هۆکارەکانی نەبەستنی سێیەمین کۆنگرەی ژنانی نەتەوەی کورد

ژنانی پارتە سیاسیەکان و پەرلەمانتاران، هۆکاری نەبەستنی کۆنگرەی سێیەمی ژنان دەگەڕێننەوە بۆ مەرامی بەرژەوەندی حیزبی، چاوی دوژمنانی دەسەڵاتداری پارچەکانی کوردستان و بەشدار نەبوونی ژنانی پارتە سیاسیەکان بە ڕۆحێکی ژنانەوە لە کۆنگرەکەدا.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ساڵی ١٩٩٩ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، پێشنیاری بەستنی کۆنگرەی گشتی نەتەوەی کوردی کرد، بەڵام بە هۆی ناکۆکیە سیاسیەکان و دەستوەردانی وڵاتان هەتا ئێستا کۆنگرەی نەتەوەی کورد نەبەستراوە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٠ ژنان پێشەنگایەتیان کرد و لە شاری ئامەدی باکوری کوردستان بە بەشداری ژنانی هەر چوار پارچەی کوردستان یەکەم کۆنگرەی ژنانی نەتەوەی کورد بەسترا، دوای دوو ساڵ و لە ساڵی ٢٠١٢دا دووەم کۆنگرەی ژنانی نەتەوەی کورد  لە شاری هەولێری باشووری کوردستان بەسترا، بەڵام وا زیاتر لە ٩ ساڵە کۆنگرەی سێیەم دواکەوتووە و نەبەستراوە.

 

ژنانی پەرلەمانتار و لایەنە سیاسیەکانی باشووری کوردستان هۆکارەکەی دەگەڕێننەوە بۆ ئەو بارودۆخە ناهەموارەی بەسەر پارچەکانی کوردستاندا هاتووە، لەلایەن ئەو دەسەڵاتانەی چاویان بڕیوەتە کوردستان، هەروەها ئەو ئەجێندا حیزبیەی دەیەوێت کۆنگرە بۆ سود و مەرامی حیزبی بەکار بهێنێت لە کاتێکدا کۆنگرەی ژنانی کورد بۆ بەرژەوەندی هەر چوار پارچەی کوردستانە، لەگەڵ ئەوەشدا بەشدار نەبوونی ژنانی بەشێک لە پارتەکان بە ڕۆحێکی ژنانەوە بە هۆکارێکی سەرەکی دەزانن بۆ دواکەوتن و نەبەستنی کۆنگرەی سێیەمی ژنانی کورد.

 

ڕووناک مەجید: بەشدار نەبوونی ژنان بە ڕۆحێکی ژنانەوە، هۆکارە بۆ نەبەستنی کۆنگرە

ڕووناک مەجید ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتی تەڤگەری ئازادی، بەستنی کۆنگرەی نەتەوەی ژنانی کوردی بە گرنگ زانی بۆ گەلی کوردستان و ئاماژەی بەوەدا ئەم کۆنگرەیە کاریگەری دەبێت لەسەر کۆنگرەی گشتی نەتەوەی کورد، دواکەوتن لە بەستنی کۆنگرەیشی گەڕاندەوە بۆ چاوی دوژمنانی دەسەڵاتداری پارچەکانی کوردستان کە نایانەوێت کۆنگرە ببەسرێت.

 

ڕووناک مەجید ژنانی بەشێک لە پارتەکانیشی بە هۆکار زانی کە ژنان لە پارتەکاندا بە ڕۆحی ژنانەوە کار ناکەن، دەربارەی هەوڵ و توانای ژنان وتی: ئێمە وەک ژنان دەتوانین کۆنگرەی نەتەوەی ببەستین، بەڵگەش بۆ ئەوە ئەو گروپە جیاوازانەیە کە ژنان دروستیان کردووە بۆ پاڵپشتی پارچەکانی کوردستان و ژنان.

