لە سلێمانییەوە ژنان ئیدانەی هێرشەکان بۆ سەر شەنگال و ژنان دەکەن

ژنان لە سلێمانییەوە هاوخەمی خۆیان بۆ شەنگال و ژنان دەردەبڕن، دەڵێن، دەوڵەتی تورکیا بەردەوام دەیەوێت سیاسەتی خۆی بسەپێنێت، بەڵام شەنگال گەلی زیندووە و دەبێت کۆمەڵگا و هەموو گەلی کورد لەسەر ئەو هێرشانە بێنەدەنگ.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیاوە هێرش بۆ سەر شەنگال ئەنجامدەدرێت، بەو هۆیەوە چەند هاوڵاتییەک شەهید بوون و دەیانی دیکە بریندار بوون، دەوڵەتی تورک هێرشی کردووەتە سەر ناو بازاڕ، نەخۆشخانەی شەنگال و هاوڵاتی مەدەنی، هەروەها زیانی بە شوێنە گشتییەکان گەیاندووە.

 

ئەمە لە کاتێکدایە کە هێرشکردنە سەر شوێنە گشتییەکان و بەتایبەت نەخۆشخانەکان، لە یاسای جەنگدا نییە و نابێت بە هیچ جۆرێک لە هیچ دۆخێکدا لە جیهاندا ئەنجام بدرێت، بەڵام دەوڵەتی تورکیا نەخۆشخانەکان دەکاتە ئامانج.

 

هێرشەکان کاریگەری کردووەتە سەر ژنان

ئەم هێرشانە زیاتر لە هەمووان کاریگەری کردووەتە سەر دۆخی ژنان، کاریگەرییەکان بۆ ئەوان چەند هێندە بووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە ڕۆژی ٣ی ئابەوە سێ ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک لەلایەن ئاسایشی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دەستگیرکراون و تا ئێستاش چارەنووسیان نادیارە.

 

لەم بارەیەوە ژنانی شاری سلێمانی وێڕای  ئیدانەکردن و شەرمەزارکردنی  ئەو هێرش و داگیرکارییانەی بۆ سەر شەنگال لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە ئەنجام دەدرێت، داوا دەکەن کۆمەڵگای نێودەڵەتی لەسەر ئەو پرسە بێنە دەنگ.

ڕووناک مەجید، ئەندامی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بەردەوام شەنگالی کردووەتە ئامانج، لە شوێنێکیشدا ئەگەر نەتوانێت سیاسەتی خۆی بسەپێنێت ئەوە ستراتیژی دیکە بەکاردەهێنێت.

 

ڕووناک مەجید زیندووبوون و بە ڕێکخستنبوونی شەنگال بە هۆکاری هێرشەکانی بۆ سەری دەزانێت، "شەنگال گەلێکی ڕێکخستووە، دەوڵەتی تورکیا هەمیشە گەلێکی مردووی دەوێت، بەڵام هەمووان دەزانن کە گەلی شەنگال گەلێکی زیندوو  بە ڕێکخستووە، بۆیە هەموو کات هێرشەکانی بۆ سەر شەنگال چڕ کردووەتەوە".

 

پێی وایە، کە دەوڵەتی تورکیا دەوێت دیسان شەنگال کۆمەڵکوژ بکاتەوە، لەبارەی دەستگیرکردنی سێ ئەندامەکەی ڕژاکیشەوە دەڵێت "دەبوو هەموو لایەنەکان بچوونەیە و لەو مەراسیمەدا بەشدارییان بکردایە، بەڵام ئەو سێ ژنەی ئەندامی ڕژاک لەگەڕانەوەیاندا لەلایەن پەدەکەوە دەستگیردەکرێن".

هۆکاری ئەوەشی گەڕاندەووە بۆ ئەوەی، کە پەدەکە ژنان و چالاکوان و ڕۆژنامەنووسانی دەستگیرکردووە، چونکە پارتی لە دەنگی ئازاد دەترسێت، دەیەوێت خەڵک چاوترسێن بکات، بۆ ترساندنی خەڵک ئەو کارە ئەنجام دەدات.

سۆنیا ئەحمەد، ئەندامی کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان، ئەوە دەخاتەڕوو لە هەموو ساتێکدا هێرش و داگیرکارییەکان دەکرێتە سەر شەنگال، قورسایی زۆرینەی ئەو دۆخانە دەکەوێتە سەر شانی ژنان.

لەبارەی ئەو ژنانەی دەستگیریش کراون دەڵێت "ئەو ژنانەی دەستگیرکراون جێگای سەرنجە، دەبێت هەموو ڕێکخراوەکان هەماهەنگی بکەن لە پێناوی ئەوەی جارێکی دیکە ئەو کارانە دووبارە نەبێتەوە".

 

دەشڵێت "تورکیا دەیەوێت هەر چوار پارچەکەی کوردستان بخاتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە جگە لە رێکخراوەکان هەموو کۆمەڵگا و لایەنی سیاسی لە جێی خۆیانەوە هەڵوێست بنوێنن".

 

ت.پ