نەخشەی کوردستانی گەورە و پولێکی ٥٠٠ دیناری دەوڵەتانی دراوسێی توڕە کرد
لەدوای نمایشەکەی پولی یادەوەری لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە بۆ پاپا فرانسیس، تورکیا و ئێران داوای ڕوونکردنەوە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن.
ناوەندی هەواڵ
لە کاتی سەردانکردنی پاپا فرانسیس نوێنەری ئاشتی جیهانی بۆ هەرێمی کوردستان لە بەرواری ٧ی ئازاردا وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی شاری هەولێر، شەش پولی یادەوەریان نمایش کرد یەکێک لە پولەکان نەخشەی کوردستانی گەورەی تێدانەخشێنرابوو لەگەڵ پاپا فرانسیس.
لە دوای نمایشکردنی پولەکان هەردوو دەوڵەتی تورکیا و ئێران هاتنە دەنگ و داوای ڕوونکردنەوە دەکەن لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە.
داوای دەوڵەتی تورکیا بۆ حکومەتی هەرێم چیە سەبارەت بە پولی یادەوەری؟
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە ڕاگەیانراوێکیدا لەسەر پولەکە لە ١٠ی ئازاردا، ڕایگەیاند "لە نێو ئەو پولانەدا کە بەبۆنەی سەردانەکەی پاپا فرانسیس بۆ عێراق لەلایەن ئیدارەی هەرێمیی کوردی باکووری عێراق وەکو یادەوەری چاپکراون، پولێک بینراوە کە وێنەی نەخشەیەکی تێدایە و چەند پارێزگایەکی وڵاتەکەمانیشی لەخۆ گرتووە"، هەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوە دەکات هەندێک لە بەرپرسانی هەرێم لە سنور دەرچوون و مەرامی بەکارهێنانی ئەو سەردانەیان هەیە بۆ خستەڕووی خەیاڵە خاوەکانیان لەبارەی یەک پارچەیی خاکی وڵاتانی دراوسێی عێراق. هەڵەیەکی مەترسیدارە و پێویستە دەستبەجێ راستبکرێتەوە، داوای ڕوونکردنەوەشی لەو هەڵەیە لە حکومەتی هەرێم کردووە.
دەولەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی مەهەپە لەو بارەیەوە دەڵێت "هیچ کەسێک ناتوانێت لەسەر ئەو پولە چاپکراوەی لە سەردانەکەی پاپا بۆ باکووری عێراق کە نەخشەی بەناو کوردستانی لەسەرە، پەنجەمان بۆ درێژ بکات، ئەو نەخشەیە زەلیلە و ئەسڵەن لە ژێر پێماندایە، ئەوانەشی پشتگیری لێدەکەن و جیاوازیان لا پەسەندە ئەوانەش زەلیلترن".
بەهەمان شێوەی تورکیا، ئێران لەسەر دروستکردنی پولی یادەوەری هەڵوێست دەنوێنێت
سەعید خەتیب زادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە ڕاگەیاندراوێکدا ڕایگەیاند "پولەکە نەخشەی کوردستانی گەورەی لەپشتە و پێچەوانەی بنەما نێودەوڵەتییەکانە"، وتیشی، پێویستە پولەکە چاکبکرێتەوە.
لە دوای هەڵوێستی وڵاتانی دراوسێی عێراق، دەسەڵاتدارانیی حکومەتی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیان سەبارەت بە پولەکەی پاپا ڤاتیکا دەدەن
جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند "ئەو دیزاینەی بۆ چاپکردنی پول هەڵدەبژێردرێت لەسەر بنەمای یاسا و دەستوور دەبێت. ئاماژەی بەوەشکرد، هونەرمەندان و چەند دیزاینەرێک پێشنیاری دروستکردنی ئەم پولەیان کردووە، بەڵام هێشتا هیچ دیزاینێک بۆ چاپکردنی پول پەسند نەکراوە".
بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیان بۆ ئەمریکا دا لە ڕاگەیاندراوێکی دیلان رەشاد، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان بۆ دەنگی ئەمریکا ئاماژەی بەوەدا: "ئەو بابەتە هیچ مەرامێکی سیاسی لە پشتەوە نییە و تەنها چەند نمونەیەک بوون و خەڵکێک پێشکەشیکردووە، نەخشەی کوردستانی گەورە لەلای ئێمەوە دروستناکرێت وەکو وەزارەت، ئەمە بابەتێکی سیاسیە و ئێمە رێز لە ئیرادە و دەستوری عێراق دەگرین، رێز لە وڵاتە دراوسێکان دەگرین کە بابەتێکی دەستوریە و پەیوەندی بە سەروەری عێراق و پێکهاتەکانەوە هەیە".
لەلای خۆشیەوە بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی باسی لەوە کردووە، لە نەریتی هەموو جیهاندایە بۆ یادکرنەوەی بۆنەیەکی تایبەت یاخود لە سەردانێکی گرنگدا پولی یادگاری چاپ دەکرێت، سەفین دزەیی ئاماژەی بەوەشدا، چەند دیزاینەرێک دیزاینی تایبەتیان بۆ دروستکردوەو پێشکەشی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنیان کردووە لە کوردستان، ھەروەھا چاپکردنی پول چەند رێکار و یاسای تایبەت بەخۆی ھەیە و پێویستی بە بڕیاری حکومەت ھەیە، وەزیریش بڕیاری چاپکردنی ھیچ کام لەو دیزاینانەی نەداوە.
مونیرە عوسمان پەرلەمانتاری خولی پێشووی بزوتنەوەی گۆڕان لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ژنها دەربارەی ئەم بابەتە دەدوێت و دەڵێت: "سەبارەت بەو پولە هەم حکومەتی تورکیا هەم حکومەتی ئێرانی نیگەران کردووە، ئەوە نیگەرانی ئێستا نییە بەڵکو نیگەرانی سەد ساڵ لەمەوپێشە کە هەیانە بەرامبەر حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام بەداخەوە کورد ئەو مەترسییە گەورەیەی بە هەند وەرنەگرتووە، هێشتا کوردستان هەر دابەش بووە بەسەر جەمسەری ئێران و تورکیادا هێشتا دەسەڵاتی کورد کەوتووەتە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی تورکەوە".
مونیرە پێی وایە وەڵامدانەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامێکی ترسنۆکانەیە، ئەوە مافی میللەتی کوردە کە کوردستانێکی یەک پارچەیان هەبێت و پێویستە خەباتی بۆ بکەن، دەشڵیت: "بەڵام کوردستانی گەورە لەسەر دەستی کەسانی ترسنۆک بەدی نایەت وەک ئەوانەی کە ئێستا لە کوردستان هەن".
ت.پ