کاندیدەکان دەیانەوێت لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق چی بۆ ژنان بکەن؟

لەنێوان گەل و بەرژەوەندی حزبیدا کامیان هەڵدەبژێرن؟

هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نزیکدەبێتەوە، کاندیدانی ژنیش چەندین پلان و پڕۆژەیان بۆ خزمەتکردن بە هەرێمی کوردستان داڕشتووە، دەیانەوێت بە ڕەنگێکی ژنانەوە کار بۆ پرسەکانی ژن بکەن، لەنێوان گەل و بەرژەوەندی حزبدا، گەل هەڵدەبژێرن.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- بانگەشەی هەڵبژاردنەکان تا دێت گەرمتر دەبێت، کاندیدەکان گەڕەک و شارۆچکەکان لەپێناو کۆکردنەوەی دەنگدا دەگەڕێن، هەڵبژاردنەکان کەمتر لە مانگێکی ماوە و کاندیدەکانیش هەوڵەکانیان چڕتر کردووەتەوە.

هەر کاندیدێک کۆمەڵێک پڕۆژەی تایبەت بەخۆی ئامادەکردووە، تا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کاریان لەسەر بکات، ژنانی کاندید سەرباری ئەو ئاستەنگانەی دێنە بەردەمیان، بەهێزتر کاردەکەن، دەیانەوێت تواناکانی ژن بیسەلمێنن.

کۆی گشتی کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سێ هەزار و ٥٢٣ کاندیدە، لە کۆی گشتی ئەو کاندیدانەش دوو هەزار و ٥٦٠یان پیاون، ٩٢٣ کاندید ژنن.

دەبێت ژنان بە ئەقڵیەتێکی ژنانەوە لە ئەنجومەنی نوێنەران کار بکەن

ڕووناک مەجید کاندیدی سەربەخۆ لە بازنەی دووی سلێمانی، باس لەوەدەکات جگە لەوەی وەک کاندیدێک پڕۆژەی خۆی هەیە، لەبەرامبەردا یەکێک لە پڕۆژەکانی پرسی ژنە، وەک نوێنەرێکی ڕاستەقینەی ژن بە ئەقڵیەتێکی ژنانەوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کاردەکات، دەڵێت "ژن جیاواز بیردەکاتەوە، لە هەڵوێستە نیشتیمانی و پێکەوە ژیان و کۆمەڵایەتییەکاندا، دەمانەوێت کە کۆمەڵگا دەنگ بە ژنان بدەن بێ ئەوەی ڕێژەی کۆتا بەکاربهێندرێت".

 

ڕووناک مەجید، وەک کاندیدێکی ژن، ئەوە دەخاتەڕوو کە ئەقڵیەتی سیستمی دەسەڵاتداری و سەرمایەداری لە هەمان ئەقڵیەتی پیاوسالارییەوە بنەمای گرتووە، ئەم ئەقڵیەتە بۆ کۆمەڵگاش گواستراوەتەوە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بێ ڕێزی بەرامبەر کاندیدانی ژن دەکرێت، ئەمەش بە دەستی دەسەڵات دەزانێت کە بەو جۆرە کۆمەڵگا لەبارەی ژنەوە بیردەکاتەوە، دەڵێت "من هیچ کاتێک بۆ هیچ کاندیدێک ئەمەم پێ خۆش نییە، هیچ کاتیش قبوڵی ناکەم کە قسە بە کاندیدێکی تری ژن بدرێت".

 

ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، کە گرنگی یەکبوونی ژنان دوور لە هەر کێبڕکێ و ململانێ حزبییەکان لەناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێرقدا دەردەکەوێت، کە یەکبن، کار بۆ ژن بکەن و ئەو یاسایانەی لە بەرژەوەندی پیاواندایە بیگۆڕن، ئەگەر ئەوەش بوو، ئەو کاتە ڕۆڵی ڕاستەقینەی ژن دەردەکەوێت و حزبەکانیش مەجبوور دەبن هاوهەڵوێستی ژنان بن.

ڕێز لە ژن بگرە

شنۆ نوری کاندیدی پارتی لە بازنەی دووی سلێمانی، پێی وایە دەتوانێت وەک ژنێک لە پەرلەمانی عێراقدا زیاتر خزمەت بە پرسی ژن بکات، دەیەوێت لە ڕێی پەروەردەوە خزمەت بە کۆمەڵگا بکات، لەبەر ئەوەی پەروەردە بنەمای پێشکەوتنی هەر کۆمەڵگایە، پێشکەوتنی وڵاتانیش لە پەروەردەوە سەرچاوەی گرتووە.

 

ئەو کاندیدە، ئەوەش دەخاتەڕوو، کاتێک کەسێکە دەچێتە پەرلەمان وەک ئەوەی هاوڵاتیان بیردەکانەوە کە دەچێت بۆ دابینکردنی خۆشگوزارانی دەچێت نییە، بەڵکو دەچنە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تا ململانێ بۆ بەرژەوەندی گەل بکەن بۆ دابینکردنی ئەو خزمەتگوزاریانەی پێویستی پێیەتی.

