نورشەن حسێن: هاوکاریکردنی تورکیا لەلایەن پەدەکەوە، کوردستان ڕووبەڕووی مەترسی دەکاتەوە

لەوکاتەی ژمارەیەک لە نوێنەرانی پارتی یەکێتی دیموکرات-پەیەدە بە مەبەستی پێشوازیکردن لە میوانێکیان دەچنە فڕۆکەخانەی هەولێر، لەلایەن هێزەکانی پەدەکەوە دەستگیردەکرێن، ١٨ ڕۆژ تێپەڕبووە بەسەر دەستگیرکردنەکەیاندا و تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە.

 

شنیار بایز

سلێمانی- لە بەرواری ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢١، سێ ئەندامی پەیەدە بە ناوی "مستەفا عوسمان، نوێنەری پێوەندییەکانی پەیەدە لە هەولێر، جیهاد حەسەن، نوێنەری خۆبەڕێوبەری دیموکراتی لە هەولێر و مستەفا عەزیز ئەندامی پەیەدە لە هەولێر" دوای ئەوەی سەردانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێریان کرد بە مەبەستی پێشوازیکردن لە میوانێکیان لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکە دەستگیردەکرێن تا ئێستاش زانیاری دەربارەیان نازانرێت، هەروەها دوو ڕۆژ پێشتریش گەنجێکی ڕۆژئاوای کوردستان بە ناوی جوان عەبدولکەریم، کە لەگەڵ دایکە نەخۆشەکەی بە مەبەستی سەردانی پزشکی هاتبوونە باشووری کوردستان، لە دەروازەی فیشخابوور لەلایەن ئاسایشی پەدەکەوە دەستگیر کراوە.

 

پارتی یەكێتی دیموكرات-پەیەدە، ئاماژەی بەوە کردووە لەسەر دەستگیرکردنی ئەو سێ ئەندامەیان هیچ زانیارییەکیان پێنەگەیشتووە، لە هەوڵدان بۆ پەیوەندیکردن بە بەرپرسانی پەدەکەوە و ئەوەشیان خستەڕوو، دەستگیرکردنی ئەو سێ ئەندامە تەنها خزمەتکردنە بە دوژمنان.

 

پەیەدە بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتبوو: گرتنی ئەندامەكانیان لەلایەن پەدەكەوە لەكاتێكدایە، هەوڵ بۆ سەرخستنی دیالۆگی كوردی هەیە لە ڕۆژئاوای کوردستان، ئەو جۆرە كردەوانە دەبنە هۆی بڵاوكردنەوەی تۆوی دووبەرەكی ‌و خزمەت بە دوژمن دەكەن كە بە تەواوی پەدەكە لێی بەرپرسیارە.

 

"پەدەکە ئامانجی نەهێشتنی پەیوەندییە لە نێوان ڕۆژئاوا و باشووری کوردستاندا"

نورشەن حسێن، نوێنەری خۆبەڕێوەبەری خۆسەر لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە دەستگیرکردنی سێ ئەندامی پەیەدە بە ژنهای ڕاگەیاند: ئەو سێ ئەندامە بەبێ بوونی هیچ تاوانێک یاخود بەڵگەیەک لەلایەن پەدەکەوە دەستگیرکراون لە کاتی کاری دیبلۆماسیدا، هەتا ئێستاش چارەنوسیان نادیارە، ئەو کارانەی پەدەکەش بەرامبەر هاوڵاتیانی ڕۆژئاوای کوردستان و پارچەکانی دیکە دەیکات دوورن لە خەمی نیشتیمان و کوردبوونەوە، ئەو دەیەوێت پەیوەندی نێوان ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان نەمێنێت.

 

"ئەو هێرشانەی تورکیا لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامیدا دەیەوێت لە باشوریش ئەنجامی بداتەوە"

نورشەن حسێن ئاماژەی بەوەدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە تایبەت پەدەکە لە بەرامبەر هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا و دووبارەکردنەوەی هێرشەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە باشوری کوردستان بێدەنگ و بێ هەڵوێستە، ئەگەر پەدەکە لەم جۆرە هەڵوێستەی بەردەوام بێت، چارەنووسی کورد نادیار دەبێت و بە قازانجی داگیرکەر دەشکێتەوە.

