نیاز عەبدوڵا: ژن سیمبولە بۆ خەباتی ئایندەیەکی نوێ

دوای تێپەڕبوونی ١٠٠ ساڵ بەسەر پەیماننامەی لۆزاندا کۆنفرانسێک بە بەشداری بەرچاوی ژنان لە هەمان شوێنی واژۆکردنی ئەو پەیماننامەیە بەسترا و چەندین مەرج دانرا، ئەمەش بووە وەڵامێک بۆ داگیرکار، کە "دەرەوەی ئیرادەی گەل هیچ بڕیارێک پەسەند ناکرێت".

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- لە شەڕی چاڵدێراندا کوردستان کرا بە دوو پارچەوە، دواتر پەیماننامەکانی سیڤەر و کۆتا پەیمانننامەی ٢٤ی تەمموزی ١٩٢٣ بە ناوی لۆزان، کە لە شاری لۆزانی سویسرا واژۆ کرا، بە فەرمی کوردستان کرا بە چوار پارچەوە، لە هەموو مافەکانی بێبەش کرا و کۆمەكوژی و پاکتاو و لەناوبردنی کوردان و گەلانی دیکەی ناوچەکە دەستیپێکرد.

 

ئەگەرچی کۆمەڵکوژی کوردان بەردەوامە، بەلام دوای تێپەڕبوونی ١٠٠ ساڵ و لە٢٢ی تەمموزی ئەمساڵدا لە شاری لۆزان کۆنفرانسێک بەسترا، تا لێکەوتەکان و هەنگاوەکانی دوای ئەو کۆنفرانسە هەڵبسەنگێنن و هەنگاوی داهاتوو دیار بکەن، کۆنفرانسەکە ماوەی ٣ ڕۆژی خایاند و کوردان لە هەر چوار پارچەی کوردستان و وڵاتانی ترەوە بەشداریان تێدا کرد، ژنانیش پێشەنگایەتی کۆنفرانسەکەیان کرد و ڕۆڵی بەرچاویان هەبوو.

 

لە ئەنجامی کۆتایی کۆنفرانسەکەدا جەخت کرایەوە، کە دەبێت کۆمەڵەی نێودەوڵەتی پشتیوانی لە گەلی کورد بکات، کورد ببێتە ئەندامی چاودێر لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەبێت ئەو وڵاتانەی واژۆی پەیماننامەی لۆزانیان کرد، قەرەبووی ئەو تاوانانە بکەن کە بەسەر کوردا هاتووە لە ماوەی ئەو ١٠٠ ساڵەدا، ڕێگری کردن لە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر سنورەکانی کوردستان و چەندین خاڵی گرنگی دیکە دیاریکرا.

 

"وڵاتە زلهێزەکان لەبەر بەرژەوەندی خۆیان پەیماننامەی لۆزانیان واژۆ کرد"

نیاز عەبدوڵا، چالاکوان و بەشداری کۆنفرانسی لۆزان لە تەمموزی ٢٠٢٣دا، ئاماژەی بەوەکرد، پەیماننامەی لۆزان تەنها پارچەکردنی کوردستان نەبوو، بەڵکو سنور دانان بوو لە نێوان وڵاتاندا، ئەمەش بەرژەوەندی وڵاتە زلهێزەکانی تیدا بوو کە ئەو پەیماننامەیان واژۆ کرد، جگە لە پەیماننامەی لۆزان کوردستان لە پەیماننامەی سیڤەریشدا پارچە پارچە کرابوو، هەر بڕیارێک وڵاتە زلهێزەکان دەریدەکەن بەرژەوەندی خۆیانی تێدایە کە سەرمایەیە، کوردستانیش لەبەرئەوەی ناوچەیەکی پڕ نەوتە، بۆیە ئەو دەوڵەتانە پێشوەختە کاری خۆیان دەکەن تا دەست بەسەر ئەو سەرمایەیەدا بگرن، هەروەها لە دوای ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی، تورکیا تووشی داڕووخانی ئابووری بوو، بۆیە وڵاتە زلهێزەکان بڕیاریاندا موسڵ بخەنە ژێر دەسەڵاتی عێراقەوە بە مەرجێک ٪١٥ی ئابووریەکەی بدات بە تورکیا و لەوکاتەدا ئابووریەکەی پێببوژێنێتەوە، ئەم مێژووە زەرەرێکی گەورەی کوردی تێدا بوو، کە نەتوانراوە مافەکانی کوردی تێدا پارێزراو بێت.

