پێش هەڵبژاردنی پەرلەمان... ئاوڕێک لە بەشداری سیاسی ژنان

بەشداری سیاسی ژنان لە میسر نوێنەرایەتی بەشێکی بنجینەی گەشەسەندنی کۆمەڵگە بەرەو دادپەروەری و یەکسانی دەکات و تەنها مافێکی دەستوری نییە، بەڵکو نیشاندەرێکە بۆ ئەوەی تا چەند کایەی گشتی کراوەیە بۆ هەموو هاوڵاتیان بەبێ جیاوازی.

ئەسما فەتحی

 

قاهیرە – بەشداری سیاسی ژنان یەکێکە لە پایە بنەڕەتییەکانی بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر و دیموکراتی، کە ڕەنگدانەوەی ڕادەی بەشداری ژنان لە ژیانی گشتی و گەشەپێدان و پابەندبوونی حکومەت بە بنەماکانی یەکسانیە، لە میسردا پرسی بەشداری سیاسی ژنان، چ لە ڕێگەی دەنگدان یان خۆکاندیدکردن بۆ پۆست، گرێدراوی بە زەمینە کۆمەڵایەتی و کولتووری و سیاسییە تێکەڵاوەکانەوە ماوەتەوە و بوونیان لە کایەی گشتیدا کردووەتە بابەتی گفتوگۆی نوێ و هەڵسەنگاندنی بەردەوام.

 

لەوەتەی ژنانی میسر مافی دەنگدانیان بەدەستهێنا و خۆیان کاندید کرد لە پەنجاکاندا، هەنگاوی بەرچاویان ناوە لە نوێنەرایەتی پەرلەمان و بەشداریکردن لە پرۆسەی هەڵبژاردندا، لەگەڵ ئەوەشدا، بۆشاییەک ماوە لە نێوان دەقە دەستووری و یاساییەکان کە یەکسانی مسۆگەر دەکەن و ئەو ڕاستیە کردارییەی کە هەندێک جار ئەم بوونە سنووردار دەکات، فاکتەرە ئابووری و کۆمەڵایەتیەکان، لەگەڵ کڵێشەی باو سەبارەت بە ڕۆڵی ژنان، کەڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر چەندێتی و چۆنیەتی بەشداری سیاسییان هەیە.

 

لەم ساڵانەی دواییدا میسر شاهیدی دەستپێشخەرییە بۆ بەرزکردنەوەی بەشداری ژنان لە ژیانی سیاسیدا، جا چ لە ڕێگەی تەرخانکردنی کورسی پشک لە پەرلەمان یان لە ڕێگەی هەڵمەتی هۆشیارکردنەوە سەبارەت بە گرنگی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا، بەڵام گەورەترین ئاڵەنگاری هێشتا گواستنەوەیە لە بەشداریکردنی فەرمیەوە بۆ بەهێزکردنی ڕاستەقینە، کە ڕێگە بە ژنان دەدات کاریگەرییان لەسەر پرۆسەی بڕیاردان هەبێت و بەشداری بکەن لە داڕشتنی سیاسەتی گشتی کە ڕەنگدانەوەی بەرژەوەندی و پرسەکانیان لەناو کۆمەڵگەدا بێت.

 

"بەشداری سیاسی ژنان پێویستییەکی ئاڵەنگاریە"

جەواهر تاهر، بەرپرسی پرۆگرامی دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەری لە دامەزراوەی میسری بۆ هاوکاری یاسایی ژنان ڕایگەیاند، کە بەشداری سیاسی ژنان لە ڕادەبەدەر گرنگە، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بارودۆخەی ئێستا کە دوای قەیرانی ئابووری ئەم دواییە و زەمینەی کۆمەڵایەتی و سیاسی تادێت زیاتر بووەتە داواکاری.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە بەشداری ژنان لە هەڵبژاردن و کاندیدبووندا زۆر گرنگە، بەڵام زۆر کێشە هەن کە ڕێگرن لەم کارە دەکات، لەوانە کولتووری کۆمەڵایەتی کە بوونی ژنان لەم گۆڕەپانەدا ڕەتدەکاتەوە، هەروەها ناوەندەکانی بڕیاردان، هەروەها گۆڕینی ئەم تێڕوانینە زۆر گرنگە بۆ بەدەستهێنانی نوێنەرایەتییەکی دادپەروەرانە.