 

ئەوەشی خستەڕوو تورکیا دەیەوێت لە باشوری کوردستان هێز و پارتە جیاوازەکان ڕووبەڕووی یەک بکاتەوە و شەڕی کورد بە کورد هەڵگیرسێنێت، دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت داگیرکارییەکانی لەڕێگەی پەدەکەوە بەردەوامی پێبدات تا ناکۆکی ناوخۆیی هەڵگیرسێنێت، بەردەوامی پەدەکەش لەم هاوکارییە مەترسییە بۆسەر گەلی کورد و دەستکەوتەکانی بەتایبەت لە دۆخێکی هەستیاری وەک ئێستادا، لەکاتێکدا یەکگرتنی هێزە جیاوازەکان پاڵپشتی سەرەکی کورد و کوردستانە، هەروەها چارەنووسی گەلی کورد گرێدراوە پێکەوە بۆیە یەکگرتنیان دەبێتە هۆی لەناوبردنی دوژمنان.

 

ئەو نوێنەرەی خۆبەڕێوەبەری باسیلەوەشکرد چەندین جار وەک نوێنەرانی پەیەدە داوایان لە حکومەتی هەرێم، لایەنە جیاوازەکان و تەنانەت پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیش کردووە چیتر لە ئاست ئەو هێرشانەدا بێدەنگ نەبن و چارەنووسی گیراوانی پارتی یەکێتی دیموکراتیش ئاشکرا بکەن و هۆکاری دەسگیرکردنەکەیان ڕوون بکەنەوە، بەڵام تا ئێستا بێدەنگن، داواشمان کردووە هاوڵاتیانی ڕۆژئاوا یەکلابکەنەوە لەوەی کە ئایا دەتوانن لە نێوان باشور و ڕۆژئاوای کوردستاندا هاتووچۆ بکەن و کارەکانیان بەڕێوەبەرن یاخود نا.

 

"پەدەکە لەگەڵ ئاکەپە لە دژی هەندێک بەشی کوردستان ڕێککەوتوون"

نورشەن ئاماژەی بەوەدا پەدەکە ژێربەژێر لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا و بەتایبەت ئاکەپە، دژی هەندێک بەش و پارتی کوردستانن کە ئەمەش زیانی زۆر بە کورد دەگەیەنێت، چونکە ئەو سیاسەتەی دەوڵەتی تورکیا و ئاکەپە و مەهەپە بەڕێوەی دەبەن لە دژی کوردە، هەر هاوکارییەکیش دەکەوێتە خزمەتی داگیرکاری و دەوڵەتی تورکیا.

 

وتیشی: هەرکەسێک ئەلف و بێی ماف بزانێت تێدەگات کە دەوڵەتی تورکیا دژی هەبوونی گەلی کوردە و هەموو ڕێگەیەکی شەڕی تایبەت بەکاردەهێنێت، پەدەکەش ئەو ڕاستیانە نابینێت و ئاکەپە بەدۆستی خۆی دەبێنێت و هاوکاری پیلانگێڕییەکانی دەوڵەتی تورکیا، وە ئەمە کێشەیە بۆ باشوری کوردستان و دۆزی کورد لە چوار پارچەی کوردستان، پێویستە پەدەکە بە سیاسەتی خۆیدا بچێتەوە و چیتر دۆست و دوژمنی خۆی بناسێت و بۆ کوردیشی ئاشکرا بکات کە ئایا لەگەڵ سیاسەتی تورکیادایا یاخود نا.

 

نورشەن حسێن، وتیشی داوا لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی و لایەنەکانی باشوری کوردستان دەکەین، بێدەنگ نەبن و یەکێتی و هەڵوێستی لایەنە کوردییەکان دژ بە داگیرکارییەکان دروستببێت و ئەندامەکانمان لە هەولێر ئازاد بکرێن.

 

ت.پ