"وەکو ژن خاوەنداری لە فکر و ڕێبازی ڕێبەرەکەمان دەکەین"

ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان هەمیشە هەوڵی دەدا ئەقڵیەتی پیاوسالاری نەهێڵێت و ژن لە  ژێردەستەیی بپارێزێت، بۆیە ژنانی باشووری کوردستانیش بە ئەنجامدانی چالاکی و مانگرتن خاوەنداری لە ڕێبەرەکەیان دەکەن.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- ئازادی ژن لە کۆمەڵگەدا فەراهەم نەکراوە و بەردەوام ژنان مافەکانیان پێشێلدەکرێت و توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت، لەناو ئەو هەموو وەلانانەی ژنان لە بوارەکانی ژیاندا، ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان هەمیشە پشتگیری ژنانی کردووە و هەوڵی ئازادی ژن و نەهێشتنی ئەقڵیەتی پیاوسالاری داوە، ئەمەش بووە جێگەی ترس لای ئەو دەوڵەتانەی سیستەمی سەرمایەداری پەیڕەو دەکەن، سارا ڕەزا، ئەندامی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان باسی لەو تێکۆشانە کرد کە ڕێبەری کورد کردوویەتی بۆ ئازادی ژن و یەکسانی ڕەگەزی.

 

"١٥ی شوبات ڕۆژێکی ڕەشە بۆ کورد"

سارا ڕەزا ئاماژەی بەوەکرد، ١٥ی شوبات ڕۆژێکی ڕەشە بۆ گەلی کورد و گەلانی ئازادیخواز و وتی: ئەو پیلانگێڕیەی بەسەر ڕێبەرەکەماندا جێبەجێکرا هەر لە زووەوە پیلانی بۆ داڕێژرابوو، لە ١٥ شوباتی ساڵی ١٩٩٩دا پیلانی نەیاران سەریگرت، ئامانجیان لەم پیلانگێڕیە بۆ سەر ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان ئەوەبوو کە دەنگی ئازادی نەهێڵن بە جۆرێک کە پێشووتر ئەزموونیان هەبوو لە سەرکردەکانی تری کوردستان، کاتێک دەستگیریان دەکردن پارتەکەیان ئاشبەتاڵیان بە شۆڕش و تێکۆشانەکەی دەکرد، بەڵام ڕێبەر ئۆجالان ئەم پیلانەی پوچەڵکردەوە بە فکر و تێکۆشانی خۆی لە زیندانی ئیمرالی.

 

"ڕێبەری کورد یەکەم بیرمەند بوو دەستی بۆ دۆزی ژنان برد"

سارا ڕەزا چالاکییەکانی دژی گۆشەگیری خستەڕوو و وتی: ئێمە هەموو ساڵێک لە ١ تا ١٥ی شوبات دەست دەکەین بە کۆمەڵێک چالاکی، سیمینار، پەروەردەکردن، چالاکی سەر شەقام، مانگرتن و دەرکردنی گۆڤار، ئێمەش وەک ژنانی تەڤگەری ئازادی و ژنانی باشووری کوردستان بە دەستپێشخەری کۆمیتەی ئازادی ڕێبەر ئۆجالان دەستمان بە مانگرتن کرد، هەریەکەمان بەوپەڕی هێز و توانا و ئیرادەوە ماوەی دوو ڕۆژە لە مانگرتندابووین، مەبەست لەم مانگرتنەش ئەوەیە گۆشەگیرییەکان بۆ سەر تێکۆشان و خەباتی هەموومانە، ئێستا کات کاتی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجەلانە.

 

لە درێژەی قسەکانیدا سارا ڕەزا ئاماژەی بەوەدا، پێویستە دەوڵەتە زلهێزەکان لەوە تێبگەن کە ڕێبەر ئۆجالان کاتی ئازادکردنیەتی، چونکە تەمەنی لە ٧٠ ساڵ زیاترە و بە هەموو پێوەرێکی یاسای و ئەخلاقی هەقی ئازادکردنیەتی، لە مێژووی زیندانی ئیمرالیدا تا ئێستا ئەشکەنجە و گۆشەگیریەکی وا نەبووە و هەموو چاوپێکەوتنێکی لێ زەوتکراوە، ئێمەش وەکو ژنان پشتیوانی لە ڕێبەرەکەمان دەکەین، چونکە یەکەم بیرمەند بووە دەستی بۆ دۆزی ژن بردووە، ئەو ئەرکەی خستە سەرشانی خۆی، بۆیە دەبینین ئێستا ژنان پێشەنگایەتی شۆڕش دەکەن.

