مافی ژنان لە نێوان دەقە دەستوورییەکان و نەبوونی دەوڵەت... چۆن لە سەردەمی شەڕدا جێبەجێ دەکرێن؟
دوابەدوای ڕاگەیاندنی ئەم دواییەی دەسەڵاتی نیشتمانی فەڵەستین لەسەر ڕەشنووسی دەستووری فەڵەستین بۆ ساڵی ٢٠٢٦، بەردەستبوونی بۆ پێداچوونەوەی گشتی لە ڕێگەی پلاتفۆرمی ئۆنلاین لیژنەی نیشتمانی بۆ داڕشتنی دەستوور، ژنان هەوڵیاندا چاودێری ئەم یاسایانە بکەن.
ڕەفیف ئیسلیم
غەززە– ڕەشنووسی دەستووری فەڵەستین لە ناوەڕاستی مانگی نیسانەوە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، مافەکانی ژنان لە چوارچێوەی ڕەشنووسەکەدا، بەسەر چەند بڕگەیەکی سەرەکیدا دابەشکراون، لەوانەش بابەتی "ماف و ئازادییە گشتییەکان"، بە تایبەتی ماددەی ”٢٧” کە تێیدا هاتووە هەموو فەڵەستینییەکان بەبێ جیاوازی لەبەردەم یاسادا یەکسانن، لە ماددەی ”٤١”دا هاتووە، هەڵگرتنی پۆستە گشتییەکان مافێکە لەسەر بنەمای دەرفەتی یەکسان، واتە ژنان مافی ئەوەیان هەیە ئەو جۆرە پۆستانە بەدەستبهێنن.
ئاڵەنگاری جێبەجێکردنی ڕەشنووسی دەستوورەکە لە کارپێکردنیدایە لە نەبوونی دەوڵەتێکی تەواو سەروەری خاوەن دامەزراوەیەکی سەقامگیر، دیمەنی سیاسی و ئەمنی بە تایبەتی لە کەرتی غەززە کە ماوەی دوو ساڵە لە دۆخی شەڕدا تێوەگلاوە، لەگەڵ جێبەجێکردنی زۆرێک لە ماددە دەستوورییەکان دەکاتە ئاڵەنگاریەکای کردەیی.
دەستوور بە سروشتی خۆی پێویستی بە ژینگەیەکی سەقامگیر و دامەزراوەیەک هەیە کە توانای جێبەجێکردنی یاساکان و دەستەبەرکردنی مافەکان و لێپرسینەوە لە سەرپێچیکاران هەبێت، لەبەر ڕۆشنایی دابەشبوونی سیاسی و زیانگەیاندن بە پێکهاتە دامەزراوەییەکان و پەکخستنی زۆرێک لە خزمەتگوزارییە بناگەییەکان، جێبەجێکردنی ئەم ڕەشنووسە زیاتر دەبێتە چوارچێوەیەکی تیۆری کە گوزارشت لە خواستەکانی داهاتوو دەکات نەک سیستەمێکی تەواو جێبەجێکراو لە ئێستادا.
سەرەڕای ئەوەش، ژمارەیەک لە چالاکوانان پێیان وایە کە بوونی ڕەشنووسی دەستوور نوێنەرایەتی هەنگاوێکی بنەڕەتی گرنگ دەکات، بەو پێیەی تایبەتمەندییەکانی سیستەمی یاسایی داهاتوو دەخاتە ڕوو و ڕێگری دەکات لە بۆشایی یاسایی تا ئەو کاتەی هەلومەرجێک دابنرێت کە ڕێگە بە جێبەجێکردنی دەستوورێکی هەمیشەیی و پابەندکەر دەدات.
ئاڵەنگاری نوێنەرایەتی ژنان لە ڕەشنووسی دەستووری فەڵەستین
لوبنا دیب، چالاکوانی مافی مرۆڤ وتی: تاوتوێکردنی ڕەشنووسی دەستووری کاتیی فەڵەستین بۆ ساڵی ٢٠٢٦، گرنگێکی یەکجار زۆرە، بەو پێیەی لە یاسای بنەڕەتی فەڵەستینەوە گواستوینەتەوە بۆ دەسەڵاتێکی دەستووری، لەوێشەوە بۆ دەستوورێکی کاتیی فەڵەستین، ئەمەش بەو واتایەیە کە فەڵەستینییەکان ئێستا چوارچێوەیەکیان هەیە بۆ هەموو یاسا و بنەماکان، کە لە چوارچێوەی دەقە دەستوورییەکاندا جێگیرکراون بۆ ئەوەی زۆرترین پارێزگاری لە
گروپەکانی کۆمەڵگە بکەن.
