پانۆڕاما، بەهۆی قەیرانەکانەوە باشوری کوردستان زۆرترین ناڕەزایەتی بەخۆوە بینی

لە دوای سەربەخۆ فرۆشتنی نەوت لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە و بەستنی ڕێکەوتنی ٥٠ ساڵەی نەوت لە نێوان هەرێم و تورکیا لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٣دا، حکومەتی عێراق ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانی ڕاگرت، ئیدی قەیرانەکان بۆ هاوڵاتیان دەستیپێکرد.

 

لاڤین مەحمود

سلێمانی- بەهۆیی خراپی باری ئابوری هاوڵاتیانەوە لە ماوەی ئەمساڵدا زۆرترین خۆپیشاندان و ناڕەزاییەتی ئەنجامدراوە، هەر ئەو دۆخەش وای لە هاوڵاتیان کرد ناچاربن باشوری کوردستان بەجێبهێڵن و کۆچ بکەن، ئەوەی دیکەی بە نیوە مووچەوە لە ژیانێکی سەختدا ژیان دەگوزەرێنن.

 

ئابوری ئەم هەرێمە پێنج ملیۆن کەسییە بە ڕادەییەک خراپ بووە، ئابوریناسەکان دەڵێن هیچ جێیەکی دیکە هاوشێوەی ئابوری ئەم هەرێمە نییە، کەرتی کشتوکاڵ کە مەرجی سەرەکی بەهێزبوونی هەر حکومڕانییەکە لەژێر سفر دایە.

 

-لە ساڵی ٢٠٢١دا نرخی دۆلار بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، زۆر بە خێرایی نرخی ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی، لە ١٢٠ هەزار دیناری عێراقییەوە بۆ ١٤٨ هەزار دیناری عێراقی بەرزبووەوە، کە زەرەمەندی سەرەکی هاوڵاتی و قازانجی دەسەڵاتدا بوو.

 

-لە سلێمانی بە پێشەنگایەتی حزبی شیوعی کوردستان و بە دروشمی "بردوویەکی تاڵ و ئایندەیەکی نادیار لە سایەی سیاسەتی ئابوری بەرخۆردا" گردبوونەوەیەک دژی سیاسەتی شکستخواردووی ئابووری هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، لە شاری هەولێر و کەلاریش بە هەمان مەبەست گردبوونەوە ئەنجامدرا.

 

-لەگەڵ ئەو هەموو قەیران و ناڕەزایەتییانەدا هێشتا هەوڵدانی ژنان بۆ بەدەستهێنانی ئابوری سەربەخۆ نەوەستاوە و ژنان لە بوارە جیاوازەکاندا کاردەکەن و هەوڵدەدەن بژێوی ژیانیان دابینبکەن، بەجۆرێک زۆرێک لەو پیشانەی تاوەکو ئێستا کۆمەڵگای پیاوسالاری بۆ پیاوی داناوە، ژنان دەستیان بۆ بردووە و کاری تێدادەکەن، وەک کۆمپانیایەکی عەقارات کە لەلایەن چوار ژنەوە بەڕێوەدەبرێت، هەروەها ئاژانسی نوژنها لە ڕاپۆرتێکیدا دەریخستووە کە وەرشەی چاککردنەوەی محاویلاتی کارەبای سلێمانی ژنان بەڕێوەی دەبەن، کە ئەو محاویلانەی بەهۆی بەکارهێنانی زیاد لە توانایان و گۆڕانی کەشوهەواوە لە کارکەوتوون، ٢٦ ساڵە ژنان لەم بوارەدا کاردەکەن بەڵام تا ئێستاش زیاد لە سێچارەکی هاوڵاتیان لەمە بێئاگان.

 

-لەم ساڵدا کۆمەڵەی زامی کوردستان ١٠ ژنی چالاکوان و کاسبکاری شاری سلێمانی هەڵبژارد و لە مەراسیمێکدا خەڵاتی ڕێزلێنانیان پێشکەشكردن، ئەو ژنانەش چالاکوان، سیاسەتمەدار، خاوەنکار، ژنانی تێکۆشەری سەردەمی شاخ و ژنانی شاری سلێمانی بوون.

 

-هاوڵاتیان بە گشتی و ژنان بە تایبەت لەپێناو بەرەوپێشچوونی بەرهەمی خۆماڵی و دەوڵەمەندکرنی ژێرخانی ئابووری هاوڵدەدەن و چەندین پێشەنگای کاری دەستی، بەرهەمی خۆماڵی و کەلوپەلیان کردووەتەوە، بەڵام هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا مەترسی بۆسەر ژیانیان دروستدەکات وەک فێستیڤاڵی هەنگوین کەلە کارگەی جگەرەکە بەڕێوەچوو، بەشداربووان باسیان لەوەکرد بەهۆی بۆردومانەکانەوە لە ناوچە سنورییەکان ناتوانن کارەکانیان بە باشی ڕاپەڕێنن، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا هاوڵاتیان نەوەستاون لە هەوڵەکانیان و داوا دەکەن حکومەت و دەسەڵات ڕێگە بە هێرشکردنە سەر خاکی باشوری کوردستان نەدەن.

 

 

هەروەها کردنەوەی هەفتەبازاری کشتوکاڵی لە شاری هەڵەبجە، فێستیڤاڵی پایزە بۆ بەرهەمە ناوخۆییەکان لە شار سلێمانی، پێنجوێن و هەڵەبجە کە زیاتر لە نیوەی وەبەرهێنەرەکان و بەشداربووەکانیش ژن بوون، شەشەمین فێستیڤاڵی هەنگەوانان بە دروشمی "هەنگ و هەنگوین چارەسەرن" و پێشەنگای هاوبەشی بەرهەمە دەستییەکانی ژنانی باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و فارس و عەرەب لەو پێشەنگایانە بوون کە پەرەیان بە ئابوری ژنان دا.

 

-هەر ئەمساڵ حەوتەمین ڤیستیڤاڵی هەنار لە پاریزگای هەڵەبجە بە بەشداری ٤٠٠ جوتیار و خاوەن بەرووبوم و کاری دەستی بەڕێوەچوو،تێیدا ژنان پێشەنگایەتی ئەو ڤێستیڤاڵەیان کرد و بەرهەمی دەستی و خۆماڵییان بە شێوازێکی سەرنجڕاکێش نمایشکرد.

 

ت.پ