"هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا مەترسییەکانی داعش قوڵتر دەکات"
شیلان ئەحمەد، ئەندامی ئەنجومەنی گشتی پارتی ئایندەی سوریا، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا هەڵسەنگاند و ئاماژەی بەوەدا، کە هێرشەکە مەترسی و هەڕەشەی بڵاوبونەوەی داعش قوڵتر دەکاتەوە.
ڕۆژ هۆزان
قامیشلۆ- ماوەی چەندین ساڵە دەوڵەتی تورک لە دوای شۆڕشی ژنانەوە هەڕەشە لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکات، بۆ ئەوەی خۆی لەسەر سیستمی نەتەوەیی دیموکراتی بنیات بنێت، لەگەڵ هێرشە داگیرکارییەکانی سەر عەفرین، سەرێکانی و گرێ سپی بەتایبەتی بۆ ژنان لە ١٩ی تشرینی دووەمەوە هێرش دەکاتە سەر هەموو باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئەو هێرشانەش کە ئامانجیان کۆچکردنی خەڵکی ناوچەکەیە و کردنەوەی ناوچەکانی دیکەی داگیرکاریش ڕێگەیە بۆ بڵاوبوونەوەی داعش، شیلان ئەحمەد، ئەندامی ئەنجومەنی گشتی پارتی ئایندەی سوریا کە لەسەر ئەم بابەتە قسەی کرد، ئاماژەی بەوەکرد، کە لە ١٩ی تشرینی دووەمەوە دەوڵەتی تورک هێرشەکانی خۆی بۆ سەر هەرێم دەستپێکردووە، لەو زیندان و کامپانەی کە چەتەکانی داعش و خێزانەکانی داعش تێیدا دەژین گرژی و ئاڵۆزی دروست بووە و ڕایانگەیاندووە، کە ئەم هێرشە مەترسی لەسەر بڵاوبوونەوەی داعش دروست دەکات.
پیلانەکانی دەوڵەتی تورکیا و هاوپەیمانەکانی لەسەر هەرێمەکە
شیلان ئەحمەد ڕایگەیاند، کە پلانێکی گشتی لە نێوان دەوڵەتی تورک و هێزە نێودەوڵەتییەکاندا هەیە لە دژی هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، هەڕەشە و هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر هەرێمەکە هەڵسەنگاند: "کاتێک ئەمڕۆ ئەو هێرشانە باس دەکەین سنوردار نین بە ئەمڕۆوە چونکە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر شۆڕش و ئیرادەی گەلەکەمان ڕانەوەستاوە، دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت تۆڵەی ئەو شکستانە بکات کە ئەمڕۆ لەسەر خاکی کۆمەڵگە ئاشتیخوازەکان تێیدەپەڕێنێت، پێگەی گەلەکەمان و بەرخۆدانیان لە بەرامبەر هێرشە دڕندانەکان جێگای شانازییە، گەلەکەمان بە ئەرکی سەرشانی خۆی هەستاوە، بە بەرپرسیارێتییەوە پارێزگاری لەو ڕەوایانە دەکات و بە داگیرکەران دەڵێن ئەمە خاکی ئێمەیە گەلەکەمان ئاگاداری ئەو هێرشانەن و ئاگایان لە خاکەکەی خۆیانە".
هێرشەکانی سەر ژێرخانی هەرێم
شیلان ئەحمەد، تیشکی خستە سەر ئەو هێرشە داگیرکارییانەی کە ژێرخانی هەرێمیان بۆردوومان کرد و لە بەردەوامی قسەکانیدا وتی: "بە شێوەیەک کە ڕێگری لە پێداویستییەکانی ژیان بکات، یان ئابووری ئەو وڵاتە بەدەست بێنێت، دەوڵەتی تورک دەیەوێت لە هەرێمەکەماندا ئەو کارە بکات و سەرچاوەی ژیانمان داگیر بکات، لە هەموو جیهاندا یاسا هەیە کە پارێزگاری لە هاوڵاتیانی مەدەنی و ژێرخانەکەیان دەکات، بەڵام هیچ دەوڵەتێک هەنگاوی بۆ هەرێمەکانمان نەناوە، دەبوایە سیاسەتی دەرەوە هەنگاوی زیاتر بەرەو ناوچەکە بنێت، چونکە ئەمڕۆ نەک تەنیا کورد لێرە دەژین بەڵکو پێکهاتەکانی عەرەب و سوریا و ئەرمەنی و چەرکەسیان و تورکمانیش هەن، ئێمە تەنیا قسەکانیان لە ئاستی ئیدانەکردندا قبوڵ ناکەین، پێویستە هەنگاوی پراکتیکی هەبێت و ئاسمان لەبەردەم فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورک دابخرێت، ئێستا دەوڵەتی تورک بە فەرمی تاوانی جەنگی دژ بە هەرێمەکەمان ئەنجام دەدات و یاسا نێودەوڵەتییەکانیش هیچ سودێکی بە کۆمەڵگەی ئێمە نەگەیاندووە، بە پێچەوانەوە پشتگیری دەوڵەتی تورک و کردەوەکانی دەکەن".
هێرشەکە مەترسییەکانی داعش زیاتر دەکات
شیلان ئەحمەد، ئاماژەی بەوەشکرد کە لەکاتی هەڵسەنگاندنی دۆخی ئەو هێرشانەی کە دەکرێتە سەر هەرێم لەگەڵ ئەندازەی لایەنە سیاسی و ئابوورییەکانی، لایەنی ئەمنیشی هەڵبسەنگێنرێت، وتی: "دوای سەرکەوتنەکانی دژ بە داعش گەلەکەمان لە دۆخێکی سەقامگیردا ژیا، بەڵام هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر هەرێمەکە دۆخی ئەمنیشی ئاڵۆزتر کرد لە هەرێمەکەماندا هەزاران چەتەی داعش زیندانی کراون و لە بیرمان ناچێت کە مەترسییەکانی چەتەکانی داعش لە کامپی هۆلدا هەیە، هەروەها بینیمان بەم هێرشانەی ئەم دواییە چەتەکان لە زینداندا یاخی بوون و هەوڵی هەڵهاتنیان دا، کە لە دەرەوەی ئەو هێرشانەشە شانەکانی داعش لە دەرەوەی وڵات خۆیان ڕێکدەخەن بۆ شەڕکردن و هێرشکردنە سەرمان، ئێمە ناچار نین ئەو چەتانە بگرینە خۆ و کاتێک هەموو جیهان لە دژی ئێمە یەکبگرن، ئێمەش وڵاتەکەمان دەپارێزین".
گەل بە یەک هەڵوێست پێشوازی لە هێرشەکان دەکەن: بەرخۆدان
شیلان ئەحمەد، بەرخۆدانی گەل و هاودەنگییەکانیانی لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک هەڵسەنگاندو لە کۆتاییشدا وتی: "یەکبوونی کۆمەڵگەکەمان لەم دۆخە نائاساییەدا جێگای شانازییە، ئێمە وەک خەڵک و لایەنە سیاسییەکان پێویستە دەستی یەکبگرین و هەموو هەوڵێک بدەین بۆ خزمەتکردن بۆ پاراستنی کۆمەڵگەکەمان، چونکە ئێمە لە بەرامبەر دوژمنێکی دڕندەین، کاتێک دوژمن هێرش دەکات، هیچ جیاوازییەک لە نێوان هیچ پێکهاتە و لایەنێکدا نییە پێکەوە بەهاکانی گەل و شەهیدانمان دەپارێزین و ڕێگە بە داگیرکاریی نوێ لەسەر خاکەکەمان نادەین".