زوڵفان غەریب: پرسی کەرکوک چارەنووسی گەلی کوردە

ململانێی سیاسی، دەستی دەرەکی و تا ئێستا هەبوونی ئەقڵیەتی شۆڤێنی لەناو شاری کەرکوکدا پرسی کوردی خستووەتە ژێر پرسیارەوە، چالاکوانێکیش بە پێویستی دەزانێت، حزبەکان لەپێناو چارەنووسی کورد و کەرکوک یەک بگرن.

شنیار بایز

 

سلێمانی- لە ١٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە عێراق بەڕێوەچوو، لەو هەڵبژاردنەدا کورد توانی حەوت کورسی پارێزگای کەرکوک بەدەست بهێنێت، بەڵام ماوەی مانگێک زیاترە هەڵبژاردن ئەنجامدراوە و تا ئێستا پارێزگاری شارەکە دیاری نەکراوە، ئەمەش دەریدەخات دەستی دەرەکی لە سیاسەتی کەرکوکدا هەیە و ئەقڵیەتی شۆڤێنی لەناو ئەو شارەدا بەدی دەکرێت، لە لایەکی دیکەوە یەکنەگرتووی حزبە کوردەکان کێشەی لەسەر پرسی کورد لە کەرکوکدا دروستکردووە.

 

"پلانی جیاواز بۆ نەهێشتنی حکومەتی خۆجێی پەیڕەو دەکرێت"

زوڵفان غەریب، چالاکوانی کۆمەڵایەتی و بواری ژنان، دەربارەی ئەو سیاسەتەی لە کەرکوک جێبەجێ دەکرێت، ڕوونیکردەوە، لە پاش ٢١ ساڵ لە ڕووخاندنی ڕژێمی دیکتاتۆری عێراق بەڵام هێشتا ئەقڵیەتی شۆڤێنی لە هەندێک ناوچەی عێراق بەدی دەکرێت، بەتایبەتی لە ئێستادا تیشک دەخرێتەسەر کەرکوک، کە ماوەیەک لەمەوبەر لەژێر پڕۆسەیەکی ئازادیدا کەرکوک ناسنامەی کوردبوونی خۆی دووبارە کردەوە و سەلماندی جێگەی پێکەوەژیانی گەلانە.

 

زوڵفان غەریب باسی لەوەشکرد هەر ڕۆژە و پلانێک لە دژی گەلی کورد پەیڕەو دەکرێت، بەو ئامانجەی حکومەتی خۆجێی سەربەخۆ لە کەرکوکدا بوونی نەمێنێت، وتی: لە گەڕەکی نەورۆز لە شاری کەرکوک بینیمان بە بیانووی جیاواز کوردەکانیان بێزار کردووە و دەیانەوێت جارێکی دیکە بە شێوازێکی تر ڕایانگوازن، لە گەڕەکی عەرەفەش بە هەمان شێوەیە، بەڵام خەڵکی خۆڕاگری کەرکوک لە هەردوو گەڕەکەکە کوردبوونی خۆیان سەلماندووە و ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ جێنەهێشتنی شوێنەکانیان.

 

"حزبەکان لە کەرکوک گرنگە لە بەرژەوەندی کەرکوک ڕێکبکەون"

زوڵفان غەریب ئاماژەی بەوەکرد ئەقڵیەتی شۆڤێنی پیلان دەگێڕێت بۆ ئەوەی حکومەتی خۆجێی لە کەرکوکدا دروست نەبێت، کورد لە کەرکوکدا بووەتە خاوەنی چەند کورسیەک، بەڵام نەیتوانی پارێزگاربوونی کەرکوک دەستەبەر بکات، دەشڵێت: بە هەموو مافێک مافی کوردە پارێزگاری کەرکوک بگرێتە دەست، چونکە ڕێژەیەکی بەرچاو لە دەنگی بەدەستهێناوە، گرنگە ئەو پارێزگایەی دێتە بوون دووربێت لە ئەقڵیەتی شۆڤێنی، دووربێت لە سڕینەوەی ناسنامە جیاوازەکان لە کەرکوک.