 

جەختیشی لەوە کردەوە، ژنان هەن خاوەنی ئەو توانا و لێهاتووییانەن کە دەتوانن بەشداری لە بڕیاردان بکەن، بەڵام بەداخەوە سەرچاوەی دارای پێویستیان نییە بۆ ئەوەی خۆیان کاندید بکەن یان بچنە ناو هەڵبژاردنەکانەوە، چونکە ئەمە تێچوونێکە کە توانای ئەوەیان نییە.

 

ئاشکرای کرد، کە ڕاگەیاندن ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە لە بەهێزکردنی کڵێشەی ژنان و سەبارەت بە بەشداری ژنان لە پرۆسەی هەڵبژاردندا بە خوێنەران و شوێنکەوتووەکان دەگەیەنێت، کە ڕاستکردنەوەی ئەمە بۆتە پێویستییەک چونکە کاریگەری لەسەر تێڕوانینی کۆمەڵگە بۆ ژنان و تواناکانیان هەیە، بەتایبەتی لە گۆڕەپانی سیاسیدا بە گشتی.

 

"ڕێکخراوەکانی ژنان ڕۆڵی پشتیوان دەگێڕن"

جەواهر تاهر ڕونیشیکردەوە، کە ڕێکخراوەکانی ژنان ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕن لە بەهێزکردنی ژنان، بەڵام ئەوە تاکە ڕۆڵ نییە، هەرچەندە لە هەموو بارودۆخێکدا پاڵپشتییان دەکەن، بەتایبەت بۆ ئەو ژنانەی کە شایستەن بۆ ئەوەی ڕۆڵی سەرکردایەتی بگرنە ئەستۆ و ئارەزووی کارکردنیان هەیە بۆ ئایندەیەکی باشتر بۆ ژنانی دیکە.

 

جەختیشی کردەوە، کە یەکێک لە ڕۆڵە سەرەکییەکانی ڕێکخراوەکانی ژنان هۆشیارییە، بەتایبەتی لەنێو ژنانی دەنگدان، هەروەها هۆشیارکردنەوەی خەڵک تەنها لە خودی ژناندا سنوردار نییە، بەڵکو بە گرنگی دەنگیانەوەیە کە کاریگەر و بەرچاوە لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکاندا، هەروەها لەبەرئەوەی مافێکی دەستورییە کە دەبێت ڕێزی لێبگیرێت و پابەندی بگیرێت، بە لەبەرچاوگرتنی کاریگەرییەکانی لەسەر ژیانیان لە دواتردا هەیە.

 

ئەگەر دامەزراوەکان بتوانن پشتگیری لە ژنانی کاندید بکەن، کە ئەوە زۆر گرنگ دەبێت بۆ ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنەکانیان و دابینکردنی سەرچاوەی دارایی، بۆ ئەوەی بتوانن بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکاندا بکەن، جگە لەوەش لە کاتی پڕۆسەی هەڵبژاردنەکاندا پاڵپشتی پێشکەش دەکات و دەتوانن بانگەشەکان ڕێکبخەن کە یارمەتیان دەدات بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان.

 

"نوێنەرایەتی دەبێت ڕاستەقینە و کاریگەر بێت"

جەواهر تاهر، ئاماژەی بەوەدا، کە ڕێژەی نوێنەرایەتی ژنان لە پەرلەمانی ئێستادا بۆ ئاستێکی بێ وێنە بەرزبووەتەوە، بەڵام ئەگەر لێکۆڵینەوە لە کاریگەری نوێنەری ژن و ئەوەی بۆ ژنانی میسری دابینکردووە، لێکۆڵینەوەیان بۆ بکەین، ئەوا زۆر شت نادۆزینەوە، وەک ئەو یاسایانەی تا ئێستا لە پەرلەمان باسکراون هیچ گۆڕانکارییەکیان بەخۆوە نەبینیوە.

 

پێی وایە، ئەم پرسە لە نەبوونی بڕوانامەی گونجاوەوە سەرچاوە دەگرێت بۆ ئەنجامدانی ئەم ڕۆڵە، هەروەها نەبوونی باوەڕ لەنێو زۆرێکیاندا کە ڕۆڵیان هەیە لە پشتیوانیکردنی ژنان و داکۆکیکردن لە دۆزی ئەوان، کە ئەمەش بۆ نەبوونی پەیوەندی کاریگەر بێت لەگەڵ ژنانی پەرلەمانتاران و بڕیاردەرانی ڕێکخراوەکانی ژنان کە لەو بوارەدا چالاکن.

