سەرۆکی پەدەکە، بە نامەیەک داوا لە سەدام حسێنی سەرۆکی ئەوکاتی عێراق دەکات کە هاوکارییان بکات و یەنەکە لە ناوچەی هەولێر و دەوروبەری دەرکەن، ڕژێمی عێراقیش بە داواکە ڕازی دەبێت.

لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦دا سوپای عێراق بە تانک و تۆپ و ٣٠ هەزار سەرباز و هاوکاری پەدەکە هێرش دەکاتە سەر هەولێر بۆ وەدەرنانی یەنەکە و هەتا لە کانی وەتمان هێزەکانی یەنەکە جێگیر دەبن، تا لە دواتردا هێزەکانی یەنەکە تا ڕۆژهەڵاتی کوردستان سلێمانیش چۆڵ دەکەن. ئەم شەرە هەروا کۆتایی نەهات و هێزەکانی یەنەکە لەگەڵ سوپای پاسداراندا گەڕانەوە.

ژنان بۆ وەستاندنی شەڕی ناوخۆ ڕێپێوانی چەند ڕۆژەیان بەرەو هەولێر ڕێکخست

ژنانی کورد لە شۆڕش و شەرەکاندا ڕۆڵی کارایان هەبووە، چ وەک پێشمەرگەیەک لە چیاکانی کوردستان، چ وەک ڕێکخستنەکانی ناوشار و وەک دایک و خوشک و خێزانیش، لە ساڵانی شەڕی ناوخۆدا، ژنان لە ڕێکخستنەکاندا پاڵپشت و هاوکاری حزبەکەیان بوون لە بەرگریدا بوون، هەوڵی گەورەشیان وەستاندنی ئەو شەڕە بوو تا چیدیکە ڕۆڵەکانیان نەبنە قوربانی شەڕی براکوژی.

لە ئایاری ١٩٩٤ بە پێشەنگایەتی یەکێتی ژنانی کوردستان، بانگەوازی بۆ تەواوی ژنانی ڕێکخراو، کەسوکاری شەهیدان و حزبەکان و بێ لایەنەکان کرا تا بەشداری ڕێپێوانێک بکەن بەرەو پەرلەمانی کوردستان لە شاری هەولێر، لە پێناو ئاشتی و کۆتاییهێنان بە شەڕی ناوخۆ، چونکە ژنان هەوێنی ئاشتیین و پێویستە ڕۆڵی سەرەکییان هەبێت و چاوەڕێی شین نەبن بۆ ڕۆڵەکانیان، ئەم بڕیارەش لە کاتێکدا بوو کە دۆخی هاوڵاتیان لە باشوری کوردستان لە خراپیدا بوو، ترس و دڵەڕاوکێ و نائاسایشی باڵی کێشابوو.

 

دوای ٢٥ ساڵ ژنان باس لە ڕێپێوانەکەیان دەکەن

لە ٢٤ی ئایاری ١٩٩٤ و لە کۆتا ڕۆژی جەژنی قورباندا، ڕێپێوانی ژنان بەبەشداری ٢٠٩ ژن لە سلێمانی و دەوروبەرییەوە بەرەو شاری هەولێر بەڕێکەوتن بە دروشمی "بەڵێ بۆ ئاشتی"، ئەمە یەکەم جار بوو لە باشوری کوردستان ژنان بەو شێوازە هەڵوێستیان لەسەر پرسە نیشتمانییەکان هەبێت و ببنە جێی سەرنجی میدیا جیهانییەکان کە بەردەوام لەو ڕۆژانەدا هەواڵ و بابەتی تایبەتیان لەسەر ئامادە دەکردن و لە چوار پارچەی کوردستانیشەوە پاڵپشتی و پەیامیان بۆ دەنێردرا.

زەینەب ڕەشید، هاوژینی شەهید و وەزیرە مەجید، ئەندامی یەکێتی ژنانی کوردستان، دوو ژنن کە بەشداری ڕێپێوانی ژنان بوون بۆ ئاشتی و وەستاندی شەڕی ناوخۆ، دوای ٢٥ ساڵ باس لە خەبات و تێکۆشانیان دەکەن لەو پێناوەدا.

"بۆ ئاشتی بەڕێکەوتین، بەڵام پەدەکە ئامادە نەبوون بمانبینن"

زەینەب ڕەشید، ئەندامی یەکێتی ژنانی کوردستان و کەسوکاری شەهید بوو، ڕۆژانە کۆبوونەوەیان دەکرد و لەسەر پرسە گرنگەکان گفتوگۆیان دەکرد، بە وردی باس لە دەستپێکردنی ڕێپێوانەکەیان دەکات کە لە کۆبوونەوەدا بڕیاریان داوە ڕێپێوانێک بکەن، چونکە لەوکاتەدا پەدەکە و یەنەکە لە شاری هەولێر دژبەیەک وەستابوون تا شەڕ هەڵگیرسێت، لەدوای گەشتنیان بە دێگەڵە بڕیاریان داوە کە بچنە سەری ڕەش بۆ لای مەسعود بارزانی، بەڵام لەلایەن پێشمەرگەکانی پەدەکەوە ڕێگریان لێکراوە، وەک زەینەب دەڵێت، "هەموومانیان تەوق دا و بە چەکی قورس دەوریان گرتین، تا بە گفتوگۆ وتیان دەتوانن بچن بۆ هەولێر بەڵام بۆ سەری ڕەش ناتوانن".

