پەروا عەلی: دەوڵەتانی داگیرکار لە خەمی نەتەوەی کورددا نین
پەروا عەلی، دەربارەی ڕوودانی کارەسات و پشتیوانی لە گەلی کورد دەڵێت: گەلی کورد پێویستە خۆی لە خەمی خۆیدا بێت، نەک چاوەڕوانی دەوڵەتانی داگیرکەر بکات.
شنیار بایز
سلێمانی- کارەساتی بومەلەرزەکەی ٦ی شووباتی باکووری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان، کارەساتێکی سروشتییە بەڵام دەکرا چەندین ڕێکاری توندوتۆڵ بگیرێتەبەر بۆ ڕوونەدانی کارەساتێکی لەم شێوەیە، ئەویش بە تۆکمەبوونی شوێنی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیان و لەگەڵ ڕوودانی کارەساتەکەدا هاوکاریکردنیان لە زووترین کاتدا و بەدەمەوەچوونیان.
هەروەها پاڵپشتیکردنی نەتەوەی کورد لە پرسە نەتەوەییەکاندا هۆکارێکە بۆ ڕێگریکردن لە ڕوودانی کارەساتی لەم شێوەیە، کاتێک کارەساتەکەش ڕوودەدات، پێویستە هەموو تاکێکی کورد خۆی بە بەرپرسیار ببینێت لە ئاستیدا.
"کارەسات لە هەر پارچەیەکی کوردستان ڕووبدات وەک وایە لە پارچەکانی تر بێت"
پەروا عەلی، پەرلەمانتاری خولی پێشووی هەرێمی کوردستان و ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، دەربارەی ئەو ڕەوشەی ئێستا باکووری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستانی تێدایە، ڕوونیکردەوە، ئەو کارەساتەی بەسەر ئەو پارچانەی کوردستاندا هاتووە وەک وایە بەسەر باشووردا هاتبێت، کاتێک یەکێک لە پارچەکانی کوردستان لەژێر دۆخێکی خراپدا دەبن، بێگوومان تەواوی پارچەکان دەگرێتەوە چونکە نەتەوەی کورد یەکێکن.
وتیشی: ئێمە وەک شاندێکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان سەردانی ئەو کەمپینانەمان کردووە کە هاوکاری کۆدەکەنەوە بۆ باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان، هەبوونی کەمپینێکی لەم شێوەیە گرنگە، داوا لە تەواوی خەڵکی باشووری کوردستان دەکەین لەم بارودۆخە نا ئاساییەدا پشتیوانی یەکتربن.
"بوومەلەرزەکە بووە هۆکارێک بۆ مردنی هەزاران کورد"
پەروا عەلی ئاماژەی بەوەدا، بەردەوام نەتەوەی کورد لەژێر ستەمی دوژمنان و داگیرکاریدا بووە، جگە لەوەش سروشتیش بووەتە هۆکارتێک بۆ ئەوەی دووبارە گەلی کورد لەناوبچێت، ئەم کارەساتە گەورەیە هی ئەوە نییە گەلی کورد بێ هەڵوێست بێت، بەڵکو پێویستە هەموو تاکێک وەک ئەرکێک تەماشای بکات، هەست بە بەرپرسیارێتی بکات لە ئاستیدا، بە هەر شتێک بێت هاوکاری خۆی پێشکەش بکات.
پەروا عەلی ئەوەشی خستەڕوو یەکبوونی نەتەوەی کورد لە پرسە نەتەوەییەکاندا یەکێکە لە گرنگترین خاڵەکان بۆ گەلی کورد، "ڕاستە نەتەوەی کورد پارچە پارچە کراوە، بەهۆیەوە حزب و لایەنی جیاواز، بیرکردنەوە و زمانی جیاوازیان هەیە، بەڵام ئەوەی کوردی بەیەکەوە بەستووەتەوە پرسی نەتەوایەتییە، بۆیە گرنگە هەموو حزبەکان ئایدۆلۆژیای حزبەکانیان لابەن لە هەر پارچەیەکی کوردستاندا بێت".
"پرسی نەتەوەی بۆ گەلی کورد گرنگترین پرسە"
پەروا عەلی پێیوایە ئەگەر نەتەوەی کورد یەک دەنگ و یەکگرتوو بێت هیچ هێز و داگیرکارییەک ناتوانێت تێکی بشکێنێت، بەڵکو دەتوانن پێکەوە یەک ئامانج و پەیامیان هەبێت، بەڵام پەرتپەرتبوونی پارچەکانی کوردستان و لە ناویاندا هەبوونی حزب و لایەنە جیاوازەکان وایکردووە نەتەوەی کورد هەڵوەشاو بێت، بەم شێوەیە داگیرکەر دەتوانێت هێرش بکات، بۆیە پرسی نەتەوەیاتەی گرنگترین پرسە بۆ نەتەوەی کورد تا بتوانێت ڕووبەڕووی دوژمنە هەمەجۆرەکانی ببێتەوە، وتیشی: پێویستە تاکی کورد و حزبە سیاسییەکانیش لەگەڵ ئەوەی جیاوازن لە بیرکردنەوە و سیاسەتەکانیدا لە کاتی بوونی کارەسات و کێشە سیاسیەکاندا پلانی خۆیان هەبێت، بە یەکگرتوویی ڕووبەڕووی کێشەکان ببنەوە.
"دەوڵەتە زلهێزەکان هێندە گرنگی بە هاونیشتیمانیانی خۆیان دەدەن گرنگی بە نەتەوەی کورد نادەن"
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا پەروا عەلی ڕوونیکردەوە، گەلی کورد نەیتوانییوە ببێتە خاوەنی خۆی، بۆیە دەبینرێت جیاوازی هەیە لە ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانی تێیدا دەژین، جیاوازی دەوڵەتان هەیە لە گرنگیدان بە نەتەوەی خۆیان و بە نەتەوەی کورد، چونکە هەندێک لەو ناوچانەی بوومەلەرزەکە تیایدا ڕوویدا تا ئێستا هیچ لایەنێک نەچووە بە هانایانەوە، یاخود لە کاتێکی هێندە درەنگدا چوون کە بەشی زۆریان گیانیان لەدەستداوە.
وتیشی: دەوڵەتە زلهێزەکان ئەوەندەی خەمی هاونیشتیمانیانی خۆیانن لە خەمی کورددا نین، بۆیە ئەگەر نەتەوەی کورد بە یەکگرتووی هەوڵی بدایە بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆی و بونیادنانی وڵاتێکی سەربەخۆ، بێگوومان دەیانتوانی بگەنە ئامانجەکانیان، چونکە تەواوی خاکی نەتەوەی کوردستان وەک زێڕ وایە هێندە بەنرخە داگیرکەران بە درێژایی مێژوو چاویان تێبڕیوە.
لە کۆتایدا وتی: هاوکاریکردنی دوژمنان لەلایەن بەشێک لە کوردان بووەتە هۆکارێک بۆ پەرتپەرتبوونی گەلی کورد، یەکنەبوون لە پرسە نەتەوایەتییەکاندا گەلی کوردی گەیاندووەتە ئەم دۆخەی ئێستا، داواکارم کورد چیتر بێدەنگ و هەڵوێست نەبێت، یەکگرتوو بن لە پێناو سەرنەگرتنی پلانی دوژمنان.