 

لە پەیامێکیش لەبارەی ژنەوە دەڵێت "ئەی کوردینە لەوەتەی هەین کورد بەوەوە جوانە کە ژن و پیاومان یەکسانە، لە کاتێکدا ئێمە ژنی شۆڕشگێڕمان هەبووە کەلە هیچ میللەتێکی تردا نەبووە، ڕێز لە بوونی ژن بگرە، ژن دایک و خوشک و پەرلەمانتارە، هەر ئەو کەسەیە کە تۆی هێناوەتە دنیاوە".

حکومەت لە ئاستی ژناندا بێباکە

قومریە بەرزنجی، کاندیدی کۆمەڵی ئیسلامی لە بازنەی سێی هەولێر، لەبارەی ژنەوە لە کۆمەڵگای کوردی، ئەوە دەخاتەڕوو کە ژنان لە ئاستی خزمەتگوزارییەکاندا نامەحرەمن، کەمترین خزمەتیان بۆ کراوە و حکومەت لە ئاستی ژناندا بێباکە، بۆیە دەخوازێت لەو ڕووە خزمەت بە ژنان بکات.

 

ئەو لەبارەی ئەو ڕەخنە و ناوزڕاندنانەی بە ژنانی کاندید لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکرێت، پێی وایە لە کۆمەڵگادا هەموو ئاستەکانی هەیە، بەڵام ئەو ژنەی گەیشتبێتە ئەو پلەیی کاندید بێت، بەدڵنیایەوە قۆناغی زۆر لەوە سەختتری بڕیووە، دەشتوانێت ڕووبەڕووی ئەوەش ببێتەوە.

 

دەشڵێت "دەبێت ئەو هۆکارانە لەناوبچێت کە وادەکات دەنگ بە ژنان نەدرێت، دەبێت خەڵک هۆشیار ببێتەوە کە ژنانیش بەشێکن لە کۆمەڵگا، دەبێت تواناکانی ئەوانیش بە هەند وەربگیرێت، دەبێت کۆمەڵگا هۆشیارببێتەوە"

 

هەڵبژاردن لەنێوان خەڵک و حزبدا

"ئەگەر ڕووداوێک ڕوویدا، لەنێوان گەل و بەرژەوەندییە تایبەتەکان یاخود بەرژەوەندی حزبەکەت کامیان هەڵدەبژێریت"، ئەمە پرسیارێکە کە ئاڕاستەی هەر سێ ژنی کاندید کرا، ئەوانیش بەم جۆرە وەڵایان دایەوە.

 

ڕووناک مەجید، کاندیدی سەربەخۆ، پێی وایە کە دەبێت بەرژەوەندی گەل بە بنەما بگیرێت، یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوەی ئێستا خەڵک لە پەرلەمانتارەکان ناڕازیە، هەر ئەوەیە کە بەرژەوەندی گەل بە بنەما نەگیراوە، وەک کاندیدێکی سەربەخۆ دەڵێت: "ئەگەر کەسێک پەرلەمانتار بێت دەبێت بزانێت ڕاستییەکە چییە، ئەگەر ڕاستیەکەی زانی دەتوانێت دەنگی لەسەر بدات، دەبێت باوەڕ بە حزبەکەی بهێنێت، بەژروەندی گەل لەپێش بەرژەوەندی حزبەوەیە، تەنانەت بۆچی ئێستا خەڵک لە دەنگی پەرلەمانتارەکان ناڕازییە، لەبەر ئەوەی کارێکیان نەکردووە لە بەرژەوەندی گەلدا بێت، یان لە بەرژەوەندی خۆیان یان حزبەکەیاندا بووە، ئەگەر حزبەکەش فشاری لێبکات، دەبێت ئەو کاندیدە کارێکی وا بکات کە باوەڕ بە حزبەکەی بکات کە کامە ڕاستییەکەیە".

 

شنۆ نوری، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەڵیت ڕاستییەکان کە لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستاندایە هەڵدەبژێرێت، ئەگەریش پێچەوانەی بۆچوونی حزبەکەی بێت، دەشڵێت: "ئەوە هەڵدەبژێرم کە لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستاندایە، ڕاستی هەڵدەبژێرم، هیچ کاتێک هیچ حزبێک بێبەش نییە لە هەڵە، مەرج نییە هەموو کات ئەوەی حزب دەیڵێت ڕاستبێت، ئێمە مرۆڤین و بێ بەش نین لە هەڵە".

 

قومریە محەمەد، کاندیدی کۆمەڵی دادگەری کوردستان، پێی وایە کە حزب ڕێگایەکە بۆ خزمەتی گەل ئەو هەمیشە لەگەڵ گەل دایە و گەل هەڵدەبژێرێت، دەڵێت: "ئێمە نوێنەری گەلین و ئێمە خزمەت بە گەل دەکەین، حزب تەنها ڕێگایەکە بۆ خزمەتی زیاتر، هەر کاتێک حزب ڕێگری لە من بکات کە خزمەتی نیشتیمان بکەم، بە دڵنیایەوە من نیشتیمان و گەلە هەڵدەبژێرم".

 

ت.پ