"لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕۆژانە شاهیدی مردنی ئەندێشەکان دەبین"
ژنان پێیان وایە تیرۆر بووەتە نەریت و شێوازێکی ئاسایی دەوڵەتی تورکیا، کە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی گرنگ نییە قوربانییەکە لە فەرەنسا بێت یان لە کوردستان.
لانە محەمەدی
ورمێ- ٢٣ی ئابی ئەمساڵ، دەوڵەتی تورکیا لە ناوچەی سەیدسادق لە پارێزگای سلێمانی لە باشووری کوردستان هێرشی کردە سەر ئۆتۆمبێلێکی ڕۆژنامەنووسانی ژن و لە ئەنجامدا ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین گیانیان لەدەستدا. لەکاتێکدا هەولێر ژیانی تایبەتی تورکیایە، ئەمجارەیان سلێمانی کردووەتە ناوچەیەکی نائارام و ڕۆژانە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا بە ئاسمانی ناوچەکەوەن، بێدەنگی دەوڵەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بووەتە هۆی نیگەرانی خەڵکی ناوچەکە، نیگەرانییەک کە هەندێکجار بە هۆی بە ئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان، هاووڵاتیانی مەدەنی و چالاکوانانی سیاسی دەبێتە ناڕەزایەتی و توڕەیی.
تیرۆریزمی نێودەوڵەتی تورکیا مێژوویەکی لە وڵاتانی ئەوروپایی وەک فەرەنسا هەیە و لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣دا ساکینە جانسز و هەڤاڵانی تیرۆر کرد و لە ساڵانی ڕابردووشدا ئەم تیرۆرانە بەردەوام بوون و بە ئامانجگرتنی ئەڤین گۆی و هاوڕێکانی لە ٢٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢دا لە کۆمەڵەی ڕۆشنبیری ئەحمەد کایا لە پاریس بەشێکی دیکەی بەردەوامیی تیرۆریزمی دەوڵەتی تورکیا بوو.
لەم ڕۆژانەدا کە بەئامانجکردنی ژنانی پێشەنگ لە هەرێمی کوردستان زیادی کردووە و ڕۆژنامەنووسانی ئازاد گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین دەکرێنە ئامانج، ژنانی ناو زیندانەکانی ئێران بەردەوامن لە بەرخۆدان و لە دژی پیاوسالاری لە شەڕێکی نایەکساندان، هەروەها ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان لە سەختترین بارودۆخدا بەردەوامن لە خەبات و لە باکووری کوردستان و تورکیا شەڕی نایەکسانی ژنان لە دژی دەوڵەتی پیاوسالاری و ڕەگەزپەرستانە بەردەوامە و ئەمەش ئەوە دەردەخات کە بە زیندان و تیرۆر و قەدەغەکردنی بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان، ژنان کۆتاییان پێ نایەت.
مێژووی بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ژنان لە کوردستان درێژە و قەڵەمی تارا و هێرۆکان لەسەر زەوی نامێنێتەوە و ڕێبازەکەیان بەهێزتر لە جاران بەردەوامە و بەرخۆدان و تێکۆشان بە چەندین شێوە بەردەوام دەبێت.
ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کاردانەوە بە کوشتنی ڕۆژنامەنووسان، ڕایانگەیاند، بەئامانجگرتنی ژنان ئەوە نیشان دەدات کە دەوڵەتی فاشیستی تورکیا لە تێکۆشانی ژنان دەترسێت.
"لە تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووساندا دەیانەوێت قسە و قەڵەم بشکێنن"
سەحەر نادری، چالاکوانی کۆمەڵایەتی دانیشتووی شاری مهاباد، سەرەتا ڕێزی لە یادی ئەو شەهیدانە گرت و وتی: لە بەردەم ڕێبازی پیرۆزی ئەو شەهیدانە سەر دادەنەوێنین، بەئامانجکردنی ژنانی چالاکوان ئەوە دەردەخات کە دەوڵەتی فاشیستی تورکیا لە خەبات، هۆشیاری و وریایی ژنان دەترسێت و بە شێوازێکی نامرۆڤانە تیرۆریان دەکات، تاوانێکی لەم شێوەیە لە هیچ دەوڵەتێکدا نییە، ئەوان بۆ ئازادی و حەقیقەت هەوڵدانێکی زۆریان داوە و هەمیشە ڕێز لە یاد و ناویان دەگرین.
ڕووناک واحیدی، چالاکوانی ژنان و ڕۆژنامەنووس، دانیشتووی شاری ماکۆ، سەبارەت بە تیرۆرەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان وتی: تیرۆری ڕۆژنامەنووسان زیانێکی گەورە و بە شێوەیەک بە کارەساتە، چونکە ئەوە تیرۆرکردنی کەسێک نییە، بەڵکو کوشتنی ڕۆشنبیری و هۆشیارییە و لە تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووساندا، پشتیان بە کۆشتنی قسە و قەڵەم بەستووە.
لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: تیرۆر بووەتە نەریت و شێوازێکی ئاسایی دەوڵەتی تورکیا بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی، گرنگ نییە قوربانی لە فەرەنسا بێت، یان لە ڕۆژئاوا یان لە هەرێمی کوردستان. ئەم تیرۆرە یەکەمین نەبووە و دواجاریش نابێت و زیاتر دەبێتە هوی توندوتیژی، بەداخەوە بارودۆخەکە ئاماژە بەوە دەکات، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە لە تاڵاوی تیرۆری دەوڵەتدا گیری خواردووە، دەبێت ڕۆژانە شاهیدی مردنی ئەندێشەکان بین.
