لویزا: بابەتی سەرەکی جەنگ ئەو توندوتیژییانەیە کە ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە

لویزا، ژنێکی گەنجی وڵاتی ئەڵمانیایە و نیشتەجێی شاری بەرلینە، ئەندامی ڕێکخراوی گەنجانە لە وڵاتەکەیدا، هەوڵ بۆ یەکگرووی ژنانی وڵاتەکەی و ژنانی کورد دەدات.

سەرجەم وڵاتانی جیهان بەرپرسیارن لە وەستاندنی جەنگ

 

سلێمانی

 

لویزا وەک ژنێکی گەنجی ئەندامی شاندی ئاشتی، باسی لە هۆکاری هاتنی بۆ کوردستان کرد و وتی: "من لە کوردستانم بۆ بەدەستهێنانی تێڕوانینێکی گەورەتر بۆ ناسنامەی ژنانی گەنجی کورد و ئەو زەحمەتییانەی کە تیایدان، هەروەها دەمەوێت بە ژنانی کورد بڵێم کە ئێوە تەنها نین و هاوسۆزتانین، ئێمە لێرەین بۆ سەلماندنی پاڵپشتی و هاوکاریمان بۆ سەرجەم ژنان".

 

ئەو ژنە گەنجە ئەڵمانییە دەربارەی هەوڵدانی ژنانی گەنج ئاماژەی بەوەدا لە ئێستادا بارودۆخەکە کەمێک ئاڵۆزە بۆ ژنان، چونکە هەمیشە لە کاتی جەنگدا ژنان بەرکەوتەی یەکەمی ئازار و سەختییەکان دەبن، بۆیە پێی وایە بابەتی سەرەکی جەنگ ئەو توندوتیژییانەیە کە ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە، هەروەها ئاماژەی بەوەدا لە ئەنجامی شەڕ و داگیرکارییەکانی تورکیا لە کوردستاندا ژنان دەکوژرێن و توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت.

 

 

" ئەڵمانیا چەندین بەرژەوەندی لەگەڵ تورکیادا هەیە کە لە بەرژەوەندییە ئابوورییەکان گەورەترە"

هەروەها دەربارەی بێدەنگ بوونی وڵاتانی نێودەوڵەتی دەربارەی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا، لویزا وتی: "چاوەکان دادەخرێن لە بەرامبەر ئەو ڕووداوانەی لە کوردستاندا ڕوودەدات، چونکە وڵاتێکی وەک ئەڵمانیا چەندین بەرژەوەندی لەگەڵ تورکیادا هەیە کە لە بەرژەوەندییە ئابوورییەکان گەورەترە و هەردووکیان هاوبەشن لە ئەقڵیەتی فاشیستی و پەیوەندییەکی هاوبەشی لە نێوانیاندا درووستکردووە".

 

 

"بگەڕێمەوە بۆ ئەڵمانیا دەربارەی کوردستان قسە دەکەم"

لویزا ئاماژەی بەوەدا ئەو بارودۆخەی لە کوردستان بینیویەتی و ئەو بێدەنگبوونە نێودەوڵەتییەی کە هەیە بووەتە هۆکارێک کە پاش ڕۆشتنەوەی بۆ ئەڵمانیا دەربارەی داگیرکاری و توندوتیژییەکانی دەوڵەتی تورکیا لە کوردستان قسە بۆ ژنانی گەنج و هاوڵاتیان و ڕێکخراوەکانی وڵاتەکەی بکات کە چیتر چاو دانەخەن و بێدەنگ نەبن هەست بە خەڵکی کوردستان بکەن.

 

لە کۆتایدا لویزای ئەڵمانی وتی: "پاش گەڕانەوەم بۆ ئەڵمانیا دەربارەی ئەزموون و فێربوونەکانم لە کوردستان قسە بۆ هاوڵاتیانی ئەڵمانیا دەکەم و لەگەڵ ژنان و گەنجانی وڵاتەکەم هاوبەشی پێدەکەم، چونکە دەبێت خەڵکی ئەوروپا و هەموو وڵاتانی جیهان هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن بۆ وەستاندنی شەڕ و داگیرکاری و هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی بدەن، ئەو شەڕەی ئێستا بەرامبەر کوردستان دەکرێت تاوانێکی گەورەیە بەرامبەر ژنان و گەنجان و هەروەها سەرجەم مرۆڤایەتی".

 

ت.پ