کەسوکاری شەهیدان: با پەدەکە واز لە خیانەت بهێنێت و تەرمی شەهیدان بداتەوە خێزانەکانیان
ماوەی ٢٥ ڕۆژە ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان لە ڕۆژئاوای کوردستان لە دەروازەی سێمێلکا مانیان گرتووە و داوای تەرمی ڕۆڵەکانیان لە پەدەکە دەکەنەوە، کەسوکاری شەهیدان لە باشوری کوردستانیش داوا دەکەن کە چیدیکە ڕۆڵەی کورد نەکرێتە قوربانی خیانەت.
تەوار پێنجوێنی
سلێمانی- ئۆپەراسیۆنی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر هەرێمەکانی پاراستنی میدیا و هەرێمی بادینان لە ٢٤ی نیسانی ئەمساڵەوە بەردەوامە، ئامانجی دەوڵەتی تورکیا لە هێرشەکانی، داگیرکردنی خاکی باشوری کوردستانە، بەرخۆدانییەکی مێژووی لەو ناوچەیەدا لەلایەن گەریلاکانی ئازادییەوە بەڕێوەدەچێت، سەرەڕای مەترسی داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکە، هاوکاری دەوڵەتی تورکیا دەکات و کەمین بۆ گەریلاکان دادەنێت، تا ڕێگە بۆ هاتنە پێشەوەی دەوڵەتی تورکیا خۆشبکات.
لە ٢٨-٢٩ی ئەیلولدا، پەدەکە کەمین بۆ گروپێک گەریلا لە خەلیفان دادەنێت و بە دەستڕێژی گولـلە پێنج لەو گەریلایانە شەهید دەبن، دوو گەریلایان خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانە و لەدوای ئەوە پەدەکە تەرمەکانیان ناداتەوە بە خێزانەکانیان، لە دژی ئەو هەڵوێستەی پەدەکە، خێزانی ئەو شەهیدانە و ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان لە ڕۆژئاوای کوردستان لە ٥ی تشرینی یەکەمەوە لە دەروازەی سێمێلکا لە سنوری نێوان باشور و ڕۆژئاوای کوردستان چادریان هەڵداوە و داوای وەرگرتنەوەی تەرمی ڕۆڵەکانیان دەکەن لە پەدەکە.
دایکانی ئاشتی و کەسوکاری شەهیدان لە باشوری کوردستان پشتیوانی خۆیان بۆ دایکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەربڕی و داوا دەکەن هەرچی زووە پەدەکە دەست لە هاوکاریکردنی تورکیا هەڵبگرێت و تەرمی شەهیدانیش بداتەوە بە خێزانەکانیان.
تابان عومەر، ئەندامی دایکانی ئاشتی و خوشکی شەهید بڵێسە، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی نوژنها پشتیوانی خۆی دەربڕی و وتی: پشتیوانی خۆمان لەو دایکانە دەکەین کە ڕۆڵەکانیان شەهید بوون و تەرمەکانیشیان نادەنەوە، "داوای یەکگرتووی گەلی کورد دەکەین و بەسە کوشتنی کورد بە دەستی یەکتر".
تورکیا سامانی ئەم وڵاتە دەبات و ئاژاوە بۆ کوردان دەنێتەوە
تابان ئاماژە بە پلانەکانی دەوڵەتی تورکیا دەکات و دەڵێت تورکیا دەیەوێت لە بەینی کورداندا ئاژاوە بنێتەوە و ماڵی کورد تێکبدات، پلانڕێژی کردووە کە کورد لەناو ببات، "تورکیا سەرباری پلانەکانی لەسەر وڵاتەکەمان خۆی بەخێودەکات، داهات و سامانی ئەم وڵاتە دەبات و خۆی دەوڵەمەند و بەرەوپێش دەبات، پێویستە هۆشیار بین و بزانین کە وڵاتی تورکیا نەوتی کوردستانی بۆدەچێت، خۆی پێشکەوتووە و وڵاتەکەی ئێمە بەرەودوا دەچێت، بۆیە پێویستە هۆشیار بین و ڕێگەنەدەین پلانەکانی تورکیا بچنە سەر".
خوشکی شەهید بڵێسە، داوا لە دایکان دەکات چیدی بێدەنگ نەبن چونکە ئاژاوەیەکی گەورە هاتووەتە وڵاتەوە، "ڕۆڵەکانمان سەرکوت دەکرێت و بە دەستی دوژمن ڕووبەرووی قەیران بووینەتەوە، تا ماڵی کورد و کوردستان وێران بکرێت".
دایە فاتم، دایکی شەهید ڕێدور، ئاماژەی بەوەدا پێویستە هەمووان پشتیوانی لە دایکانی ڕۆژئاوای کوردستان بکەین و دەبێت پەدەکەش تەرمی ڕۆڵەکانیان بداتەوە پێیان و واز لە زوڵم و زۆردانی بهێنێت، "داوا لە کاک مەسعود دەکەین کە بەزەیی بە دایکاندا بێتەوە و تەرمەکانیان بداتەوە، چونکە دنیا دەورانە و کێ دەیوت سەدام حسێن کۆتای دێت".
دەوڵەتی تورکیا هیچ نەما بەرامبەر کورد نەیکات
ئەو دایکە باس لەوەدەکات کە گەریلاکان بۆ مافی کورد تێکۆشان دەکەن و داوای مافەکانیان دەکەن، پەدەکە دەبێت ڕێگریان لێنەکات و "زۆر عەیبە هاوکاری تورکیا دەکات، یارمەتی بێگانەیەک بدەیت و هی کوردی خۆت نەدەیت، چونکە گەریلاکان داوای ئاشتی دەکەن و شەڕیان ناوێت"، دایە فاتم دەڵێت: تورکیا هیچ نەما نەیکات، کیمیایی دەڕژێت، فڕۆکە دەفڕێنێت، چەک نەما بەکارینەهێنێت و کوڕی خەڵک دەدات بە کوشت، خۆ کوڕەکانی خۆیان شەڕ ناکەن، منداڵەکانیان شەق لە تۆپێک هەڵبدات چەندین وڵات دەبینێت.
دایە فاتم دەشڵێت: حکومەتی هەرێم خزمەتی گەل و وڵات ناکەن و گەندەڵی دەکەن، هەموو گەنجان چوون بۆ ئەوروپا و ڕێگەوبان خراپە، ئەمە گوناحە و خوێنی شەهیدانە، ئەو هەموو خیانەتە نابێت بکرێت، لەکۆتایدا داوای کرد، "ئێمە پێمان خۆشە پەدەکە واز لە خیانەت بهێنێت، تەرمەکان بداتەوە، چونکە ئەوە خیانەتە و لە منداڵەکانی خۆی دەکات".
ت.پ