 

دواتر ژنان بەڕێدەکەون و لەناو هەولێر دەچنە نەخۆشخانەی ئازادی تا ماندوویەتی ڕێگەیان بڕەوێننەوە و بۆ بەیانی بەرەو پەرلەمانی کوردستان بەڕێبکەون، بەڵام لەوێشدا پەدەکە ڕێگەنادات بمێننەوە و دەریان دەکەن، ژنانیش ئەو شەوە لە مزگەوتدا دەمێننەوە تا ڕۆژ دەبێتەوە، بۆ بەیانیش بەرەو پەرلەمان بەڕێکەوتن.

"خەڵک دەترسا و دەنگۆی هێرشی پەدەکە و یەنەکە بۆسەر خەڵک بڵاودەبووەوە"

وەزیرە مەجید، باس لە ئامانجی ڕێپێوانەکەیان دەکات و دەڵێت: "ئێمە بۆ ئاشتی بەڕێکەوتین، چونکە دۆخی خەڵک باش نەبوو، هەبوو دەترسان، شەوانە دەنگۆ بڵاودەبووەوە کە پەدەکە و یەنەکە هێرش دەکەنە سەر خەڵک، ئێمەش وتمان ڕێپێوان دەکەین تا ئاشتی بەرقەرار ببێت، بەڵام لە هەولێر ڕێگەیان نەدا بچینە سەری ڕەش.

 

زەینەب و وەزیرە پەیامی ئاشتی و کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکان دەدەن، داوا دەکەن کە شەڕی براکوژی نەکرێت، چونکە بە ناکۆکییەکان ڕێگە دراوە بە دەوڵەتی تورکیا هێرش بکاتە سەر گەلی کورد، چونکە ڕاستە شەڕی ناوخۆ کۆتای هاتووە بەڵام ناکۆکییەکان و هێنانی دەستی دوژمن بۆ سەر خاکی کوردستان ڕێگە بە داگیرکردنی خاک و شەهید کردنی ڕۆڵەکان دەدات.

 

ژنان پێداگیربوون لەسەر داواکردنی ئاشتی و وەستاندنی شەڕ

ژنان ماوەی ١٣ ڕۆژ لەناو پەرلەمانی کوردستان لە شاری هەولێر مانەوە، سەرەڕای ماندوو بوونی زۆر، بەجێهێشتنی خێزان و منداڵەکانیان و تەمەنی گەورەی هەندێک لە ژنەکان بەڵام پێداگربوون لەسەر بڕیارەکەیان، ڕۆژانەش بەردەوام خەڵک سەردانی دەکردن و پشتیوانی خۆیانیان بۆ دەردەبڕین، بەرپرسی حزبەکانیش سەردانیان دەکردن.

 

دوای تێپەڕینی ١٣ ڕۆژ، یەنەکە دەگەڕێتەوە پەرلەمان و داوای ژنان بۆ دانوستان و کۆتایی هێنان بە شەڕ پەسەند دەکات، بەڵام وەک ئەو ژنانە باسی لێوەدەکەن، پەدەکە ڕازی نابێت و شەڕی ناوخۆش بەردەوام دەبێت تا دەگاتە ٣١ی ئاب و هێنانی هێزی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان، کە ئەو ڕۆژەیە بووەتە پەڵەیەکی ڕەش بەسەر حزبە دەسەڵاتەکانی باشور و مێژووی کردەوە.

دەستکەوتی ڕێپێوانی ژنان دەرخستنی هێز و باوەڕییان بوو

ئەگەرچی شەری ناوخۆ لەدوای ڕێپێوانی ژنانیش کە ١٣ ڕۆژی پێچوو، هەر بەردەوام بوو، تاگەشتە سەر هێنانی هێزی دوژمن، بەڵام دەستکەوتە گرنگەکانی ڕێپێوانەکە دەرخستنی هێزی ژنان بوو، کە دەتوانن لە پرسە چارەنووس سازەکاندا دەنگ و ڕەنگیان هەبێت و لە هیچ هێزێک ناترسن و یەکگرتوون بەرامبەر پاراستنی نیشتمان، هەروەها دەریخست کە ژنان هەوێنی ئاشتین و شەڕ و براکوژیی ڕەت دەکەنەوە.

دەرئەنجامی شەڕی چەند ساڵی ناوخۆ لە نێوان یەنەکە و پەدەکە کوژران، بریندار بوون و ئاوارەبوونی هەزاران کەس بوو، تەنها لە هێرشەکەی ٣١ی ئابدا ٤٥٠ کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ٢٠٠ کەسى تر برینداربوون زیاتر لە ١٠٠ کەسیش بێسەروشوێنبوون، هەروەها دوو ئیدارەیی و قۆرخکاریش بەشێکی دیکەی ئەنجامی ئەو شەرە بوو کە تا ئێستا بەردەوامە، ئەو شەرە نەک ئاشتی و سەقامگیری نەهێنا، بەڵکو بووە بارێک بەسەر باشوری کوردستان و مێژووی گەلی کوردەوە.

ت.پ