 

"هەستێکی نەتەوەیی لە کۆنفرانسی لۆزاندا کۆی کردینەوە"

نیاز عەبدوڵا ڕوونی کردەوە، ئەو کۆنفرانسەی بەسترا لە هەموو وڵاتانەوە کوردان بەشداریان تێدا کرد، ئەو پەیامەی گەیاند کە ئێمە دوای ١٠٠ ساڵیش پەیماننامەیەک قبوڵ ناکەین، مافەکانی کوردی تێدا پێشێل کرابێ، ئەم کۆنفرانسە بووە هۆی زیاتر ناسینی یەکتر و بەیەکەوە و بە یەک دەنگ و بە جلی کوردیەوە بەشداریمان لە کۆنفرانسەکە کرد، بەشێکیش لە کوردەکان لەبەردەم ئەو بینایەی کۆنفرانسەکەی تێدا کرا ناڕەزایەتییان دەربڕی، جێگەی خۆشحاڵی بوو کە هەستێکی نەتەوەیی کۆی کردینەوە.

 

وتیشی: دەبوو حزبەکانی کوردستان لەو کۆنفرانسەدا هەموویان بە یەک دەنگ بەشداریان بکردایە، بەم شێوەیە بەهێزی کورد دەردەکەوت لەبەر چاوی دەوڵەتانی تردا، یەکنەگرتنی حزبێکی سیاسی کوردستان لەگەڵ لایەنەکانی تر وایکردووە تورکیا هەست بە بەهێزی بکات و هەوڵی داگیرکردنی خاکی کوردستان بدات، بۆیە ئەگەر ئێمە لەناو خۆماندا یەکگرتوو نەبین بە ئاسانی خاکمان داگیر دەکرێت.

 

"شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاوا بوون بە شانازی بۆ ئێمەی کورد"

نیاز عەبدوڵا ئەوەشی خستەڕوو، ئێمەی ژنان کە بەشداریمان لە کۆنفرانسەکەدا کرد لەسەر فکر و فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان خەبات دەکەین، کە دەڵێت، "ژن تا لێی بدرێت، بەهێزتر دەبێت و دەبێتە پێشەنگ لە شۆڕشەکاندا" وتیشی: هەروەک چۆن ژن پێشەنگایەتی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن، بۆیە ئێستا شۆڕش شۆڕشی ژنە، جێگەی شانازییە بۆ ئێمەی کورد لە هەر شوێنێک بڵێین کوردین باسی بەهێزی و خەباتی شەڕڤانەکان و شۆڕشی ڕۆژئاوا دەکەن، بۆیە ژن سیمبولە بۆ خەباتی ئایندەیەکی نوێ، هەروەها چەندین دایکی شەهید و ژنی چالاکوان و بە توانا بەشداریان کرد لە کۆنفرانسەکەدا هەر ناوچەیەک و بە جلی کولتووری خۆیەوە و ئێمەش ئاشنا بووین بەو  کولتوورانە، بە یەک دەنگ کوردبوونی خۆمانمان سەلماند.

 

"ئیمە یەکگرتوویمان لە لایەنەکان دەوێت"

نیاز عەبدوڵا لە کۆتایدا وتی: پەیامی من ئەوەیە بە یەک دەنگ یەکبگرین، هەرچەندە لە هەرێمی کوردستاندا بەهۆی جیاوازی ئایدیای حیزبە سیاسییەکانەوە ناکۆکی هەیە، بەڵام دەکرێت هەموومان یەکگرتوو بین، بەو شێوەیە دەتوانین کوردستانێکی یەک پارچەمان هەبێت، ئێمە کە لە دەرەوەین دەزانین کورد چەند بێ مافە لە چاو نەتەوەکانی تر و وڵاتانی تردا، هەرچەندە وەکو پەنابەر مافمان پارێزراوە، بەڵام لە چاو هاوڵاتی وڵاتەکەدا پلە دووین، بۆیە با لایەنەکان کۆتایی بە ململانێ بێنن، چونکە ئێمە یەکڕیزیمان دەوێت.