 

زوڵفان غەریب بە گرنگی دەزانێت لایەنە کوردە جیاوازەکان لەبەر کەرکوک ڕێکبکەون، بۆ ئەوەی چیتر پارێزگارێک بۆ کەرکوک دانەنرێت بە ئەقڵیەتێکی شۆڤێنی کار بکات، یاخود بەهەمان سەردەمی سەدام حسێن حکوم بکات، ئامانجیشان بێت ناسنامەی کورد لەناو نەچێت، چونکە ئەو دەسەڵاتە دەیەوێت پاشەکشە بە کوردەکان بکات لەناو کەرکوکدا.

 

"وڵاتانی دەوروبەریش چاویان لەسەر کەرکوکە"

دەربارەی بە عەرەب کردنی کوردەکان لەناو شاری کەرکوکدا زوڵفان غەریب ڕوونیکردەوە، کەرکوک شارێکی کوردانە و نەتەوەکانی دیکە تیایدا ژیاون، ئەگەر تەماشای مێژووی کەرکوک بکرێت، دەبیندرێت هەمیشە نەتەوەی کورد تیایدا زیاتر بووە و بە ئاشتیانە لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەدا ژیانیان کردووە، بەڵام هەندێک لایەن و ئەقڵیەت هەن دەیانەوێت کوردان بە عەرەب بکەن و ئارامی شارەکە تێک بدەن.

 

لە درێژەی قسەکانیدا زوڵفان غەریب بە پێویستی دەزانێت حکومەتی ئێستای عێراق هەڵوێستی خۆی دەربارەی پرسی کەرکوک ڕابگەیەنێت، چونکە دروستبوونی کێشە لەسەر کەرکوک کاریگەری لەسەر شارەکانی تریش هەیە، وتی: نابێت کەرکوک پشتگوێ بخرێت چونکە کەرکوک شارێکە تەنانەت وڵاتانی دەوروبەریش چاویان لەسەرە و هەوڵ دەدەن دەست بخەنە سیاسەتیەوە، بۆ ئەمەش حکومەتی عێراق پێویستە بە زووترین کات ئارامی شاری کەرکوک جێگیر بکات و ئەو حکومەتە خۆجێییەی پێویستە بۆ کەرکوک دایبمەزرێنێت.

 

"حزبە کوردییەکان نابێت ڕێگە بدەن دەستی دەرەکی بێتە ناو کەرکوکەوە"

لە کۆتایدا ئەو چالاکوانە ڕوونیکردەوە، یەکگرتن و یەکدەنگ بوون لە شاری کەرکوکدا ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر هەرێمی کوردستانیش، ڕەنگدانەوەی دەبێت لە پۆستە جیاوازەکان لە عێراقدا، وتی: ئەگەر بێت و بە یەکگرتووی لە کەرکوکدا حکوم نەکەن و کورسیەکانیان لە بەرژەوەندی کوردا نەبێت، بێگومان ئاژاوە لە کەرکوک دروست دەبێت و ئەم ئاژاوەیەش ڕەنگدانەوەی خراپی لەسەر کەرکوک دەبێت و دەنگی کورد کەم دەکاتەوە.

 

لە کۆتاییدا زوڵفان غەریب وتی: دەنگی کورد لە پەرلەمانی عێراق و پارێزگاری کەرکوکدا گرنگە بۆ ئەوەی ئەو کەسەی هەڵدەبژێردرێت و بۆ پۆستێک کوردەکانیش بتوانن دەنگیان هەبێت و ڕێکەوتن بکەن لەگەڵ لایەنی شیعە و سونەدا، لایەنە کوردییەکان لە کەرکوک بزانن بە کۆدەنگی دەتوانن مافی کورد و کوردبوون دەستەبەر بکەن، تەنانەت ئەگەر دەستی دەرەکیش هەوڵی تێکدانی نێوانی کوردان بدات، چونکە ئەوە چارەنوسی کورد و کەرکوکە.