"خەڵک باوەڕ بە چەواشەکاری ڕاگەیاندنەکانی دەسەڵات ناکات"
شنا فایەق، ئاشکرای دەکات چیتر هاوڵاتیان باوەڕ بە ڕاگەیاندنەکانی سەر بە دەسەڵات ناکەن و چەواشەناکرێن، ئەوان دەزانن هەڵوێستی دەسەڵاتداران دوژمنکارانەیە بەرامبەر کورد، دەشڵێت، ڕاگەیەنراوەکانی حکومەت "شەرمهێنانەیە".
تەرزە تەها
سلێمانی- شنا فایەق، ڕۆژنامەنووس، دەبارەی هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرامبەر داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باشوری کوردستان دەڵێت "هەڵوێستەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان شەرمهێنانە و دوژمنکارانە بووە بەرامبەر بە کورد و تەڤگەری ئازادی کوردستان".
ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، حکومەتی هەرێمی کوردستان پێچەوانەی داخوازییەکانی هاوڵاتیانە لەبری ئەوەی هەڵوێستی بەرامبەر هێرشەکان هەبێت، ڕووی دەمی دەکاتە هێزەکانی گەریلا و سنورەکان و ڕاگەیەنراوی دوژمنکارانە بڵاودەکاتەوە، بوێری ئەوە ناکەنە ڕووی دەمیان بکەنە دەوڵەتی تورکیا.
ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی ئەو ڕابردووەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرامبەر داگیرکارییەکانی هەیەتی، چاوەڕەوانی ئەوەی نەکردووە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵوێستێکی جدی هەبێت، "لە ڕابردوودا ئەوەمان بینیووە، یان بە تەواوی بەرامبەر شەهیدبوونی هاوڵاتیانی مەدەنی بێدەنگن، یاخود بەجۆرێک دێنە گۆکە خۆزگە دەخوازین بەوەی بێدەنگ بوونایە".
شنا فایەق باس لەوەدەکات، کە دەسەڵاتدارانی حوکمەتی هەرێمی کوردستان بوێری ئەوە ناکات وەڵامی دەوڵەتی تورکیا بداتەوە لە کاتێکدا هەڕەشەی داگیرکردنی شەنگال و قەندیل و باشوری کوردستان دەکات، گەریلاکانی پەکەکە تۆمەتبار دەکات، ئەوەی دەوڵەتی تورکیا لە باشوری کوردستان نایکات، دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لێرە بۆییان تەواو دەکەن، هەمان ئەو قسانە دەکەن کە ئەردۆغان دەیکات.
ئەو ڕۆژنامەنوووسە پێی وایە، ئیتر هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان هۆشیاربوونەتەوە، لە ڕاگەیاندنەکانی دەسەڵاتەوە زانیاری وەرناگرن، دەسەڵاتیش ناتوانێت چەواشەکاری ئەنجام بدات، "بەو کارەی تەنها ئاسنی سارد دەکوتێت"، هاوڵاتیان دەزانن ئەوەی بەرگری لە خاکی کوردستان دەکات لە شاخەکانە، ڕێکخراوە نێودەڵەتییەکانیش هەموو ڕووداوێکیان تۆماکردووە، هەر کەسێک بیەوێت دەتوانێت ڕاستییەکان بەدەستبهێنێت.
دەشڵێت "خەڵک باوەڕ بە ڕاگەیاندنەکانیان ناکات، لە سەرەتادا بڵاویان کردووە، ئەو چوار پێشمەرگەیەی شەهید بوون بەهۆی تۆپبارانەکانی تورکیاوە بوو، دواتر هەواڵەکەیان سڕیەوە، بۆیە خەڵک باوەڕیان پێناکات و بە چەواشەکاری ڕاگەیاندنەکانی ئەوان هەڵناخەڵيتێت".
ت.پ