مریەم زولفەقاریان: یاساکانی ئێران دژی بە ژن و مرۆڤایەتییە

مریەم زولفەقاریان، نوێنەری کژار لە دووەمین کۆنفرانسی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا، باسی لە دەوڵەت-نەتەوە و کاریگەرییەکانی لەسەر ژنان کرد، دەربارەی تێڕوانینی ژنان لەسەر ئێران لە دوای سیمینارەکەیەوە قسە دەکات.

 

تەوار پێنجوێنی

بەیروت- لە دووەمین کۆنفرانسی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا، کە لە ٣٠-٣١ی تەمموز لە بەیروتی پایتەختی لوبنان بەڕێوەچوو، تێیدا مریەم زولفەقاریان، نوێنەری کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کژار، لە کۆنفرانسەکەدا سیمینارێکی پێشکەشکرد بە ناونیشانی "دەوڵەت-نەتەوە و ڕەگەزگەرایی و باودۆخی ژنان لە ئێران"، لەو بارەیەوە مریەم بۆ ژنها دوا.

 

مریەم ئاماژەی بەوەدا کە یاساکانی ئێران لەسەر یاساکانی مافی مرۆڤی جیهانی بنیادنراوە، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەو یاسایانە بە پراکتیک کاری پێناکرێت تەنها لەسەر کاغەزە، جیهانیش ئاگاداری ئەو دۆخە نییە، چونکە ڕاگەیاندنەکان سەر بە دەوڵەتن و کار بۆ پاراستنی دەوڵەت دەکەن، جیهانیش لەسەر ئەقڵیەتی پیاوسالاری و سیستمی سەرمایەداری بەڕێوەدەچێت و کاری کردووەتە سەر ڕاگەیاندنیش، دەوڵەتانی دیکەش بەرژەوەندییان لەگەڵ وڵاتی ئێران هەیە بۆیە چاوپۆشی لە شکاندنی یاساکان بەرامبەر کۆمەڵگە و ژن دەکەن.

 

بەهۆی راگەیاندنەوە جیهان ئاگاداری دۆخی ژنان نین

مریەم زولفەقاریان سەبارەت بە تێڕوانینی ژنانی بەشداربوونی کۆنفرانسەکە لەسەر ئێران وتی: بەهۆی ڕاگەیاندنەوە ژنان ئاگاداری واقعی ئێران نین، ئەمەش لە گفتوگۆکانی ناو کۆنفرانسەکەدا بینرا، کە ژنان دەیانوت ژنان لە ئێران توانیویانە بگەنە پەرلەمان و لە هەڵبژاردنەکان بەشدار دەبن و چەندین شتی دیکە، بەڵام لەدوای پێشکەشکردنی سیمینارەکەم دەربارەی دۆخی ژنانی ئێران، تێڕوانینێکی دیکە دروستبوو، ژنان دەربارەی ڕاستینەی ئیسلامی سیاسی و دۆخی ژنان لەو وڵاتەدا راستییەکەیان بۆ ئاشکرا بوو.

چەندەها ژن و ڕۆژنامەوان لە زیندانەکاندان

یەکێک لە یاساکانی ئێران خوێندن و نووسینە بە زمانی دایک، بەڵام ئەمە لە پراکتیکدا پەیڕەو ناکرێت، چونکە ئێران بەهۆی فاشیزمییەکەیەوە چەندین نەتەوەی وڵاتەکەی دەچەوسێنێتەوە، یاسای یەک وڵات، یەک ئاڵا و یەک زمان پەیڕەو دەکات، ئەو نەتەوانەشی کە چالاکی بۆ پاراستنی زمانەکانیان دەکەن بە تۆمەتی دژ بە دەوڵەت سزا دەدرێن، مریەمیش وتی: چەندەها ژن و ڕۆژنامەوان و چالاکوانی مەدەنی لە زیندانەکاندان و ئەشکەنجە دەدرێن.

 

ئەو ئەندامەی کەژار باسی لە گرنگی کۆنفرانسەکە کرد و وتی: کۆنفرانسەکە دەتوانێت ڕاستینەی دۆخی ژنانی وڵاتان ئاشکرا بکات و هەمووان ئاگاداری ڕەوشی ژنان بن کە چی دەگوزەرێت لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت-نەتەوەدا و کاریگەرییەکانی توندوتیژی و کوشتن و زیندانیکردنی ژنانە.

ت.پ