"لە عەفرین بە ناوی ئیسلامەوە مێژوو و بەها پیرۆزەکان لەناودەبرێت"

سوعاد حەسۆ، وتەبێژی یەکێتی ژنانی ئێزدی لەبارەی هێرشەکانی سەر کۆمەڵگای ئێزدی وتی: "فەرمان، کۆمەڵکوژی، توندوتیژی و کردەوەی نامرۆڤانەی دژ بە کۆمەڵگای ئێزدی تا ئەمڕۆش دژ بە ئایین، کلتور، کۆمەڵگا، زمان و بەهاکانیان بەڕێوەدەچن".

شیرین عەلی

 

شەهبا- یەکێک لە ئاینە دێرینەکانی ناوچەی میزۆپۆتامیا، ئاینی ئێزدییە، کە ڕووبەڕووی ٧٤ فەرمان و کۆمەڵکوژی بووەتەوە، سەرەڕای هەموو ئەوانەش ئاینی ئێزدی بنەچە و بنەمای ئاینەکەیان ون نەکردووە و پارێزگارییان لێکردووە.

 

لە کانتۆنی عەفرین دەوڵەتی تورک و چەتەکانی ٢٢ گوندی ئێزدییان کاولکرد و لە جێگەدا مزگەوتیان دروستکرد، چەتەکان لەسەر ناوی جۆراوجۆر منداڵانی ئێزدی فێری زمانی تورکی و ئیسلامەتییان دەکەن، کاتێک دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر هێرشی کردە سەر شەنگال، منداڵانی ئێزدی لەبەردەم دایکانیان کوژران، ئامانجیش ئەوەیە ژنانی ئێزدی لە ئایین و کلتوری ڕەسەنی خۆیان دووربخەنەوە.

 

سوعاد حەسۆ، وتەبێژی یەکێتی ژنانی ئێزدی لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، باسی لەوەکرد کە هێرش و کۆمەڵکوژییەکان بۆسەر کۆمەڵگەی ئێزدی دەکرێت و دوژمن دەیەوێت کۆمەڵکوژی و فەرمانێکی دیکە بەسەر ئێزدییەکاندا بهێنێت، "هیچ دەوڵەتێک پشتگیری ئێزدییەکان ناکات، ئامانجی دەوڵەتی تورکیا و حکومەتی عێراق دابڕانی شەنگال و ڕۆژئاوای کوردستانە و دیواربەند دروستدەکەن، ٧٤ فەرمانی نووسراو بەسەر کۆمەڵگەی ئێزدیدا هاتووە بەڵام بە سەدان فەرمانی دیکە نەنوسراونەتەوە، چەندین فەرمان، کۆمەڵکوژی، توندوتیژی و کردەوە نامرۆڤانەیە دژ بە کۆمەڵگای ئێزدی تا ئەمڕۆش لەسەر ئایین، کلتور، کۆمەڵگا، زمان و بەها پیرۆزەکان بەڕێوەدەبرێت، بەڵام ئێزدییەکان ئاین و باوەڕیی خۆیان پاراستووە".

 

"عەفرین لە هەموو پێکهاتە و ئایینەکان پێکهاتبوو، بەڵام ئێستا تەنها ئایینی ئیسلام سەپێنراوە"

سوعاد حەسۆ باس لەوەدەکات کە عەفرین لە هەموو پێکهاتە و ئاینەکان پێکدەهات بەڵام ئێستا بە ناوی ئیسلامەوە هەموو شتێک دەکەن و پیرۆزییەکان لەناودەبەن، " لە عەفرین ژنانی ئێزدی بەهۆی فشارەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی سەربە دەوڵەتەوە لە بەها و کلتوری خۆیان دوور کەوتوونەتەوە، منداڵانی ئێزدی دەبەنە مزگەوتەکان، گۆڕانکاری لە دیمۆگرافیای عەفریندا کراوە، ئەو شارەی هەموو پێکهاتە و ئایینەکانی لەخۆدەگرت، ئێستا تەنها ئیسلام بەسەریدا سەپێنراوە".

 

لە کۆتایدا وتیشی: ئێزدییەکانی عەفرین ناتوانن بە ئاسانی جەژنی چوارشەممەی سوور پیرۆز بکەن، دەمانەوێت بگەڕێینەوە عەفرین و لەسەر خاکی باوباپیرانمان بژین، ئەو ئایینە پیرۆزەی کە هەزاران ساڵە لە توندوتیژی پاراستومانە دوژمن دەیەوێت لەناوی ببات، ئێمە بە خۆڕێکخستنمان دەتوانین دوژمن لەناو ببەین، دژی کۆمەڵکوژی و ئەشکەنجەکان دەبێت تێکۆشانمان بڵند بکەین.