وتیشی: بوونی دەستووری فەڵەستین بۆ دەوڵەتێکی ژێر داگیرکراو، بوونی فەڵەستینییەکان لەسەر شانۆی نێودەوڵەتی دووپاتدەکاتەوە و ئەوە نیشان دەدات کە فەڵەستینییەکان، وەک تاک، توانای بەڕێوەبردنی کاروباری ناوخۆی وڵاتیان هەیە، بەتایبەتی ژنان، کە سەرهەڵدانیان لە ڕووی مێژووییەوە پرۆسەیەکی وردە وردە لە سەردەمی ”نكبة” بووە، یەکەمین شانەی ژنان لە ساڵی ١٩٦٥ سەریهەڵدا و بەشداری جددی ئەوان لە کاری سیاسیدا لە ساڵی ١٩٦٧دا دەرکەوت، کاتێک پەیوەندییان بە خەباتەوە کرد، لەو کاتەوە بەردەوام بوون لە ڕۆڵی هەمەچەشن لە هەردوو کایەی سیاسی و بەرخۆداندا.
لوبنا دیب ڕەخنە لە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ مافەکانی ژنان لە یاساکانی فەڵەستین گرت، وتی: زمانی یاسایی بەکارهێنراو گشتی و نادادپەروەرانەیە، بە شێوەیەکی ئاشکرا مافی ژنانی مسۆگەر نەکردووە و بوار بۆ ناڕوونی دەهێڵێتەوە، هەروەها پەیوەستبوونی فەڵەستین بە چەندین ڕێککەوتننامەی تایبەت بە ژنان، وەکو سیداو، پێویستی بەوەیە کە ماددە تایبەتەکانی پەیوەست بە ژنان بەپێی ئەم یاسایانە دابڕێژرێن، کە پابەندبوونەکان پێکدەهێنن.
پاراستنی ژنان پێویستی بە ڕێبازێکی ڕوونتر لە دەسەڵاتی یاسادانانی دەستوور هەیە، تەنها ئاماژەکردن بە یەکسانی لە هەموو بوارەکاندا بە بەکارهێنانی شێوازی فرەیی پیاوانە بەس نییە، لوبنا دیب ئاماژە بەوە دەکات، کە کۆمەڵگە عەرەبییەکان، بە گشتی، خواستیان هەیە ژنان لە بەشداری سیاسی و کۆمەڵایەتی دوور بخەنەوە، بۆیە کاتێک پشکی ٥٠٪ بۆ ژنان تەرخان دەکرێت، بەهێزنەکردنیان پێشێلکردنی ڕوونی یاسای دەستووری پێکدەهێنێت، کە مسۆگەری سزادان.
وتیشی: مافی ژنان لە ڕەشنووسە نوێیەکەدا لە بەشی دووەمدا هاتووە، ”بنەما گشتییەکان”، کە بابەتێکە باس لە خێزان، پاراستنی دایکان، سەرپەرشتیکردن و توندوتیژی دەکات، بەڵام سەرپەرشتیکردن بە وردی باس نەکراوە، هەروەها بە ڕوونی باس لە توندوتیژی دژی منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی یان ژنان نەکراوە، وەک ”پاراستنی خێزان لە توندوتیژی” خراوەتەڕوو، هەمان شت بۆ پەروەردە و تەندروستیش دەگونجێت.
لوبنا دیب ڕەخنە لە یاسا نوێیەکە دەگرێت، کە تێیدا هاتووە توانای یاسایی ژن بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنی هاوسەرگیری سنووردارە بۆ ئەوانەی تەمەنیان لە خوار ١٥ ساڵەوەیە، بەدەر لە ڕێککەوتنەکانی دیکە، هەروەها یاسای نێودەوڵەتی ڕێگە بە هەردوو ڕەگەز دەدات دوای تەمەنی ١٨ ساڵی ڕێککەوتن واژۆ بکەن کە ئەمەش کۆتایی تەمەنی منداڵییە، ئەو پرسیار دەکات کە ئایا هاوسەرگیری گرنگترە لە ڕێککەوتنەکانی دیکە لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا، ئەمەش ڕەوایەتی دەدات بە پێدانی توانای یاسایی لەلایەن یاسادانەرەوە تەنها بۆ هاوسەرگیری.
جەختی لەوەشکردەوە، سیستەمی پشک لە ڕەشنووسی دەستووری نوێی فەڵەستیندا دادپەروەری بەرامبەر بە ژنان ناکات، چونکە تەنها ٣٠٪ تەرخان دەکات، هەروەها لە قۆناغێکی گوازراوەدا، ئێمە داوای بەهێزکردنی ١٠٠٪ بۆ ژنان ناکەین، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە فەڵەستین ڕووبەڕووی ئەزموونێکی نوێ و قۆناغێکی چارەنووسساز و هەستیار بووەتەوە، دەبوو ژنان ڕێژەی ٥٠٪یان وەربگرن.