"ئەوەی تورکیا دەیکات نموونەیەکی ڕوونی جینۆساید و کۆمەڵکوژییە"
سانا مەمەندی، شرۆڤەکاری سیاسی دانیشتووی شاری ورمێ، سەبارەت بە تیرۆرکردنی چالاکوانانی ژن لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە دەڵێت: تیرۆرکردنی چالاکوانانی کۆمەڵایەتی، مەدەنی و ناڕازییانی سیاسی لە سایەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا لەلایەن دەوڵەتەکانی دراوسێوە شتێکی نوێ نییە، لە ڕاستیدا ئێران و تورکیا ئەم ناوچەیەیان بۆ لەناوبردنی جەستەیی ئەندامانی ئۆپۆزسیۆن و نەیارەکانیان هەڵبژاردووە. هەم پێش پێکهێنانی عێراقی نوێ لە دوای ڕووخانی سەدام حسێن و هەم دوای ئەوە، بوونی دەوڵەتێکی لاواز و بێکاریگەر لە هەرێمی کوردستان دەرفەتێکی زێڕینی بۆ ئەم دەوڵەتانە ڕەخساندووە، کە بەبێ ئەوەی خەمی لێکەوتەکان و سزای دوای ئەو کارەیان هەبێت، ئەو کارانە ئەنجام بدەن، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بە سەدان چالاکوانی سیاسی، سەرکردە، نەیار و ناڕازی ئەو وڵاتانە لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی بە شێوەیەکی دڕندانە تیرۆر کراون، بەبێ ئەوەی هیچ کەسێک یان کەسانێک بە هۆکاری گومانی تێوەگلانی لەم ڕووداوانەدا لێپرسینیان لێ کرابێت.
لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: لەم ساڵانەی دواییدا تورکیا بە بەدەستخستنی تەکنۆلۆژیای تیرۆر لە دوورەوە و لە ڕیگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ئەم تیرۆرانەی ڕێبازێکی نوێیان وەرگرتووە، تورکیای ئەردۆغان بە داڕشتنی سیستمێکی سیخوڕی مەترسیدار و ئاڵۆز، بە هاوکاری دەزگای هەواڵگری تورکیا-میت، دەزگای هەواڵگری پارتی دیموکراتی کوردستان-پاراستن، بەبێ نیگەرانی لە لێپرسینەوە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان، دەستی بە کوشتنی چالاکوانان، ڕەوشنبیران و تەنانەت ڕۆژنامەنووسان کردووە. لە ڕاستیدا ئەوەی تورکیە دەیکات، نموونەیەکی ڕوونی جینۆساید و کوشتنی بەکۆمەڵە.
سەبارەت بە هێرشە تیرۆریستییەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، دەڵێت: "لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، سەدان ژن و پیاو بە ڕەچەڵەک کوردانی باکوور، ڕۆژئاوایی و ڕۆژهەڵاتی لە لایەن فڕۆکە بێ فڕۆکەوانانی تورکیا لە هەرێمی کوردستانی و باکووری سوریا کراونەتە ئامانج، شانە تیرۆریستییەکانی ئەردۆغان هیچ جیاوازییەک لە نێوان نەیارێکی سیاسی، چەکدار، ڕۆژنامەنووس یان تەنانەت هاووڵاتییەکی ئاساییدا ناکەن و تەنیا لەسەر بنەمای زانیاری هەڵەی هاوکارەکانیان لەسەر زەوی ئەو تیرۆرانە ئەنجام دەدەن.
لە یەکێک لەو حاڵەتانەدا ساڵی ڕابردوو خێزانێکی بەڕەچەڵەک عەرەب کە دانیشتووی بەغدا، لە شارۆچکەی پەنجوێنی سەر بە پارێزگای سلێمانی، لەکاتی چوونیان بۆ ئێران کرانە ئامانج و سەرجەم ئەندامەکان خێزانەکە تیرۆر کران، ئەمە لە کاتێکدایە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر خێزانێکی عەرەب لە یەکێک لە ناوچە گەشتیارییەکانی دەڤەری بادینان ڕووبەڕووی هێرشێکی هاوشێوە بوونەتەوە، بەڵام تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی سیاسیی بێ چەک و هاوڵاتیانی ئاسایی نموونەیەکی ڕوونی تاوانی جەنگە و هەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەم بیروڕای گشتی خەڵکی کوردستان نابێ قبووڵی بکەن".
لە کۆتاییدا وتی: کوشتنی ڕۆژنامەنووسێک لە ناوچە جیاوازەکانی جیهان کاردانەوەی زۆری لەگەڵ خۆیدا هەیە و لەناوبردنی فیزیکی ڕۆژنامەنووسێک لێکەوتەی جددی بۆ دەوڵەتە دیکتاتۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە. لەگەڵ تیرۆرکردن و کوشتن و زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووسان، دەوڵەتەکان ڕووبەڕووی کاردانەوەی جیهانی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەبنەوە. بەڵام دەوڵەتی تورکیا بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، دوو ژنە ڕۆژنامەنووسی تیرۆر کرد.