پەرلەمانتاران "حکومەت بیر لە بەرژەوەندی خۆی دەکاتەوە نەک خەڵک"

تا ئێستا هیچ ڕێکەوتنێک لەسەر بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان نەکراوە، لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاندووە، تا ڕێکەوتن نەکرێت تێپەڕاندنی پڕۆژە یاسای بودجە ناخانە بەرنامەی کاری پەرلەمان، پەرلەمانتارانیش دەڵێن، تێپەڕاندنی بەشە بودجە لە بەرژەوەندی خەڵک دەبێت نەک حکومەتی هەرێم.

تا ئێستا هیچ ڕێکەوتنێک لەسەر بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان نەکراوە، لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاندووە، تا ڕێکەوتن نەکرێت تێپەڕاندنی پڕۆژە یاسای بودجە ناخانە بەرنامەی کاری  پەرلەمان، پەرلەمانتارانیش دەڵێن، تێپەڕاندنی بەشە بودجە لە بەرژەوەندی خەڵک دەبێت نەک حکومەتی هەرێم.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان نزیکەی ٢٠ جارە سەردانی بەغدا دەکات بۆ ڕێکەوتن لەسەر بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢١ی عێراق، بەڵام تا ئێستاش سەردانەکان هیچی لێ سەوز نەبووە.

 

سەردانە بەردەوامەکانی شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی ١٢ی ساڵی ڕابردووەوە بۆ بەغدا دەستپێکردووە، لە ماوەی ئەم چوار مانگەدا نزیکەی ٢٠ جار سەردانی بەغدایان کردووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی ناوەندی ڕێکەوتنی کردووە، بەڵام لایەنەکانی ناو ئەنجومەنی نوێنەران ئامادە نین ئەو بڕەی لە پڕۆژە یاساکەدا دانراوە جێبەجێبکرێت.

 

بەپێی ئەو دەقەی لە پڕۆژە یاساکەدا دانراوە، دەبێت هەرێمی کوردستان بڕی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕێگای کۆمپانیای سۆمۆ بفرۆشێت، هەروەها هەرێمی کوردستان کۆی داهاتە نەوتی و نا نەوتییەکان ڕادەستی عێراق بکات، لە بەرامبەریشدا بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان کە زیاتر لە ١١ ترلیۆن دینارە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت.

 

لە ئێستادا ئەگەرچی بابەتی تێنەپەڕاندنی یاسای بودجە تەنها دیاری کردنی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو چەند کێشەیەکی دیکەی وەک ڕێکنەکەوتنی لایەنە عێراقییەکان، دیارینەکردنی نرخی نەوت و  داواکردنی دامەزراندنی زیاتر هۆکارن بۆ تێنەپەڕاندنی پڕۆژە یاساکە، لیژنەی یاسای ئەنجومەی نوینەرانی عێراق بڕیاریداوە تا ڕێکەوتن لەسەر بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان نەکرێت، بابەتی پڕۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢١ ناخرێتە بەرنامەی کاری ئەنجومەنی نوێنەرانەوە.

 

تا ئێستاش هیچ ڕێکەوتنێک لەسەر پرسی بودجە نەکراوە، شەوی ١٧ مانگ شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەریەک لە بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق و مستەفا کازمی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەتەوە، کازمی بە شاندەکەی حکومەتی هەرێمی وتووە، تەنها ئەو دەقە جێبەجێدەکرێت کە لە پڕۆژە یاساکەدا جێگر دەکرێت.

 

ڕێزان شیخ دلێر، ئەندامی ئەجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد،  سەرباری ئەوەی تا ئێستا هیچ ڕێکەوتنێک لەسەر پڕۆژە یاساکەی نییە، بەڵام ڕێگایەک بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژە یاساکە دانراوە، کە ئەویش دیارینەکردنی بڕی ئەو نەوتەیە کە دەبێت بنێردرێت بۆ عێراق، بەڵام ئەمەش کێشە بۆ هەرێمی کوردستان دروست دەکات، کە دیار نییە دواتر حکومەتی عێراق داوای چەند نەوت دەکات.

 

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، لایەنە شیعەکان ڕازی نین بە تێپەڕاندنی پڕۆژە یاسای بودجە، شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لەگەڵ حکومەت، پەرلەمانتاران و لیژنە یاساییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبوونەتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ کات هێندەی ئێستا لەسەر داواکارییەکانی پێداگر نەبووە، هەموو کوتلەکانیش یەکدەنگن لەسەر تێپەڕاندنی پڕۆژە یاساکە لە بەرژەوەندی هاوڵاتیانی کورد، نەک حکومەت، چونکە ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندی خەڵکدا بووە، دۆخی میللەت بەم جۆرەی ئێستا نەدەبوو.

 

شیرین ڕەزا، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە خولی پێشتری ئەنجومەنی نوێنەران، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ژنها، ڕایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەپێی ڕێکەوتنەکان کار ناکات، داوای بەشی خۆی لە عێراق دەکات، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو بڕە نەوتە نانێرێت.

 

ئەو پەرلەمانتارەی خولی سێیەم، باسی لەوەشکرد، بەرپرسەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هێندەی بەرژەوەندی خۆیان بۆ گرنگە، گرنگی بە ژیانی هاوڵاتیان نادەن.

تا ئێستا هیچ ڕێکەوتنێک دیار نییە، هەرچەندە مستەفا کازمی دەسەڵاتی دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستانی هەیە، بەڵام تا ئێستا بێدەنگە، تەنها شەش مانگیش ماوە بۆ پڕۆژە یاسای بودجەی ئەم ساڵی عێراق، دواتر دەبێت باس لە پڕۆژە یاسای ساڵی تازە بکرێت.

 

 

ڕێکنەکەوتنی هەرێمی کوردستان و عێراق، دەبێتە هۆی لێکترازانی زیاتری ئەو دوو حکومەتە، بە ڕێکەوتنیشیان سەرەڕای زیاتر نزیکبووەنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو حکومەتەکە، بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانیش لەو ١١ ترلیۆن دینارە زیاد دەکات بۆ ١٥ ترلیۆن دینار، چونکە ئەو کاتە بەشە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان، خەرجی وەبەرهێنان و چەند بەشە بودجەیەکی دیکەش دەبێت، دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆش ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دانیشتن لەسەر بەشە بودجە دەکات.

 

ت.پ