"گەلانی ناوچە داگیرکراوەکان دەبێت شۆڕش بۆ دەرکردنی داگیرکاری بکەن"

داگیرکاری تورکیا کار بۆ داگیرکردنی زیاتری خاکەکانی سووریا و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە و سڕینەوەی کولتووری گەلان دەکات، تا میساقی میللی زیندوو بکاتەوە.

سیبیلیا ئیبراهیم

 

مەنبج- دەوڵەتی تورک ناوچەیەکی زۆری لە سووریا داگیرکردووە، لەوانە باب، عەزاز، ئیدلب، ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کە بریتین لە عەفرین، گرێسپی، سەرێکانی، هەروەها لە میساقی میللیدا هاتووە کە هەر ناوچەیەک بە زمانی تورکی قسە بکات بە هەرێمێکی سەر بە تورکیا دادەنرێت، لەم ڕوانگەیەشەوە داگیرکاری، کار بۆ سەپاندنی زمانەکەی دەکات بۆ فراوانکردنی جوگرافیای تورکیا لەسەر حیسابی وڵاتانی دراوسێ.

 

هالە حەمیجۆ، وتەبێژی ئەنجومەنی سووریای ئایندە لە ئیدلب، خستیەڕوو کە پێویستە گەلانی ناوچە داگیرکراوەکان یەکبگرن و داگیرکارییەکانی تورکیا ڕابگرن، کە هەوڵدەدات زەوییەکانی سووریا بکات بە ناوچەی تورکیا، وتیشی: دەستێوەردانی توركیا لە سووریا یەك ئامانجی هەیە، ئەویش جێبەجێكردنی میساقی میللییە، توركیا بە پەرۆشەوە كار بۆ جێبەجێكردنی دەكات، ئەم گۆڕانکارییە دیمۆگرافییە لە ساڵانێکی زۆر پێش سەرهەڵدانی شۆڕشی سووریاوە بەڕێوەدەبات و شەڕی قۆستەوە بۆ دووبارە دروستکردنەوەی سیناریۆی داگیرکردنی ئەسکەندروون، و هەموو ئەمانە شتێکی ڕوونن.

 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، سیاسه‌تی بە تورك كردن به‌شێك نییه‌ له‌ شه‌ڕه‌كه‌، به‌ڵكو بناغه‌ی شه‌ڕی توركیایه‌ له‌ دژی گه‌لانی ناوچه‌كه‌، "لە ناوچە داگیرکراوەکان تەنانەت بەکارهێنانی دراوی سووری قەدەغەیە، زمانی تورکی دەخوێندرێت و بنەمایەکە لەو مەنهەجانەی لەوێ سەپێنراون، ئەگەر سیاسەتی پەراوێزخستن بەم شێوەیە لە ناوچە داگیرکراوەکان بەردەوام بێت، ڕووبەڕووی کارەساتێک دەبینەوە، ئەمەش ڕەنگە تا ساڵانێک دواتر دەرنەکەوێت و دوای ئەوەی تەواوی نەوەیەک لەسەر ئەو شێوازە پەروەردە کراوە کە دوژمنایەتی کولتوورەکەی و ناسنامەکەی دەکات".

 

سەبارەت بە ئەرکی گەلانی ناوچە داگیرکراوەکان، هالە حەمیجۆ ئاماژەی بەوەدا کە "گەلانی ناوچە داگیرکراوەکان بەرەنگاری بارودۆخی سەختی ژیان دەبنەوە، ئازادی ڕادەربڕین قەدەغەیە"، ڕونیشیكردەوە كە بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتی پەراوێزخستن لە ناوچە داگیركراوەكاندا پێویستی بە راپەڕینی گەلی سووریا هەیە، "گەلانی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەر دەستێوەردانێكی توركیا لە خاكی سووریا ڕەتدەكەنەوە، دەبێت هۆشیاریمان هەبێت لەو شتانەی لە دەوروبەرمان ڕوودەدەن و سەرەڕای ترساندنەكان، دەبێت دەنگ بەرزبكەینەوە و داگیركارییەكانی توركیا و بەكرێگیراوەكانی ڕابگرین".