 

ڕۆژان شەهید حەمە ڕەش: ڕێکنەکەوتنی هەندێک لایەنی سیاسی لە کاتی کۆنگرەی دووەمدا، هۆکارە بۆ نەبەستنی کۆنگرەی سێیەم

ڕۆژان حەمە ڕەش ئەندام پەرلەمانی کوردستان و ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، ڕێکنەکەوتنی هەندێک لایەنی سیاسی لە کاتی کۆنگرەی دووەمی ژنان لە ساڵی ٢٠١٢ بە هۆکار دەزانێت بۆ دواکەوتن و نەبەستنی کۆنگرەی سێیەم، ئەم ئەندام پەرلەمانە دەربارەی ئامادەکاریەکانی کۆنگرە بۆ ئاژانسەکەمان وتی: ئامادەکاری بۆ بەستنی کۆنگرەی سێیەمی ژنانی کورد هەبووە لەلایەن چەند لایەنێکی سیاسی باکور، ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان.

 

لە ڕابردوودا لەلایەن کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان-کەنەکە دوو کۆنگرە بۆ ژنان کراوە، هەروەها ئەندامانی پەرلەمانی هەدەپە لەگەڵ ژنانی سیاسەتمەداری باشوری کوردستان کۆبوونەوە دەربارەی کۆنگرە، بەڵام سەرەڕای هەوڵەکان تا ئێستاش کۆنگرەی سێیەم نەبەستراوە، ڕۆژان حەمە ڕەش باسی لە گرنگی بەستنی کۆنگرەی ژنان کرد و وتی لەم کۆنگرەیەدا ژنانی هەر چوار پارچەی کوردستان بەشدار دەبن و گرفت و پێداویستیەکانی ژنان یەکلای دەکرێنەوە  لە دەرئەنجامدا دەکرێتە ڕاپۆرتێک و بۆ کۆنگرەی گشتی ئامادە دەکرێت، ئەمەش یەکڕیزی ژنان و یەکڕیزی کورد پیشان دەدا.

 

بەدریە ئیسماعیل: کۆنگرەکانی ڕابردوو بەرەو حیزبی بوون دەڕۆشتن، ئەمە هۆکارە بۆ دواکەوتنی کۆنگرە

بەدریە ئیسماعیل ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان، بڕوای وایە کۆنگرەی ژنانی نەتەوەی کورد واتا کۆدەنگی ژن لە هەر چوار پارچەی کوردستان، پێشی وایە دەبوو لە بەروارێکی زۆر لە پێشتر کۆنگرەی سێیەمی ژنان ببەسترایە، ئەم ئەندام پەرلەمانە هۆکاری نەبەستنی کۆنگرەی گەڕاندەوە بۆ چەند هۆکارێک و لەم بارەیەوە وتی: کۆنگرەی ژنانی نەتەوەی کورد نابێت هیچ ئەجێندایەک و باکگراوندێکی پارت و لایەنەکانی پێوە دیاربێت، بە داخەوە لە کۆنگرەکانی ڕابردوودا بەرەو حیزبی بوون دەڕۆیشتن کە هۆکارە بۆنەبەستنی کۆنگرە، هەروەها ئەو ڕووداوە نەخوازراوانەی کە لە ڕۆژئاوا و باشوری کوردستاندا ڕوویاندا هۆکارە بۆ نەبەستنی کۆنگرەی سێیەم.

 

 بەدریە ئیسماعیل لە وەڵامی پرسی ئاژانسەکەماندا بۆ هەوڵی ئەو وەک ژنێکی پەلەمانتار بۆ بەستنی کۆنگرەی سێیەمی ژنان ئاماژەی بەوەدا کە وەک ژنێک دەیەوێت کۆنگرەی سێیەمی ژنان ببەسرێت و پشتیوانی کۆنگرە دەکات.

 

ئێستا کاتی بەستنی کۆنگرەی ژنانی نەتەوەی و کۆنگرەی گشتی نەتەوەی گەلی کوردە، لەم بارودۆخە ناهەموارەی کە هەرچوار پارچەی کوردستانی پێدا تێپەڕدەبێت، بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارە و باشترکردنی دۆخی هەر چوار پارچەی کوردستان و یەکڕیزی کورد دژی هێرش و داگیرکارییەکانی دەکرێتە سەر کوردستان، بەڵام ئایا ئەمە دێتە دی؟ لە کاتێکدا دەسەڵاتدارانی کورد لە خاکی دوژمناندا بە زمانی بیانی قسە دەکەن و ڕێگە خۆشکەرن بۆ لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی تورکیا و دەوڵەتانی داگیرکار.

 

ت.پ