 

جەختیشی لەوە کردەوە، کە گرنگی هەڵبژاردنی ژنێکی کاندید بۆ کێبڕکێی هەڵبژاردن نەک تەنها لە ژمارەی کاندیدەکاندا یە، بەڵکو لە کاریگەرییەکانیاندایە، ئەمەش فاکتەری سەرەکییە کە دەبێت جەختی لەسەر بکرێتەوە بۆ ئەوەی دۆخەکە وەک خۆی نەمێنێتەوە بەبێ ئەوەی هیچ جوڵەیەکی ڕاستەقینە یان گۆڕانکارییەک لە پرسی ژناندا هەبێت، هەروەها پارتە سیاسییەکان ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیە لە مەشق و خولی پەروەردە و هۆشیارکردنەوە و بونیادنانی کادیری کاریگەر، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ئامادەیییەکی بەهێز و کاریگەر دەستەبەر بکرێت، هیوای خواست کە لە قۆناغی داهاتوودا دیمەنەکە بگۆڕێت، لەگەڵیدا بەشداری سیاسی لە ڕێگەی کاندیدبوونەوە یان تەنانەت دەنگدانەوە جیاواز بێت لەوەی کە هەبووە، هەروەها هەموو ئەو بەشداریانەی کە ئامانجیان بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری ژنانە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا بگۆڕدرێن بۆ ڕاستیەکی بەرجەستە لەسەر زەوی.

نوێنەرایەتی نادادپەروەرانە و نەگونجان لەگەڵ پێویستی

ماهیتاب عەبدول فەتاح، نووسەر و ڕۆژنامەنووس کە تایبەتمەندە لە پرسەکانی ژنان، ڕایگەیاندووە، کە نوێنەرایەتی ژنان تا ئێستا نادادپەروەرانەیە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە توانای دەربڕینی زۆر بابەتیان هەیە، کە ڕەنگە کەسی دیکە نەتوانێت چارەسەری بکات، کە ئەمە هێشتا وەرنەگێڕدراوە بۆ ئامادەبوونێکی هاوتا لەگەڵ ئەم پێویستییە، سەرەڕای هەموو پێشهاتەکانی بەشداریکردنی سیاسی بەگشتی.

 

ڕوونیشیکردەوە، کە کەمبوونەوەی بوونی ژنان لە پرۆسەی هەڵبژاردندا هەیە و هەوڵی شێواندنی دەدرێت، کە تاڕادەیەکی زۆر دوورە لە ڕاستییەوە، بە دڵنیاییەوە ڕاستە کە هەوڵەکانی هۆشیارکردنەوە وەک پێویستییەک دەمێننەوە کە پێویستی بە هەوڵی هاوبەشی کۆمەڵگەی مەدەنی هەیە بۆ بەدەستهێنانی، بەڵام ژنان بەرەو مافە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکان هەنگاوی گەورەیان ناوە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دۆخەکە لە بەرژەوەندی ئەوان دەگۆڕێت.

 

جەختی لەوە کردەوە، کە جێبەجێکردنی یاسا ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێت لە بەدیهێنانی دادپەروەری بە گشتی و نوێنەرایەتی ژنان بەتایبەتی، تیشکی خستە سەر گرنگی کارکردن بۆ گۆڕینی ئەو کولتوورە کۆمەڵایەتییە باوەی کە ڕۆڵی ژنانی چەقبەستوو دەکات و سنوورداریان دەکات بە ڕۆڵی چاودێریکردن، بەدەرکردنی چالاکییەکانی دیکە، لەوانەش بەشداریکردن لە کایەی گشتیدا بە هەموو شێوازەکانییەوە.

 

لە کۆتاییدا، بەشداریکردنی ژنانی میسری لە ژیانی سیاسیدا، لەوانەش خۆکاندیدکردن بۆ پۆست و دەنگدان، هەنگاوێکی سەرەکییە بۆ بەرەو پێشخستنی یەکسانی و گەیشتن بە گەشەپێدانی بەردەوام.

 

سەرەڕای ئەو پێشکەوتنانەی کە لە یاسادانان و پشتیوانی دامەزراوەییەکاندا بەدەست هاتوون، هێشتا ئاڵەنگاریەکان هەن کە پێویستە چارەسەر بکرێن، وەک بەربەستە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان و دەرفەتە سنووردارەکان بۆ بەهێزکردنی کاریگەر، هەروەها دەستەبەرکردنی بەشداری فراوانتر و کاریگەرتری ژنان تەنها لە زیادبوونی ژمارەکاندا سنووردار نییە، بەڵکو پێویستی بە ئیرادەی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەیە بۆ دروستکردنی ژینگەیەک کە ڕێگە بە ژنان بدات هاوبەشی چالاک بن لە بڕیاردان و داڕشتنی داهاتوو.