"ئامانجی سەردانی دەوڵەتە زلهێزەکان بۆ عێراق داگیرکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە ڕێگەی عێراقەوە"
چرۆ شوانی دەڵێت: ئەنجامی بەرپەرچدانەوەیەی هاوڵاتیان بۆ سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق، دەگەڕێتەوە بۆ داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا و هێرش و شەهیدکردنی هاوڵاتیان" .
هێلین ئەحمەد
سلێمانی- تاکە بەربەستێک لە بەردەم داگیرکاریەکانی تورکیا وەستابێتەوە گەریلاکانی ئازادی و گەلی وڵاتیپارێزی کوردە، سەردانی دەوڵەتی تورکیا بۆ باشووری کوردستان و عێراق لە ماوەی ڕابردوودا، وەک ئاماژەی پێدراوە بۆ بەرەوپێشبردنی تواناکانی وزە و ئابووری و پرسەکانی کورد بووە، سەرەڕای ئەوەی پەدەکە فەرشی سوری بۆ ڕاخست و لە پشتییەوە ئامانجی داگیرکردنی خاکی باشووری کوردستان بوو، بەڵام لەلایەن گەلەوە ناڕەزایەتی لە بەرامبەر نیشاندرا و دەوڵەتی تورکیاش نەیتوانی ئەو ئامانجەی هەبوو بە ئاسانی بەدەستی بهێنێت.
"دەوڵەتی تورکیا بە هێرشی درۆنی ناوچە سنوریەکانی هەرێمی کوردستان بۆردوومان دەکات
چرۆ شوانی، ئەندامی دەستەی بەڕێەربەری تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، باس لەوەدەکات، وڵاتان بۆ پێشوازی کردن شاند و سەرۆکی وڵاتێکی دیکە ئامادە کاری دەکەن، سەردانی تورکیا بۆ عێراق لە چوارچێوەی پڕۆتۆکۆڵی هەموو وڵاتانی دیکە بوو، بەڵام لە هەرێمی کوردستان زیادەڕوەی تێدا کرا کە تێیدا بچووک کردنەوەی هەرێمی کوردستان بوو بۆ دەوڵەتێکی داگیرکەر، هەروەها ئەو بەرپەرچدانەوەیەی لەلایەن هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانەوە بینرا، هەڵوێستێکی توند بوو بۆ دەسەڵاتداران و ئەو شێوازە پێشوازیەی ئەنجامدرا، دەشڵێت: ئەنجامی ئەو بەرپەرچدانەوەیەی هاوڵاتیان هەیانبوو دەگەڕێتەوە بۆ داگیرکاری دەوڵەتی تورکیاو هێرشەکانیان بە بەردەوامی بۆ سەر هەرێمی کوردستان، وەک دەزانین ڕۆژانە دەوڵەتی تورکیا بە هێڕشی درۆنی ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان بۆردوومان دەکات و گەنجەکانمان شەهید دەکات، بۆیە گەنجان و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەرپەرچدانەوەی توندیان هەبوو لە سەردانیەکەی دەوڵەتی تورکیا، هەروەها لە دژی هاتنەکەی ئەردۆغان هاوڵاتیان و چالاکوانان بڕیاریاندا یەک هەڵوێست بن.
لە درێژەی قسەکانیدا چرۆ شوانی دەڵێت: هاتنی داگیرکاران بێگومان ئاشووبی بەدواوە دەبێت، بۆیە پیویستە ئێمەی خەڵکی باشوور هەڵوێستی توندمان هەبێت بۆ ئەو جۆرە سەردانانەی ئەنجام دەدرێت، هەروەها هاوڵاتیان و لایەنە پەیوەندیدارەکان هەڵوێستی توندمان هەبێت بۆ هاتن و داگیرکردنی خاکی باشووری کوردستان.
"دەوڵەتانی زلهێز ئامانجیان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە"
چرۆ شوانی، باسی لەوەکرد، داخوازی دەوڵەتی تورکیا بۆ عێراق بەشداری هێرشەکانیانە لە ڕێگەی هێزی سەربازیەوە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان، بارودۆخی ئێستای عێراق لە ئاستێکدایە ناتوانێت ملکەچی فەرمانەکانی دەوڵەتی تورکیا بێت، "فشارەکانی ئەردۆغان بۆسەر عێراق ئەوەبوو تا پارتی کرێکارانی کوردستان بخاتە لیستی تیرۆرەوە. بەڵام ئەم پلانەیان سەری نەگرت، ئەگەر عێراق پەکەکە بخاتە لیستی تیرۆرەوە دەبێت بەپێی دەستوور دژایەتیان بکات، بەڵام عێراق نەچووە ژێر داخوازیەکانی تورکیاوە، بە هەمان شێوە سەردانیکردنەکانی ئەمجارەی دەوڵەتی تورکیا دیسانەوە بۆ هێرشکردنە سەر پارتی کرێکارانی کوردستانە، بەڵام ئەردۆغان نەیتوانی بە مەرامە سیاسیەکانی خۆی بگات.
لە کۆتاییدا وتیشی: دەوڵەتانی زلهێز ئامانجیان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، دەروازەی هاتنە ناوەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دەگەڕێتەوە بۆ عێراق، بۆیە دەوڵەتانی زلهێز بەردەوام هەوڵیانداوە ئاشتی و ئارامی بەرقەرار نەبێت لە ناوچەکەدا تا بە مەرامەکانی خۆیان بگەن، هەروەها عێراقیش لە دۆخی سیاسیی و ئابووری خراپدایە، ڕۆژانە بە درۆن هێرش دەکرێتە سەر ناوچە سنووریەکانی عێراق، لە ماوەی چەند ڕۆژێکی ڕابردوودا هێرشکرایە سەر کۆرمۆر کە ناوەندی بەرهەمهێنانی غاز و کارەبای عێراق بوو، بەڵام تا ئێستا زانیاری لەسەر هێرشەکە کە لەلایەن چی دەوڵەتێکەوە بووە ڕانەگەیەندراوە، هەموو ئەمانەش دەگەڕێتەوە بۆ هەبوونی کاریگەری دەوڵەتی زلهێز بۆ سەر عێراق و ڕەنگدانەوەی داگیرکاریەکانیانە.