 

"ڕێبەر ئۆجالان داوای مافی گەلی کوردی دەکرد"

سارا ڕەزا جەختی کردەوە، خۆمان بە قەرزاری فکر و تێکۆشانەکانی ڕێبەر ئۆجالان دەزانین و هەمیشە بەشدار دەبین لە چالاکی و بەرخۆدانەکان، هەربۆیە مانگرتنی دوو ڕۆژەمان ڕاگەیاند، چونکە کات کاتی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالانە، وەکو ژنانی باشووری کوردستانیش بەڵێن دەدەین لەسەر ڕێباز و تێکۆشان و فکری ڕێبەرەکەمان بەردەوام دەبین، ڕێبەر ئۆجالان تەنها داوای ماف و ئازادی گەلی کوردی دەکرد کە نزیکەی ٦٠ ملیۆن کوردین و بێ مافین، بۆیە ئەو پیلانگێڕیەیان کرد دژی ڕێبەری کورد، بۆ ئەوەی نکۆڵی بکەن لە گەلی کورد و لە زمان و کولتوور دامان ببڕێنن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێبەر ئۆجالان قوڵ بوویەوە لە مێژوو و ڕەگ و ڕیشەی گەلی کورد کە پێویستی بە ناسنامەی خۆی هەیە، ئەم تێکۆشانەش ترسی خستە ناو سیستەمی سەرمایەداریەوە، چونکە تێکۆشانی ڕێبەر ئۆجالان جیاواز بوو، لە ئەمڕۆدا ئەو دۆخەی هەیە پێویستی بەو ڕێگە چارەسەریە هەیە کە ڕێبەر ئۆجالان داینابوو بەرامبەر سیستەمی سەرمایەداری، ئەمەش ترسێکی زۆری لای دوژمنانی کورد و خیانەتکارانی ناوخۆی کوردستان دروستکردووە.

 

"ڕێبەری کورد داوای یەکسانی ڕەگەزی دەکات"

سارا ڕەزا ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان ڕێگە چارەی هەیە بۆ هەموو جیهان و داوای یەکسانی ڕەگەزی و پێکەوە ژیان دەکات، کە هەموو گەلان بە یەکسانی لەسەر ئەم خاکە ژیان بکەن و کەس زوڵم لە کەس نەکات، تێکۆشانی ڕێبەرەکەمان سەختیەکی زۆری خستووەتە بەر دوژمنان و جێگەی خۆشحاڵیە کە ملیۆنان کەس لەسەر فکری ڕێبەر ئۆجالان درێژە بە خەبات دەدەن.

 

١٥ی شوبات لە سلێمانی ڕێپێوان دەکرێت

وتیشی: پێویستە گەلی کورد و بەتایبەتی ژنان خاوەنداری لە ڕێبەرەکەیان بکەن، چونکە ئەو هەوڵی دەدا بۆ ئەوەی ژن لە ژێردەستەیی و کۆیلەبوون و ئەقڵیەتی پیاوسالاری بپارێزێت، هەر بۆیە ١٥ی شوباتیش چالاکیەکی ڕێپێوان ئەنجام دەدەین و داوا لە هەموو ژنانی باشووری کوردستان دەکەین بەشدار بن، چونکە ژنانی باشووری کوردستان مافەکانیان لە مەترسیدایە و هەر ڕۆژێک ژنێک دەکوژرێت، بۆیە دەبێت ئەو ئازادی و مافەی کە ٥ هەزار ساڵ پێش ئێستا لێمان زەوتکراوە، دووبارە بەدەستی بهێنینەوە و درێژە بە خەباتی ڕێبەرەکەمان بدەین.