هاوڵاتیان دەربارەی داگیرکاریەکانی دەوڵەتی تورکیا دێنە دەنگ

هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ ناوچەکانی مەتینا، زاپ و ئاڤاشین ماوەی ٦ ڕۆژە بەردەوامە هاوڵاتیانی باشوری کوردستانیش هێرشەکان ئیدانە دەکەن و ژنان داوا دەکەن پێویستە دەسەڵاتی باشوری کوردستان ڕێگە بە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا نەدات.

ناوەندی هەواڵ

لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی تورکیا لە باشوری کوردستان بەردەوامی هەیە و بە قوڵایی زیاتر لە ٣٠ کیلۆمەتر سنوری هەرێمی کوردستانی تێپەڕاندووە، هاوڵاتیان بە شێواز و چالاکی جیاواز ئیدانەی هێرشەکان دەکەن، بەڵام تا ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق هیچ هەڵوێستێکیان نەبووە و بێ دەنگییان لەلای هاوڵاتیان بووەتە جێگەی پرسیار.

 

ژنان لە ئاست داگیرکارییەکاندا خاوەن هەڵوێستن و داوا دەکەن ڕێگە خۆش نەکرێت بۆ دەوڵەتانی دراوسێ تا لەشکرکێشی لە باشوری کوردستاندا بکەن.

 

"دەسەڵاتداران گوێ بە لەناوچوونی گەلی کورد نادەن"

ڕۆزا ڕزگار، خوێندکاری زانکۆ، سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا دەڵێت: "حکومەتی هەرێمی کوردستان بێ هەڵوێستە لە ئاست هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و گوێ بەوە نادات کێ دەمرێت و لە پێناوی چیدا دەمرێت"، ئاماژەی بەوەشدا لەشکرکێشی دەوڵەتی تورکیا زیاتر بووە بۆ ناو خاکی کوردستان و دەیەوێت دەسەڵاتی سەردەمی عوسمانییەکان دوبارە پێکبهێنێتەوە و ناوچە کوردییەکانی وەک ویلایەتی موسڵ داگیربکات.

دەشڵێت ئامانجی دەوڵەتی تورکیا جینۆسایدکردنی کوردە وەک ئەو جینۆسایدەی بەسەر ئەرمەنییەکاندا هێنای.

 

دایکی ناز، یەکێکی ترە لەو ژنانی داوا دەکات کورد خاوەنێکی هەبێت و دەسەڵاتداران چیتر بێدەنگ نەبن لە ئاست ئەو هێرشە داگیرکارییانە، دەشڵێت "با هەوڵبدەین وڵاتەکەمان سەربەخۆ بێت و با حکومەت چیتر بێدەنگ نەبێت لە ئاست مافی گەلەکەی".

"میلەتی کورد لەبەر سەرقاڵبوون بە بابەتە دروستکراوەکانی ناو سۆشیاڵ میدیا ئاگای لە خاکەکەی نەماوە"

پەیوەند نادر، خوێندکاری زانکۆ ئاماژە بەوەدەکات وڵاتانی دراوسێ لە هەوڵی داگیرکردنی خاکی کوردستاندان، لەو ڕێگەیەوە هەوڵی بەهێزکردنی دەسەڵاتی خۆیان دەدەن.

دەشڵێت: حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە دروستکردنی بابەتی نادروست وەک سەماکەی شەقامی سالم لە شاری سلێمانی، هەروەها بڵاوکردنەوەی هەواڵی فڕێدانی پەڕەکانی قورئان لە شاری هەولێر، ئەمانە گەلی کوردی سەرقاڵ کردووە تا ئاگایان لە سنوری خاکەکەی خۆیان نەبێت، ئەم ڕووداوانەش دەستی حیزبییان لە پشتە".

پەیوەند بە پێویستی دەزانێت گەل هەڵوێستی هەبێت و چیتر بێدەنگ نەبێت لە ئاست بێدەنگی حکومەت و هێرشی دەوڵەتانی دراوسێ.

"حکومەت ڕێگە خۆشدەکات بۆ هاتنە ناوەوەی دەوڵەتانی دراوسێ"

ئیمان ئەحمەد، وەک ژنێکی گەنج پێی وایە: ئەمە جگە لە یاریەکی سیاسی هیچی دیکە نییە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتی لە هەوڵە داگیرکارییەکانی دەوڵەتانی دراوسێ بۆ سەر خاکی کوردستان دەکات.

ت.پ