"ڕەشنووسەکە ئامرازێکی سەرکەوتووە بۆ ئەو وڵاتانەی کە لە ژێر دەسەڵاتی داگیرکەردان"
شەهد شەرفا، چالاکوان باس لەوە دەکات، کە ژنان تەنها نیوەی کۆمەڵگە نین، بەڵکو بناغەی بوون و پێشکەوتنی کۆمەڵگەن، بەتایبەتی کاتێک باس لە ژنانی غەززە دەکات کە بەردەوام ئامادەیی خۆیان لە هەموو بۆنەکاندا نیشانداوە، بەڵام ئەم بەشداریکردنە هەندێک جار لەگەڵ ئەو بارودۆخە سەختەی شارەکەدا ڕووبەڕووی بووەتەوە، بەریەککەوتنی هەبووە، چونکە ئەوان خەباتیان کردووە بۆ ڕێکخستنەوەی پێویستیەکانیان.
شەهد شەرفا ڕوونی دەکاتەوە، کە فەڵەستین لە دۆخێکی ناوازەدایە و لە هەردوو کەرتی غەززە و کەرتی ڕۆژئاوا ڕووبەڕووی فشاری بەرچاو بووەتەوە، بۆیە دەسەڵاتی فەڵەستین بڕیاریدا، بەڵگەنامەیەکی سەرەتایی و ناکۆتایی دەربکات کە ماددە و بڕگەی پێشنیارکراوی دەستووری تێدابێت کە لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتمەندەوە ئامادەکرابێت، ئەم بەڵگەنامەیە لە دوو مانگی ڕابردوودا کراوە بووە بۆ گفتوگۆی گشتی، هەموارکردنەوە یان ڕیفراندۆم پێش ئەوەی وەک دەستوورێکی هەمیشەیی و پابەندکەر پەسەند بکرێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم ڕەشنووسە ڕێبازێکی سەرکەوتووە بۆ هەموو ئەو وڵاتانەی کە داگیرکراون یان بەدەست ناسەقامگیرییەوە دەناڵێنن، تەنها قۆناغێکی گوازراوەیە، چوار بۆ پێنج ساڵ دەخایەنێت، تاوەکو دەستووری فەرمی وڵاتەکە پەسەند دەکرێت، شەهد شەرفا ڕوونیدەکاتەوە، لیژنەی داڕشتنی دەستووری کاتی، بە هاوکاری وەزارەتی کاروباری ژنان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، چەند جارێک پێداچوونەوەیان بەو ماددانە کردووە بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی کە پرسەکانی ژنان بە وردی زیاتر باسکراون، بۆ پاراستنی مافەکانی ژنان و منداڵانی کچان، هەروەها دەستەبەرکردنی تەواوی مافەکانیان لە چوارچێوەی ئەو هەلومەرجە ناوازەی وڵاتدا ڕووبەڕووی بووەتەوە.
شەهد شەرفا لە کۆتایقسەکانیدا، وتی: یاساکە باشە و ماف و پاراستنی ژنان لەبەرچاو دەگرێت، بەڵام ئەم یاسایانە وابەستەی ئەو بارودۆخە دەمێننەوە کە ڕەنگە بەسەر وڵاتدا بێت، بەتایبەتی کاتێک کەرتی غەززە و شەڕی دوو ساڵە لەبەرچاو دەگرین، کە جێبەجێکردنی یاسا و ڕێساکانی سنووردار کردووە، هەروەها ئازارە بەردەوامەکانی ژنان کە بەردەوامن لە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان.
دوو دیدگای دژبەیەک هەیە لەسەر ڕەشنووسی دەستووری فەڵەستین، سەرەڕای ئەوەی هەردووکیان لەسەر گرنگی هەبوونی چوارچێوەیەکی دەستووری لەم قۆناغەدا هاوڕان، لوبنا دیب تیشک دەخاتە سەر ئەو بۆشاییە یاساییانەی کە لە داڕشتنی مافەکانی ژناندا دەیبینێت، بەو پێیەی کە ڕەشنووسەکە بە شێوەیەکی گونجاو باس لە مافەکانی ژنان ناکات، جا چ بە زمانی دەقەکە، چ بە کۆتای نوێنەرایەتی یان پاراستنی گروپەکان. لە لایەکی دیکەوە شەهد شەرفا بە لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی ناوازەی فەڵەستین وەک هەنگاوێکی گواستراوەی پێویست سەیری ئەو ڕەشنووسە دەکات، وەک ئامرازێکی دەزانێت کە دواتر دەتوانرێت لەسەری بونیاد بنرێت، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هەوڵانەی کە بۆ دڵنیابوون لە گشتگیربوونی پرسی ژنان دراون، لە نێوان ئەم دوو ڕوانگەدا کاردانەوەیەکی ڕوون لە نێوان ئەو کەسانەدا سەرهەڵدەدات کە لەمەودوا داوای دەقی توندتر و ڕوونتر دەکەن و ئەوانەی پێیان وایە پێویست دەبێت خاوەنی بەڵگەنامەیەکی بنەڕەتی بێت کە بتوانرێت پەرەی پێبدرێت کاتێک بارودۆخی سیاسی و ئەمنی ڕێگەی پێبدات.