"هەوڵدەدرێت بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر نەهێڵن، دەبێت گەلی ئێمە پارێزگاری بکات"
ئەمینە بەکر جێگری ئەنجومەنی بەڕێوەبەرایەتی هەرێمی فورات- باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئاماژە بەوەدەکات، هەوڵدان هەیە بۆ ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر نەهێڵن، بۆ ئەو مەبەستەش بانگەواز بۆ پاراستنی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و دەستکەوتەکانی شۆڕشی ١٩ی تەمموز دەکات.
بەرچەم جودی
کۆبانێ- هێرش و هەوڵەکان لە لایەن چەتەکان و دەوڵەتی تورکەوە بۆ نەهێشتنی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بەردەوامیی هەیە و ئەو هێزانە هەوڵدەدەن شەڕی تایبەت لەگەڵ گەلی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بکەن، لەو بارەیەوە ئەمینە بەکر جێگری ئەنجومەنی بەڕێوەبەرایەتی هەرێمی فورات- باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ ژنها لێدوانی دا.
"بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر مۆدێلی ژیانی ئازاد و دیموکراتییە"
شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان لە ١٩ی تەمموزی ٢٠١٢ دەستیپێکردو هەموو هەرێمەکانی گرتەوە، ئەمینە لەبارەی ئەو شۆڕشەوە وتی:" لە کۆبانێ-وە دەستیپێکردو لەو کاتەدا زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست ڕاپەرینیان بۆ ئازادی و دیموکراتی دەستپێکردبوو، گەلی باکورو ڕۆهەڵاتی سوریاش شۆڕشی ١٩ی تەمموزیان هەڵبژارد، لە ئێستادا پێکهاتەکان لە کورد و عەرەب و سوریی و ئاشوریی و تورکمان و ئەرمەن و چەرکەز، لە ژێر چەتری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بەشێوەیەکی ئازاد و دیمکراتی بەیەکەوە دەژین، هەر نەتەوەیەک بە زمان و کلتوو ناسنامەی خۆی بەشدارە.
"دەیانەوێت بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە ناوەڕۆکەکەی لابدات و نەمێنێت"
ئەمینە بەکر ئەوەشی وت:" لە ڕۆژی دامەزراندنی ئەو بەڕێوەبەرایەتییەوە هەموو کات هێرشی جۆر بە جۆر دەکرێت، ئەو هێزانە دەیانەوێت لە ناوەڕۆکەکەی لابدات و نەمێنێت، هەروەها هەوڵ دەدەن ئەو وێنەیەی لای خەڵک دروستبوە بیشێوێنن بۆ ئەوەی گەل لە دژی ئێمە بوەستێت، دەوڵەتی تورک بە تایبەت دەیەوێت لەم پڕۆژەیە بدات چونکە بە پێشەنگایەتی گەلی کورد دامەزراوە.
"ئێمە بەیەکەوە دەبێت وەڵامی ئەو هێرشانە بدەینەوە"
جێگری ئەنجومەنی بەڕێوەبەرایەتی هەرێمی فورات- باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بانگەوازی بۆ پاراستنی ئەو دەستکەوتە کرد و وتی:"بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر هەبون و نەبونی ئێمەیە، ئەو پڕۆژەیە بۆ ئێمە مێژووییە و بانگی من بۆ تەواوی گەلان و بە تایبەت ژنان هەیە کە ڕووبەڕووی ئەو هێرشانە بوەستین و وەڵامی هەموو جۆرە هێرشێک بدەینەوە".